کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهێنەرێکی لاوی خەڵکی بۆکان لە فێستیڤاڵی داهێنان و توێژینەوەکان لە تورکیە خەڵاتی بەدەست هێنا

13:16 - 14 گەلاوێژ 2722

دوکتور "بێهزاد جای باشی" داهێنەری لاوی خەڵکی شاری بۆکان بە بەشداریی لە فێستیڤاڵی داهێنان و توێژینەوەکان لە وڵاتی تورکیە توانی سێ میداڵی زێڕ و پەیکەرێک بەدەست بێنێت.

ئەو داهێنەرە "بۆکانـ"ـییە بە دروستکردنی کەرەستەیەکی ئیرۆدۆلۆژی، توانی سێ میداڵی زێڕ و پەیکەرێک لەو فێستیڤاڵە بەدەست بێنێت.

ناوبراو ئەو خەڵاتانەی لە سێ بەشی زانستی دەرمانیی کلاسیکی توێژینەوەکانی وڵاتی تورکیە، میداڵی زێڕی لە بەشی داهێنانی پیشانگا سەبارەت بە دروستکردنی کەرەستەی ئیرۆدۆلۆژی و میداڵی زێڕی لە ئاکادێمیی زانستەکانی یەکیەتیی ئورووپا لە بەشی توێژینەوە و داهێنان بەدەست هێناوە.

"ئیرۆدۆلۆژی" کەرەستەیەکە کە بۆ دیاریکردنی نەخۆشی، پێش سەرهەڵدانی کەڵکی لێ وەردەگیرێت.

ئەو کەرەستەیە پێکهاتووە لە کامێرایەکی پێنج مێگاپیکسێلی و نەرمه ئامێری شیکردنەوە.

ئەو کەرەستەیە لە چاوی نەخۆش وێنە دەگرێت و دوای شیکردنەوە، زانیاری سەبارەت بە نەخۆشییەکان دەداتە دەست.

ئەو کەرەستەیە بە ناوی "ئیرۆدۆلۆژی" لە شیرکەتی "کامجوو تێبیی کووشا" لە شاری بۆکان بەرهەم دێت.

پیشانگای داهێنان و توێژینەوەکان لەژێر چاوەدێریی وەزارەتی زانست و لێکۆڵینەوەکانی وڵاتی تورکیە، بە بەشداریی فێدراسیۆنی جیهانیی داهێنەران و وەزارەتی پەروەردە و لێکۆڵینەوەکانی سی وڵاتی جیهان لە شاری "ئیستامبووڵ" لە وڵاتی تورکیە بەڕێوە دەچێت.