کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای ئەمنییەت هێرش بۆ سەر وێستگەی ئەتۆمیی ئیماراتی مەحکووم کرد

08:49 - 6 جۆزەردان 2726

شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشکردنە سەر وێستگەی ئەتۆمیی "بەراکە" لە ئیماراتی مەحکووم کرد و ئەو کارەی بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان ناو برد.

له‌ بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی سێشەممە، ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی بڵاو کراوەتەوە، شۆرای ئەمنییەت بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ ئاماژە بە ناوی لایەنی هێرشبەر بکات، ڕایگەیاندووە کە بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییە مەدەنییەکان "دژ بە یاسا و مافە نێودەوڵەتییەکانە".

حەفتەی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی ئیمارات ڕایانگەیاندبوو کە شەش دڕۆن لە خاکی عێراقەوە بەرەو ئاسمانی ئەو وڵاتە هاویشتراون کە یەکێکیان وێستگەی ئەتۆمیی "بەراکە"ی لە کەناراوی کەنداو کردووەتە ئامانج.

وڵاتی عێراق بنکە و مۆڵگەی سەرەکیی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە؛ ئەو گرووپانەی کە لە ململانێ و شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، بەرپرسیاریەتیی هێرشکردنە سەر ئەو شوێنانەیان گرتووەتە ئەستۆ.

وێستگەی ئەتۆمیی "بەراکە" یەکەمین وێستگەی وزەی ئەتۆمی لە جیهانی عەرەبدایە و هێرشکردنە سەر ئەم ناوەندە، نیگەرانییەکی زۆری لەسەر ئەمنییەتی دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە ناوەڕاستی گرژییەکانی ناوچەکەدا دروست کردووە.