کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوکراینا لە نێو گەمەیەکی گەورەتری نێودەوڵەتیدا؟

18:04 - 9 گەلاوێژ 2722

عەزیم ئەلیاسی

ئەو شەڕەی کە ڕووسیە چەند مانگ لەمەوبەر لە دژی وڵاتی ئوکراینا دەستی پێکرد و زۆرێک لە خاوەن نەزەرانی سەربازی و تەنانەت دەوڵەتەکانیش پێیان وابوو تەنها چەند ڕۆژ یان حەوتوو دەخایەنێ و ڕووسیە ئەو وڵاتە بە تەواوی داگیر دەکات، وا چەند مانگی تێپەڕاند.

ئەم شەڕە بۆ ڕووی دا؟ دەکرا پێش بە هەڵگیرساندنی بگیردرێ؟ دەرئەنجامەکانی دەتوانن چ بن؟

ئەمە بەشێک لەو پرسیارانەن کە لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەم بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە بەر دەستدان لێکدانەوەیان بۆ بکەم و تا ئەو جێگایەی لە تواناییمدا بێ، بەرچاوڕوونییەک بە خوێنەران بدەم. ئەم شەڕە تەنها شەڕی نێوان دوو وڵات نییە و بێگومان کاریگەرییەکانیشی لە سەر تەنها ئەو دوو وڵاتە نابێ و بگرە پریشکی دەتوانێ بەر هەموو وڵاتان و گۆی زەوی بکەوێ. بۆیە بۆ لێکدانەوە و وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەش پێویستە باسی زۆر فاکتەر بکرێ کە هەر یەکە و بە شێوەیەک ڕۆڵیان لەم شەڕەدا هەیە. ئەکتەر و ڕۆڵگێڕە سەرەکییەکانی ئەم ئاڵۆزییە بریتین لە ئامریکا، ڕووسیە، یەکیەتیی ئورووپا، ناتۆ و چین. جگە لەمانەش، زۆر وڵاتی ناوچەکە و جیهان بیانهەوێ یان نا، لەم ئاڵۆزییەدا تێوە گلاون یان تێوە دەگلێن.

ڕووسیە پاش کشانەوەی لە ئەفغانستان لە ساڵی ١٩٨٩دا، جگە لە شەڕی چچن، لە شەڕێکی ئەوتۆوە تێوە نەگلاوە کە هەزینەیەکی قورسی ئابووری و سەربازیی بۆ هەڵگرتبێ. بە هەمان شێوە، وڵاتی چینیش لەو ماوەیەدا خۆی لە تێوەگلان لە شەڕێکی لەو چەشنە پاراستووە. لەم ماوەیەدا، ئامریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی لە ناتۆ، بە لانیکەمەوە لە چەند شەڕی قورسەوە وەک شەڕی ئەفغانستان، عێراق و لیبی تێوەگلاون و جگە لە زیانە گیانییەکان، تێچووگەلێکی زەبەلاحی ماڵی و ئابوورییان بەرکەوتووە. ڕووسیە بە حوکمی ئەوەی خاوەنی ڕێژەیەکی بەرچاوی گازی سروشتی، نەوت، خەڵووزی بەرد و زۆر کانگای دیکەیە، بەشێکی بەرچاوی بازاڕەکانی وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا و ئەندامانی هاوپەیمانیی ناتۆی لە پێوەندی لەگەڵ ئەم پێداویستییانەدا گرێدراو (بەستراوە) بە خۆی کردووە. بە شێوەیەک ٤٥٪ی هاوردەی گازی سروشتیی ئەم وڵاتانە لە ساڵی ٢٠٢١دا لە ڕووسیەوە بووە. ٢٥٪ی هاوردەی نەوتی ئەم یەکیەتییە هەر لە ڕووسیەوە بووە. دیارە لەم دە ساڵەی دواییدا نەختێک ڕێژەی ئەم هاوردەیە دابەزیوە. هاوردەی خەڵووزی بەرد لە ڕووسیەوە بۆ یەکیەتیی ئورووپا ساڵانە بە بڕی ٧٠ میلیارد کرۆنی نۆرویژییە. تەنها کڕینی گازی سروشتی لە ڕووسیەوە بە بڕی لە نێوان ٢.٥ بۆ ٩.٥ میلیارد کرۆنی نۆرویژی ڕۆژانە هاوردەی ئەم یەکیەتییە دەکرێ. وڵاتانی نێو ئەم یەکیەتییە شتومەکی زیاتریش لە ڕووسیەوە هاوردە دەکەن و بێگومان لە بەرانبەریشدا بازاڕی خۆشیان لە ڕووسیە هەیە و بە شێوەیەک هەناردەشیان هەیە بۆ ئەو  وڵاتە. لە ڕیزبەندی ئەو دە وڵاتەی یەکەم کە ڕووسیە شتومەکیان بۆ هەناردە دەکات، پێنجیان لە وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپان. لە بەرانبەردا ڕووسیە یەک لەو دە وڵاتەی یەکەم کە شتومەکی وڵاتە گەورەکانی ئورووپایی هاوردە دەکەن نییە. لە لایەکی دیکەشەوە، ئەو کاڵایانەی کە یەکیەتیی ئورووپا لە ڕووسیەوە هاوردەی دەکەن زۆرتر کاڵاگەلێکی زەرووری و پێویستی ڕۆژانەن و هەر کات گرفتێک لە هاوردەکردنیان دروست بێ، بێ سێ و دوو، کاریگەرییان لە سەر ژیانی دانیشتوانی ئەم یەکیەتییە دەبێت.

