کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەسەد چراغی شاعیری کوردی ناوچەی کرماشان کۆچی دوایی کرد

20:55 - 25 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: مامۆستا ئەسەد چراغی، شاعیر و هونەرمەندی فەرهەنگیی کورد رۆژی یەکشەممە ٢٤ی خاکەلێوە لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لە شاری کر‌ماشان کۆچی دوایی کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستانی میدیا، ئەسەد چراغی لەدایکبووی ساڵی ١٣٠٩ی هەتاوی لە گوندی \'\'کانی شەریف\'\'ی سەربە شاری کرماشانه و یەکێک لە شاعیرانی ناسراوی کوردە کە بە زاراوەی کەڵوڕی گەلێک شیعری هۆنیوەتەوە.
لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی ئەو شاعیرە کوردە دەتوانین ئاماژە بە دوو شێعری کرماشانەگەم ئەی خاک دێرین و خوەیشکە خاسەگەم کراس کوردی پووش ناو بەرین کە لەلایەن هونەرمەندانی ناسراو و گەورەی کوردەوە کراون بە گۆرانی.
ئەسەد چراغی لەپەنای شێعر گوتندا هۆگرییەکی لەرادەبەدەری بە کار و پیشەی دەستکردی خۆماڵی و ئاسەواری فەرهەنگیی کوردی دەڤەری کرماشان هەبوو و لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا لەم بارەوە چەندین پیشانگاشی کردبۆوە.
تەرمی ناوبراو رۆژی سێ‌شەممە بە بەشداریی جەماوەی کرماشان و بەتایبەت ئەدیبان و هونەرمەندانی کورد لە زێدی لەدایک بوونی لە گوندی کانی شەریف بە خاکی دەسپێردرێ.