ناوەندی فەرهەنگی هونەریی ڤەژین سەبارت بە وێرانکاریی دارستانەکانی کوردستان بە دەستی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و دەستوپێوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە.
لە بەشێکی ئەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە لە چەند ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا، ڕووبەرێکی بەرفراوان لە ژینگەی زاگرۆس بەتایبەت دارستانەکانی ناوچەی "مەریوان"، کەوتووەتە بەر هێرشی دەستە نگریس و چەپەڵەکانی هەندێ خۆفرۆش، کە زۆر بە ئاسانی و بێ هیچ شەرمێک هەموو ساڵێک بەشێوەیەکی بەردەوام بەشێکی بەرچاو و پانتاییەکی زۆر لە دارستانەکانی کوردستان خاپوور و وێران دەکەن.
ئەم خۆفرۆشانە لە ئەوپەڕی بێشەرمییەوە و لەژێر ئاگاداریی بە ناو دامەزراوە فەرمییەکان کە خۆیان بە بەڕێوەبەری یاسا و دادپەروەری دەزانن، دارستانەکان لە ناو دەبەن و دەیکەن بە مڵکی خۆیان.
ئەوەی کە ڕوونە و ناشاردرێتەوە، کەمتەرخەمیی و بێئیرادەیی، بەناو بەرپرسیارانی دەزگا فەرمییەکان و لایەنە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمە، لە ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ سووتاندن و فەوتاندنی ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان.
وادیارە، لە دەلاقەی ڕوانینی بەرپرسانی ئەمنی و دادپەروەرییەوە، ئەمنییەت تەنیا و تەنیا بە مانای پارێزگاری لە ڕوانینە ئیدئۆلۆژیک و ڕەواکانی حکوومەت و نیزامە، و لایەنە کولتووری، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان هیچ جێگە و بایەخێکیان نییە.
لە هەموو وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، ڕۆڵی پێکهاتەیی حکوومەت پارێزگاریکردنی ژیانی مرۆڤەکانە لە هەموو بوارەکاندا
بەڵام لە وڵاتێکی وەکوو ئێراندا، بەهۆی سیاسەتی ڕانتی و لە یاسا لادەر، بەستێنێک ساز بووە کە زۆر بە ئاسانی، لەلایەن کەسانێکەوە بەرژەوەندییە گشتییەکان پێشێل دەکرێن و بێ هیچ دادگاییکردنێک لەژێر سێبەری دامودەزگا ئەمنییەکاندا، بەردەوامی بە کاری خۆیان دەدەن.
لەم کەش و هەوایەدا کە هیچ دادوەرییەک و حوکم و یاسایەک پەیڕەو ناکرێت و گەندەڵکاری بووەتە کردەوەیەکی ئاسایی و لێپرسینەوەی لەسەر ناکرێت، پارێزگاری لە بەرژەوەندە گشتییەکان کەوتووەتە ئەستۆی دامەزراوە خەڵکییەکان و ڕێکخراوگەلێک کە بە تەواوی هێز و بە پشتیوانی خەڵکی وشیار، خۆیان ئەرکدار کردووە.