چین وەک وتمان خۆی لە شەڕ بە دوور گرتووە و زیاتر خۆی بە پەرەپێدانی بواری پێشەسازی، تەکنۆلۆژی، سەربازی و ئابوورییەوە سەرقاڵ کردووە. بە جۆرێک ئێستا بەشێکی بەرچاوی بازاڕەکانی ئابووریی وڵاتانی ئاسیا و ئافریقای داگیر کردووە و تەنانەت خەریکە کاریگەریی خۆی لە سەر بازاڕەکانی ئورووپا و ئامریکاش دادەنێ. بۆ وێنە چین لە سالی ٢٠١٩دا بە بڕی زیاتر لە ٤١٨ میلیارد دۆلار هەناردەی بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا هەبووە بەڵام لە بەرانبەردا ئامریکا تەنها نیزیکەی ١٠٧ میلیارد هەناردەی بۆ چین هەبووە. یانی یەک لە چواری ئەوەی چین.

وەک دەزانن، بۆ ئەوەی وڵاتێک لە باری ئابوورییەوە هاوسەنگیی مامەڵەکردنی هەبێ، پێویستە کۆی گشتیی هەناردەی ساڵانەی زیاتر لە هاوردە بێ، ئەگینا هاوسەنگییەکەی ناهەموار یان نەرێنی دەبی و ئەمەش بارودۆخێکی نەگونجاوە. لە لایەکی دیکەوە، وەک دەبینین ئەوەی زیاتر بەو پێوەندییە ئابورییەوە بەستراوەیە، وڵاتی چینە کە زیاتر هەناردە دەکات و لە ئەگەری ئاستەنگکردنی هەناردەکە لە لایەن ئامریکاوە، چین بە ٣ بەرانبەری ئامریکا زیانمەندتر دەبێ.

لەم ساڵانەی دواییدا هەست بەوە دەکرا  کە ناکۆکییەک لە نێوان هێندێک لە وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکادا هەیە، بە شێوەیەک بیرۆکەیەک لە نێو هێندێک لە وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا دەبیسترا  و باس لە هاوپەیمانییەکی سەربازی لە دەرەوەی ناتۆ دەکرا. بابەتی سیخوڕیکردنی ئامریکا بە سەر هێندێک لە سەرۆکی وڵاتە هاوپەیمانە ئورووپاییەکانی و بە تایبەتی ئانجیلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری ئاڵمانیا، لە کاتی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترامپدا، ڕەنگە نیشانەی نیگەرانیی ئامریکا لەم ناکۆکییە بووبێ کە دیارە ناکۆکییەکانی زیاتر کرد. ئەمە وێڕای ئەوەی کە هێندێک لەم وڵاتانە زۆر بە قورسی گرێدراو بە هاوردەی وزە و سووتەمەنیی خۆیان لە ڕووسیەوە بوون.

