ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە لەژێر سێبەری سیاسەتە ناکارامەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، هەر بنەماڵەیەک زیاتر لە دوو لەسەر سێی داهاتیان بۆ کڕینی پێداویستیی خۆراکی خەرج دەکەن.
نوێترین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕێژیم نیشانی دەدات کە تێچووی دابینکردنی سەوەتەی خۆراکیی ستاندارد بۆ بنەماڵەیەکی چوار کەسی، لانیکەم گەیشتووەتەوە ٦٨.٩ لەسەد و ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئەو ڕێژەیە لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوودا تەنیا ٥٥.٤ لەسەد بووە.
ئەوە بەو واتایەیە کە بنەماڵەکانی ئێستا لانیکەم ١٣.٥ لەسەد زیاتر لە داهاتی خۆیان تەنیا لە کڕینی شتومەکی خۆراکیدا خەرج دەکەن؛ دۆخێک کە کارناسان بە "هەژاریی کالێری" لە قەڵەمی دەدەن و ئەو دۆخە بە مەترسیی جیددیی بۆ سەر تەندروستیی گشتیی کۆمەڵگە دەزانن.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "دنیای ئێقتێساد"ی سەر بە ڕێژیم، نرخی شتومەکی خۆراکی و خواردنەوە کە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٦٤ لەسەد گرانتر بووە، نرخی نان و دانەوێڵە بە هەڵاوسانی نزیک بە ٩٨ لەسەدیی ڕێکۆرداری ئەو هەڵاوسانەیە.
بە وتەی کارناسان ئەو ڕەوتە بۆ بنەماڵەیەکی کەمداهات کارەساتبارە و لە ئەگەری بەردەوامبوونیدا چەندین میلیۆن کەس لەگەڵ کەمیی کالێری و قەیرانی خۆراکیی بەرەوڕوو دەبنەوە.
کارناسانی ئابووری چوونەسەرەوەی نەختینەیی، بەرز و نزمیی نرخی دراو و گەشەی تێچووی بەرهەمهێنانیان وەکوو سەرەکیترین هۆکاری هەڵاوسان زانیوە بەڵام هاوکات لاوازی و ناکارامەیی وەزارەتی کشتوکاڵی ڕێژیم و دەوڵەتی پزشکییان، گوشارەکانیان بۆ سەر سفرەی خەڵکی ئێران چەند قات زیاد کردووە.
هەروەها هەندێک لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم، دەوڵەتی مەسعوود پزشکییانییان بە هۆکاری سەرەکیی هەڵاوسان، گرانیی خانووبەرە و نرخی دراو لە قەڵەم داوە و لاوازیی بەڕێوەبەریی وەزارەتی جیهادی کشتوکاڵی لەمەڕ کۆنتڕۆڵی نرخەکانیان بە ناکارامەیی تەواوی ئەو دەوڵەتە زانیوە.
لە ئەگەری بەردەوامیی ئەو ڕەوتە هەنووکەییەدا، ئێران لەگەڵ قەیرانی بەربڵاوی هەژاریی خۆراک و چوونەسەرەوەی هەژاریی کاڵێری بەرەوڕوو دەبێتەوە و بەم هۆیە چەندین میلیۆن بنەماڵە لە بەرەبەری قاتوقڕی بێدەنگ و پێشهاتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە قورسەکاندان.