''ئەسغەر باقرزادە'' جێگری پەروردە و فەرهەنگی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە ١٥ی گەلاوێژ، باسی لەوە کردووە کە ئەو قوتابییانەی کە بەهۆی تەشەنەسەندنی کۆرۆنا لە خوێندن بەجێ ماون، لەلایەن ئیدارەی پەروەدەوە ناسێندراون و ژمارەیان ٦٠٠ هەزار کەسە.
ناوبراو هۆکاری بەجێمانی ئەو قوتابییانەی لە خوێندن، بۆ نەبوونی ئینتێرنێت، دەستپێڕانەگەیشتن بە پەروەردە لە ڕێگای دوورەوە و ناچاربوون بە کارکردن و چەندین هۆکاری دیکە گەڕاندووەتەوە.
''باقرزادە'' باسی لەوە کردووە کە ڕێژەی ئەو قوتابییانەی کە لە خوێندن بەجێماون لە پارێزگا سنوورییەکان و ناوچە پەراوێزخراوەکان کە بێبەش لە ئیمکاناتی ئامووزشین، زۆر زیاترە.
ناوبراو وتوویەتی کە ئەرکی پەروەردە و بارهێنانە کە بەپێی یاساکانی پشتیوانی لە مافی منداڵان و مێرمنداڵان، پشتیوانی لەو قوتابییانە بکات.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە ''عەلیڕەزا کازمی'' سەرپەرەستی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان، ساڵی ڕابردوو باسی لەوە کردبوو کە نزیکەی یەک ملیۆن قوتابی لە ساڵی ١٤٠٠ لە خوێندن بەجێ مابوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، تێچووی زۆری خوێندن و بێبەشبوونی توێژی هەژار و دەسکورت لە ئیمکاناتی پێویست بۆ خوێندن لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی وازهێنان لە خوێندن بووە.