ڕۆژی سێشەممە، ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی، پێشمەرگەیەکی پێشوو و دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی حاجی عەبدولقادر ئیسماعیلی، ناسراو بە "حاجی قاڵەی هەجیجی"، لە شاری پاوە کۆچی دوایی کرد.
کۆچکردوو حاجی قاڵە، خەڵکی گوندی "هەجیج"ی هەورامان بوو کە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، پەیوەندیی بە ڕیزەکانی حیزبەوە کرد و لە هێزی "شاهۆ"دا سازمان درا.
ناوبراو شۆڕشگێڕێکی ئازا و دەستڕەنگین بوو؛ دواتر گوازرایەوە بۆ دەوری دەفتەری سیاسی لە "گەورە دێ" و بەهۆی لێهاتوویی لە چاککردنەوەی چەکە قورسەکاندا، ببووە خۆشەویستیی هاوسەنگەرانی.
ئەم پێشمەرگە تێکۆشەرە لە ساڵی ١٣٦٨دا بەهۆی هەڵکشانی تەمەن و بەپێی ڕێنوێنیی حیزب گەڕایەوە نێوخۆی وڵات و لە شاری پاوە نیشتەجێ بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.