کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی گوشارەکانی ڕێژیم دژ بە نەتەوە بندەستەکانی ئێران؛ دەسبەسەرکرانی سێ ژن لە بەلووچستان

10:05 - 8 خەرمانان 2726

بەپێی ڕاپۆرتی «حاڵ‌وەش»، ڕۆژی هەینی ٦ی خەرمانان، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە هێرشکردنە سەر ماڵێک لە شاری ئێرانشار و دوای لێدان و ئەشکەنجەدانێکی توند، سێ ژنی بەلووچیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاری ڕاگواستوون.

حاڵ‌وەش شوناسی ئەو سێ ژنەی بەو شێوەیە بڵاو کردەوە؛ «شیما بامەری» و «سائیمە بامەری» (کە دوو خوشکی یەکن ) و «ستایش بامەری» (بووکی خێزانەکە).

بەپێی ڕاپۆرتی حاڵ‌وەش: "ئەم هێرشە بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی یەکێک لە کوڕەکانی خێزانەکە ئەنجام دراوە کە دۆسییەی سکاڵای تایبەتی هەبووە و داواکراو بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو هەواڵدەرییە، هێزە ئەمنییەکان دوای چوونە ژوورەوە بۆ نێو ماڵەکە، جنێو و سووکایەتییان بە ئەندامانی ئەو خێزانە بەلووچە کردووە.

زانیارییەکانی حاڵ‌وەش باس لەوە دەکەن کە سێ ژنی خێزانەکەیان لە بەرچاوی منداڵانی ناو ماڵەکەدا خستووەتە بەر لێدانی مشت و پێلەقە و قۆنداغی چەک و بەسەختی برینداریان کردوون.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی ئەم توندوتیژییە، سەری یەکێک لە ژنەکان تووشی شکانی قورس و برینی توند بووە و دوو ژنەکەی تریش دەموچاویان تووشی برینی قووڵ بووە.

دوای دەسبەسەرکرانی ئەم سێ ژنە، خێزان و کەسوکاریان بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی ئەندامانی خێزانەکەیان و هۆکاری دەسبەسەرکردنەکەیان سەردانی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیمیان کردووە، بەڵام پێیان ڕاگەیەندراوە کە ئەم ژنانە بە تۆمەتی «جنێودان بە هێزەکانی دەوڵەت» دەسبەسەر کراون.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەمە دووەم جارە هێزەکانی ڕێژیم بۆ دەسبەسەرکردنی کەسی داواکراو سەردانی ئەم ماڵە دەکەن.

هەروەها تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ڕاگرتنی ئەو سێ ژنە دەسبەسەرکراوە، باری تەندروستی و ڕەوتی دۆسییەسازییەکان لە دژیان، لەبەر دەستدا نییە.

شایانی باسە لەژێر سایەی دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا نەتەوە غەیرە فارسەکان وەک کورد و بەلووچ و عەرەبەکان وەک شارۆمەندی پلەی دووهەم و سێهەم چاویان لێدەکرێت و ژنانی ئەو نەتەوانەش سەرەڕای ستەمی نەتەوەیی، ڕووبەڕووی ستەمی ڕەگەزیی بەرچاو بوونەتەوە.