ئامریکا کە سەرپەرەستیی شەڕی ئەفغانستان و ئێراقی لە ٢٠٠١ و  ٢٠٠٣دا کردبوو، لە ژێر گوشاردا بوو و وەک ئەوەی پێشبینی کرابوو، وادیارە بۆی نەدەچووە سەر. ڕووسیە لە ڕێگای ئێرانەوە ئامریکای لە عێراق تەنگاو کرد و ناچاری کرد پاشەکشە بە هێزەکانی بکات. بە جۆرێک ئەوەی ئێستا لە سەر عەرز حوکمی عێراق دەکات ئێران و هێزەکانی سەر بە بەرەی ئێرانن. ئامریکا وەک هێزی یەکەمی جیهان، ئەگەر بیهەوێ وەک خۆی بە بە‌هێزی بمێنێتەوە، پێویستە پلانی دیکەی هەبێ، ئەگەر نا ئەو داگیرکارییانەی بە شێوەی پێشوو، وەڵامدەر نابن. بە دەرس وەرگرتن لەو هەڵانە، لە کێشەی سووریە، زۆر تێوە نەگلا و  بەو حاڵەش بەشێکی بەرچاوی خاکی ئەو وڵاتە، واتە ڕۆژاوای کوردستانی خستۆتە ژێر دەستی خۆی.

بابەتی داواکاریی ئوکرایناش بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی ناتۆ، بابەتێکی جێگای مشتومڕی دەیان ساڵەیە. ئەم بابەتە مامەڵەی زۆری پێوە دەکرا. ئامریکا و هێندێک لە وڵاتانی ناتۆ وەک فشارێک لە سەر ڕووسیە بەکاریان دەهێنا و حازریش نەبوون ئەندامەتی ئەو  وڵاتە بە شێوەیەکی جیدی تاوتوێ بکەن. هێندێک لە وڵاتانی دیکەی ئەم هاوپەیمانییە، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە بە قورسی گرێدراوی هاوردەی وزەی ڕووسیە بوون، وەک ئاڵمان، ئیتالیا و هوڵەند و تەنانەت فەرانسەش، وا دەردەکەوتن کە لە بەرانبەر ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ڕووسیە دەتوانن چاوپۆشی لە ئوکراینا بکەن. ئەمە، وێرای هێندێک ناکۆکی و تەنانەت گەندەڵی لە ئاست دەسەڵاتدارانی ئوکراینا و هەروەها بوونی دەرسەدێکی بەرچاو  ڕوسی زمان لە هێندێک ناوچەی ئوکرانیا وەک جەزیرەی کریمە و دۆمبوس، دەسەڵاتدارانی مۆسکۆیان بەرەو هەڵگیرسانی ئەم شەڕە هان دەدا.

وێڕای هەموو ئەمانە، ڕووسیە هەر لە پاش جیابوونەوەی ئوکراینا لە یەکیەتیی سۆڤیەتی ئەوکات لە ساڵی ١٩٩١دا، لەگەڵ ئەم جیابوونەوەیە ناکۆک بوو. ئەو بیرۆکەیەی کە ئوکراینا بەشێکە لە ڕووسیە هەمیشە لە نێو خەڵک و کاربەدەستانی ڕووسیەدا بەهێز بووە. ئوکراینا کە پاش ڕووسیە، گەورەترین وڵاتی ئورووپایە، بە یەکێک لە پێنج وڵات یان ناوچەی کلیدیی جیهان حیسابی بۆ دەکرێ و لە ١٩٩٤دا سێهەم وڵاتی گەورەی ناوکیی (ئەتۆمیی) جیهان بوو. دیارە بەپێی پلانێک، لە هەمان ساڵدا واتە ١٩٩٤، لە بەرانبەر ئەوەی ڕووسیە، ئامریکا و بریتانیا زەمانەتی پاراستنی سنوورەکانیان پێ دا، دەستهەڵگری جبەخانەی ناوکیی خۆی بوو.

لە ساڵی ٢٠١٤دا پاش ئەوەی خۆپێشاندانەکان لە دژی سەرۆککۆماری ڕووسیزمانی ئەو کاتی ئوکراینا، ڤیکتۆر فیودۆرۆڤیتسی یانوکۆڤیتس (Viktor Fjodorovitsj Janukovits) کە لایەنگری ڕووسیە بوو گەیشتە چڵەپۆپەی خۆی و چەند کەسیان لێ کوژران، پارلەمانی وڵاتەکە ناوبراوی لە سەر کار لابرد و بە هاوکاریی ڕووسیە لە وڵات هەڵات. ڕووسیزمانەکانیش بە تایبەتی لە جەزیرەی کریمە بە پشتیوانی لە ناوبراو دەستیان دایە دژکردەوە و ڕووسیەش هێزی پشتیوانی بۆ ناردن و لەو کاتەوە ئەو جەزیرەیە لە کۆنترۆڵی ڕووسیەدایە.

