کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: کۆماری ئیسلامی ڕێککەوتنی دەوێت، هەرچەند باسی ناکات

10:11 - 12 خەزەڵوەر 2725

دۆناڵد ترامپ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی ''٦٠ خولەک"ی کاناڵی سی بی ئێس، ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە "کلیلی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" ناوبرد، و ئاماژەی بەوەکرد، ڕێژیمی ئێران "ڕێککەوتنی دەوێت، هەرچەندە ئەوان باسی ناکەن، ڕەنگە نابێ ئەوە بڵێن، چونکە هیچ دانوستانکارێکی باش ئەوە ناڵێت".

ترامپ لەو چاوپێکەوتنەدا، تیشکی خستە سەر سەرکەوتنەکانی لە کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و دامەزراندنی ئاشتی، ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و فەرمانی هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئەتۆمی ئێران.

ناوبراو لە بەشێکی قسەکانیدا سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی وتی: ''ئێمە بە فڕۆکە بۆمبڕێژکەرە جوانەکانی بی-٢ بە توندی ئەوانمان کوتا، هەر مووشەکێکمان بە وردی ئامانجەکەی پێکا.''

سەرۆککۆماری ئەمریکا جارێکی دیکە جەختی لە لەنێوبردنی تەواوەتی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی کردەوە و دەستخۆشی لە فڕۆکەوانە بەشداربووەکانی ئەو عەمەلیاتەی کرد و وتی: ''ئێران ئێستا هیچ توانایەکی ئەتۆمیی نییە.''

ناوبراو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە پەیوەندی لەگەڵ شەڕی ١٢ ڕۆژە بە نتانیاهووی هەڵاگوت و بە "سەرۆکوەزیرانی سەردەمی شەڕ" وەسفی کرد. پاشان زیادی کرد: ''هێندێک لەو کارانەم بەدڵ نەبوو کە ئەو دەیکرد، ئێوەش بینیتان لەبابەت گوشار لەسەر ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە چیم کردووە. بەڵام ئێمە بە باشی پێکەوە کارمان لەسەر ئێران کرد، شتێکم کرد کە سێ هەزار ساڵە کەس نەیتوانیبوو بیکات".

سەرۆککۆماری ئەمریکا زیادی کرد: ''خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە ئەگەر ''ئێرانی ئەتۆمی'' هەبوایە هەرگیز نەتدەتوانی هیچ ڕێککەوتنێکت هەبێت و پێش هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە ڕاستیدا ئێرانی ئەتۆمی هەبوو.''