کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمیی بوودجەی ڕێژیمی ئێران گەیشتە هەزار و ٨٠٠ تریلیۆن تمەن

10:58 - 12 خەزەڵوەر 2725

جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بوودجەی مەجلیسی ڕێژیم کەمیی بوودجەی ئەمساڵی ئێرانی بە هەزار و ٨٠٠ تریلیۆن تمەن خەمڵاندووە و پێشبینی ئەوەشی کردووە و هۆکاری سەرەکیی ئەو قەیرانەی بۆ نرخی نەوت و ڕاستییەکانی دۆخی بازاڕ گەڕاندووەتەوە.

ڕۆژی شەممە ١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، هادی قەوامی جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بوودجەی مەجلیسی ڕێژیم بەنیسبەت کەمیی بوودجەوە وتی: "بەدواداچوونەکان دەرخەری ئەوەن کە هەتا ئێستا نزیک بە ٨٠٠ هەزار میلیارد تمەن کەمیی بوودجەمان هەیە و هەتا کۆتایی ئەمساڵ ئەو بڕەیە دەگاتە هەزار و ٨٠٠ تریلیۆن تمەنە کە بەرانبەرە لەگەڵ ٢٥ میلیارد دۆلار".

بە وتەی قەوامی، لە بوودجەی ئەمساڵدا فرۆشتنی نەوت ڕۆژانە یەک میلیۆن و ٨٠٠ هەزار بەرمیل بە نرخی ٦٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مەزەندە کراوە، بەڵام کارکردی شەش مانگی ڕابردوو نیشان دەدات کە تەنیا یەک میلیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل و هەر بەرمیلیش بە ٥١ دۆلار فرۆشراوە و ئەوەش کارتێکەریی ڕاستەخۆی لەسەر کەمیی بوودجە بووە.

بەپێی زانیارییەکانی هەواڵدەریی "ڕویتێرز"، داشکاندنی نرخی نەوت لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ فرۆشتنی بە وڵاتی چین گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە یەک ساڵی ڕابردوو و ئەو داشکانە لە ئاستێکدایە کە لە ئێستادا نەوتی ئێران بۆ هەر بەرمیلێک ٨ دۆلار کەمتر لە نرخی "برێنت" بە چین دەفرۆشرێت و ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو داشکانە لە مانگی سێپتامبردا ٦ دۆلار بووە.

هەروەها لە ڕۆژی ڕابردوودا عەلی مەدەنی زادە وەزیری ئابووریی ڕێژیم، لەبارەی بوودجەی ساڵی ڕابردوو بەبێ ئاماژەدان بە وردەکاریی زیاتر وتی: "دەوڵەت هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ هەتا  بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی بووجە لە چەند ڕێگەیەکەوە، ئەو قەیرانە بگەنێتە لانیکەمیی خۆی".

هەروەها بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی سەندووقی نێونەتەوەیی دراو، نرخی گەشەی بەرهەمهێنانی ناپاقژی نێوخۆیی ئێران لەم ساڵی زایینییەدا گەیشتووەتە ٦ لەسەد و لە ساڵی داهاتوودا ئەو ڕێژەیە هەتا ئاستی کەمتر لە یەک لەسەد و لە ساڵی ٢٠٣٠دا زۆر کەمتر لەو ڕێژەیەش دەبێت.

شایانی باسە نرخی بەرهەمهێنانی ناپاقژی هەر وڵاتێک بە گرینگترین پێوەری تەندروستیی ئابووری بە ئەژمار دێت.