ئێستا کە نزیک بە هەشت ساڵ بە سەر ڕوداوەکانی ئەوکاتی ئوکراینا و کێشەی جەزیرەی کریمەدا تێدەپەڕێ، ڕووسیە لەو باوەڕەدا بوو کە دەکرێ هەموو خاکی ئوکراینا داگیر بکات و وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا و ناتۆش نەک کاردانەوەیەکی ئەوتۆیان نابێ، بگرە لەوانەیە ئەو درزەی کە کەوتبووە نێوان هێندێک لە وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکاوە، گەورەتریش بکات. ئامریکاش لە لای خۆیەوە ساڵانێک بوو کاری لە سەر ئەوە دەکرد کە ڕووسیە لە کێشەیەکەوە تێوەبگلێنێ و هاوکات وڵاتانی ئورووپاییش یەکگرتووتر بکات، یان وەک بیروبۆچوونی خۆم زیاتر بیانخاتە ژیر هەژموونیی خۆیەوە و پێیان بڵێ ئەگەر من نەبم، ئەو کات بە تەنها لە بەرانبەر ڕووسیەی خاوەن هەزاران کڵاوەی ناوەکی هیچتان پێ ناکرێ. بۆ ئەم مەبەستە ئوکراینا لە لایەن ئامریکاوە کرا بە گۆشتی دەم ئەو قولابەی کە کابرای ماسیگر بۆ ڕاوکردنی ماسی بەکاری دێنێ. کاتێ هەڕەشەکانی ڕووسیە لە ئوکراینا توندتر بوون، ئامریکا ڕایگەیاند ئێمە بە هیچ شێوەیەک دەستێوەردانی نیزامی (سەربازی) ناکەین و تەنانەت ڕاشیگەیاند کە ڕووسیە لە فڵانە ڕێککەوتدا هێرش دەکاتە سەر ئوکراینا. ئەوەبوو لە ڕێکەوتی ٢٤ی مانگی ٢ی ٢٠٢٢دا ڕووسیە هێرشی کردە سەر ئوکراینا. وەک باس کرا ئەو شەڕەی کە چاوەڕێ دەکرا کە تەنها چەند ڕۆژ یان حەوتوو بخایەنێ و ڕووسیە ئەو وڵاتە بە تەواوی داگیر بکات، خەریکە بۆ پێنج مانگ دەبێ بەردەوامە. هەر پاش دوو سێ ڕۆژ لە دەسپێکی شەڕەکە، هێندێک لە وڵاتانی ناتۆ ڕایانگەیاند کە ئامادەن بە ناردنی چەکوچۆڵ یارمەتیی ئوکراینا لە دژی ڕووسیە بدەن و تا دەهات ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە ئامادە بوون هاوکاریی چەكوچۆڵی بۆ ئوکراینا بنێرن زیادی دەکرد. ئەمە ڕووە ئاشکراکانی ئەو هاوکارییەیە بەڵام من لەو باوەڕەدام کە دەیان ساڵە یان لانیکەم لە پاش ٢٠١٤وە چەکوچۆڵی پێشکەوتووی ناتۆ بە کارناسی خۆشیانەوە لە ئوکراینا بوونیان هەبووە و لەو کاتەوە ئامادەکارییان بۆ ئەم شەڕە دەست پێ کردووە. تا ئێستا کە نیزیک پێنج مانگ لەو شەڕە تێدەپەڕێ، ڕووسیە لە لێکدانەوەکەیدا سەرکەوتوو نەبووە. ئەو شەڕەی کە وا بیریان دەکردەوە کە تەنها چەند ڕۆژ بخایەنێ، چەند مانگی تێپەڕ کردووە. ئەمە زیانێکی زۆری مرۆیی و ئابووریی بۆ ڕووسیە بە دواوە هەبووە. لە لایەکەوە ئەو وڵاتەی ڕووبەڕووی سزاگەلێکی ئابووریی قورس کردۆتەوە و لە لایەکی دیکەوە وڵاتانی ناتۆ ی یەکگرتووتر کردووە. جگە لەوە، سوید و فینلاندی ناچار کرد بۆ ئەندامەتی لە ناتۆ، داواکاری پێشکەش بکەن و بەم جۆرە هاوپەیمانیی ناتۆی تا ئێستا بەهیزتر کرد. ئەوە کە ناتۆ بەم شێوە بەهێزییە و یەکگرتووییە دەمینێتەوە، داهاتوو ڕوونی دەکاتەوە، بەتایبەتی ئەو کاتەی کارتەکانی وزەی ڕووسیە لە بڕینی گازی سروشتی و نەوت بە تایبەتی لە زستاندا ئەگەر بێت و بە کار ببرێن.

