کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاهێنانی سەربازی بۆ کارمەندان، منداڵان و لایەنگرانی ڕێژیم لە سایەی ترس لە ناڕەزایەتییەکان

09:26 - 8 خەرمانان 2726

هاوکات لەگەڵ توندبوونەوەی دۆخی ئەمنی پاش قەیرانی بەنزین، بژێوی ژیان و نیگەرانیی ڕێژیم لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم خولی ڕاهێنانی سەربازییان بۆ کارمندان، لایەنگرانی دەسەڵات، دامودەزگا ئیدارییەکان و منداڵان بەڕێوە بردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، شارەوانیی تاران بە سەرۆکایەتیی عەلیڕەزا زاکانی، چۆنیەتیی بەکارهێنانی چەکی بە کارمەندانی ناوچەی ٢٢ خستووەتە بەرنامەی کارەوە.

هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کارمەندانی ناوچە جیاجیاکانی تارانیان بۆ باخچە گشتییەکان، لەوانەش دارستانی چیتگەر گواستووەتەوە، هەتا لە چوارچێوەی بەرنامەیەکدا بە ناوی «یەکەی ڕەزمیی شەڕکەر» ڕاهێنانی کرداریی چۆنیەتیی بەکارهێنانی چەک ببینن.

هەروەها زانیارییەکان باس لە ڕاهێنان بە چەک لە هەندێک مزگەوت و ناوەندی فەرهەنگیی حکوومیی دیکە بە منداڵان و مێرمنداڵان لە چوارچێوەی بەرنامەکانی پێشوودا دەکەن.

هاوکات، وێنەی ڕاهێنانی سەربازی لە کۆبوونەوە شەوانەکانی لایەنگرانی ڕێژیم و ئامادەبوونی ژنان و منداڵان لەو بەرنامانەدا بڵاو کراونەتەوە.

شایانی باسە پێشتریش لە دەنگوڕەنگی ڕێژیمدا چۆنیەتیی بەکارهێنانی چەک بڵاو بوویەوە و جێگری سەرۆکی ڕادیۆ و تلویزیۆنی ڕێژیم ئەم جۆرە بەرنامانەی بە «هێمایی و پەروەردەیی» وەسف کرد.

لەو پێوەندییەدا، ڕەخنەگران و چالاکوانانی مافی مرۆڤ، بەرانبەر بە ڕاهێنانی سەربازیی منداڵان ناڕەزایەتییان دەربڕی و ئەوەیان بە «پێچەوانەی مافی منداڵ و هاوشێوەی ڕەفتاری گرووپە چەکدارە نایاساییەکان» زانیوە.

پەرەپێدانی توندوتیژی لەنێو منداڵان، کارمەندانی ئیدارەکان و ژنان لەکاتێکدایە کە گوشارە ئابووری و بژێوییەکان، لەوانە نیگەرانی لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، وەک هۆکارەکانی زیادبوونی ناڕەزایەتیی گشتی لە ئێران باس کراون.

فەرماندەکانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم وەک ئەحمەدڕەزا ڕادان، فەرماندەی گشتیی هێزی ئینتزامی و حوسێن تائیب، سەرۆکی بەسیج، لە وتارەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوویاندا نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی بەرهەمی قەیرانی بژێوی و بەنزین دەربڕیوە و جەختیان لەسەر هەنگاوە پێشگیریکەرەکان کردووەتەوە.

بەڕێوەبردنی مانۆڕی مەیدانی، دروستکردنەوەی چادری ئامادەیی بەرگری و نیشاندانی ڕاهێنانی چەکداری، ئەوپەڕی ترسی ڕێژیم لە ناڕەزایەتیی ڕەوای خەڵکی ئێرانە.

لەگەڵ ئەمەشدا، گواستنەوەی ڕاهێنانی سەربازی بۆ ناوەندە مەدەنییەکان، مزگەوتەکان و ڕادیۆ و تلویزیۆنی کۆماری ئیسلامی، پرسیاری سەبارەت بە ئامانج و سنووری ئەم بەرنامانە دروست کردووە.

لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ڕابردوودا، کوشتاری هەزاران کەس لە خەڵک لە شەقامەکاندا بە چەکی جەنگی لەلایەن حکوومەتەوە ئەنجام درا و ئێستاش ئەم گومانە هەیە کە کۆماری ئیسلامی بەرنامەی نوێی بۆ ڕێکخستن و ڕاکێشانی هێزەکان بە مەبەستی کوشتار و سەرکوتکردنی خولی داهاتووی ناڕەزایەتییەکان خستووەتە بەر باس.