کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری شەڕ لە نێوان ڕوسیە و تورکیە بەهێزتر دەبێت

15:12 - 5 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا سەبارەت بە بەهێزبوونی ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ لە نێوان تورکیە و ڕوسیە هۆشداری دا.

ڕۆژنامەی ئیسڕائیلی ئورشەڵیم پۆست لە زاری فێدریکا موگێرێنی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا بڵاوی کردەوە؛ ئێمە بەردەوام ئاماژە بە شەڕێکی نیابەتی لە سوریە دەکەین کە لە نێوان وڵاتانی ناوچەدا ڕوو دەدات بەڵام دەبێ ئەوەشمان لە بیر بێت کە مەترسی شەڕێکی گەورەتریش بوونی هەیە.

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا بۆ کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارلمانی ئورووپا گوتوویەتی: من ترسم لە شەڕی سارد نییە بەڵکوو لە شەڕێکی گەرم دەترسم کە ئەگەری هەیە لە نێوان ٢ وڵاتی ڕووسیە و تورکیەدا ڕوو بدات.

لە کۆتاییەکانی مانگی سێپتامبری ڕابردوودا، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسیە بەبیانووی شەڕ لەگەڵ هێزە بناژۆخوازەکان، هاوشانی هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، تێکەڵ بە شەڕی سووریە بوون و دواتر دەرکەوت کە ئەم هەوڵەی ڕووسیە بۆ پشتیوانی کردن لە بەشار ئەسەدە و ئەو کەسانەی کە دەکرێنە ئامانج دژبەرانی ئەسەدن.

ئامریکا و ئۆروپا کۆمەڵێک گەڵاڵەیان بۆ ڕاگرتنی تووندوتیژییەکان لە سوریە هێناوەتە بەرباس کە بڕیارە لە ڕۆژی شەممەوە بخرێنە بواری جێبەجێ کردنەوە.