ڕووسیەش لەوانەیە ئیستا تێگەیشتبێ کە ئەو بارودۆخە لە بەرژەوەندیی ئەو کۆتایی نایەت و زۆر بە قورسی و خراپی لە شەڕێکی کوشەندەوە تێوە گلاوە. تەنانەت ئەگەریش بتوانێ ئەو وڵاتە بە تەواوی داگیر بکات، ئەوا دەبێتە ویێتنامێکی نوێ بۆ ڕووسیە، چونکە ناتۆ ئەوەی دەوێ. بۆیە بژاردەی ڕووسیە ئەوەیە یان ئەوەتا بەو زیانانەوە کە تا ئێستا پێی گەیشتووە کە زۆر تاقەتپڕووکێنن، بکشێتەوە، یان بەردەوام بێ تا قورستر لەو زەلکاوە گیر دەخوات و زۆر سەروەریی دیکە لە دەست دەدات، یان ئەوەتا خۆی و کۆمەڵگەی بەشەریی دەخاتە بەردەم لەناوچوون.

لەم نێوەدا، ئەو زیانە ئابووری و گیانییانەی کە وەبەر ڕوسییە دەکەون، دەتوانن ببنە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ئەتۆمی و جیهان بەرەو چارەنووسێکی یەکجار مەترسیدار ببەن. بۆیە ئەو پاڵەپەستۆیانەی لە لایەن ناتۆوە دەخرێنە سەر ڕووسیە، پێویستە زۆر بە وردی لێکدانەوەیان بۆ بکرێ. ئەگینا دەکرێ دەرئەنجامەکانی ئەو پاڵەپەستۆیانەی لە پاش شەڕی یەکەمی جیهانی خرانە سەر ئاڵمانیا، لێرەش دووپات ببنەوە و زیانەکانی بۆ جیهان و کۆمەڵگەی بەشەری قەرەبوونەکراو  بن.

لە لایەکی دیکەوە زیانە ئابوورییەکانی ئەم شەڕە بەر نیزیک هەموو وڵاتانی جیهان کەوتووە، بە جۆرێک بۆ وێنە نرخی وزە و سووتەمەنی لە ئورووپا و ئامریکا لە پاش دەستپێکی شەڕەکەوە، زۆر بەرز بۆتەوە. بەپێی لێدوانێکی وەزیری وزەی ڕووسیە، ئەلکساندر نۆڤاک

(Alexandr Novak)، وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا پێویستییان بە پێنج تا دە ساڵ دەبێ بۆ ئەوەی جێگرەوی وزەی ڕووسیە پەیدا بکەن. ئێستا کە ئەم یەکیەتییە خەریکە هاوردەی وزەی ڕووسیە ئاستەنگ بکات، دەبێ چاوەنواڕی دەرئەنجامی زیاتری ئابووری و سیاسی بین و قەبارەی ئەو  زیانانە زۆر ناڕوونن. بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە، جیهانی پاش دەستپێکردنی ئەم شەڕە، بە هیچ شێوەیەک ناگەڕێتەوە بۆ پێش ڕووداوەکە و کاریگەرییەکانی هەم لە بواری ئابووری و هەمیش لە بواری سیاسی دەتوانن زۆر قورس بن.

هەرێمی کوردستان بە عێراقەوە، ڕۆژاوای کوردستان، ئێران، ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، ئەو شوێنانەن کە زۆرترین چاویان لە سەرە و دەتوانن وەک جێگرەوەی وزەی ڕووسیە لەبەرچاو بگیردرێن. لە کاتێکدا کە ڕووسیە بە شەڕی ئوکرایناوە سەرقاڵ کراوە، وادیارە وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەرفەتی زیاتریان بۆ دەڕەخسێ کە جێپێی خۆیان زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهێزتر بکەن. بەڵام چاوی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بەتایبەتی ئامریکا زیاتر لە سەر وڵاتی چین دەبێ. بە باوەڕی من، مەسەلەی چین بۆ ئامریکا وەک نەهەنگە و ڕووسیەش وەک ماسی، بۆیە سەرەڕای ئەوەی جیهان بە شەڕی ڕووسیە و ئوکرایناوە سەرقاڵە، کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێژمۆنیی چین لە ناوچەکە و جیهان دەکرێ. لێکدانەوەی من ئەوەیە کە ئامریکا دەیهەویست ڕووسیە ئوکراینا داگیر بکات و ئەم بۆچوونەش کاتێک زیاتر بەهیز بوو کە جەو بایدن، سەرۆککۆماری ئامریکا، داوای لە زلنسکی، سەرۆکی ئوکرانیا، کرد کە ئامادەیە ئوتومبیلی تایبەتیی بۆ بنێرێ و لە ئوکرانیا دەربازی بکات. ئامریکا دەیهەویست ئەو بارودۆخەی کە لە کاتی داگیرکردنی ویێتنامدا بۆ خۆی هاتبووە پێش، بۆ ڕووسیەی بڕەخسێنێ. پاش ئەوەی ڕووسیەی لە بارودۆخێکی ئەوتۆوە تێوەدەگلاند، نەختێک ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ چین ئاسانتر دەبوو.

تورکیا ساڵانێکی زۆرە، سەرەڕای ئەوەی ئەندامی ناتۆیە، کە چی بۆ وڵاتانی ناتۆ بۆتە هەڕەشە و کەمترین هاوکاریی وڵاتانی ئەندام لەم هاوپەیمانییەدا دەکات. هەر لە شەڕی ڕووخانی رێژیمی سەدامەوە بگرە تا مەسەلەی هاتنی پەنابەران بەرەو ئورووپا، ئەم هاوکاری نەکردنە بینراوە. بۆیە قاچێکی لەگەڵ ڕووسیەیە و قاچەکەی دیکەی لە ناتۆ. لەم گەمەیەشدا تا ئێستا ئیمتیازی باشیان پێ داوە و بۆی چۆتە سەر. وای بۆ دەچم، دوا ئیمتیازی ئامریکا و ئورووپا بە تورکیە، ڕۆژاوای کوردستان بێ. لەگەڵ ئەوەی کوردانی ڕۆژاوا دەبنە قوربانی، ناتۆ تێدەکۆشێ لە سووریەدا، تورکیە لە کێشەیەکەوە لەگەڵ ئەو وڵاتە، ڕووسیە و ئێرانەوە تێوەبگلێنێ و بەم جۆرە لە سەر حیسابی کورد، تورکیە تووشی شەڕێک لەگەڵ ئەو وڵاتانە بکەن، ئەمەش وەک سزایەک.

لە کۆتاییدا، ئاڵمانیا وەک سێهەم گەورە وڵات لە بواری ئابوورییەوە خەریکە کار لە سەر وەدەستهێنانەوەی پێگەی سەربازیی خۆی دەکات و ئەوەی کە پاش دەسپێکردنی شەڕی ئوکراینا ڕایگەیاند کە ١٠٠ میلیارد ئەیرۆ بە بووجەی بەرگریی خۆی زیاد دەکات، ئاماژەیە بۆ ئەم ویستە. بەپێی وتەی زۆرێک لە پسپۆڕان، ئەو وڵاتە لە تواناییدایە لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی. ئەوەی کە جیهان ڕێگا بە ئەم وڵاتە دەدا کە جارێکی دیکە ببێتەوە بە خاوەن هێزێکی سەربازیی ئەوتۆ، پرسیارێکە کە داهاتوو وەڵامی دەداتەوە.

ئەم دە ساڵەی لە پێشمانە، زۆر گۆڕانکاریی تێدا دەبێ و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگای ململانێکان دەبێ. ڕووسیە، ئێران و تورکیە پێکەوە، لە بەرانبەریشدا ئامریکا، ئیسرائیل و عەرەبستان دەستیان بە جموجووڵەکانیان کردووە. بڕیار و یارگیریی ئێمەی کورد لەم بارودۆخەدا، پێویستی بە هەستیاریی زۆرە. بەو ئەندازەیەی دەکرێت دەرفەتی نوێمان بۆ بڕەخسێ، دەکرێ ڕووبەڕووی کارەساتیش ببینەوە.

سەرچاوەکان:

World Integrated Trade Solution

Wikipedia

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.