ڕۆژی یەکشەممە ١ی سەرماوەزی ١٤٠٥ی هەتاوی، دایە مریەم ئیبراهیمپوور خەڵکی سەردەشت، دایکی پێشمەرگەیەکی کوردستان، بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە کۆچی دوایی کرد.
دایە مریەم ژنێکی کوردپەروەر و پەروەردەی بنەماڵەیەکی خۆشناوی ناوچەی سەردەشت بوو.
ناوبراو هاوسەری مەلاعومەر مەرجان ئەندامی دێرین و چالاکی حیزب بوو کە ماوەی چوار مانگ لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو بە بنەماڵەوە کوردپەروەر و جێگای متمانەی تێکۆشەرانی حیزبی بوون کە وێڕای مەلاعومەری هاوسەری پشتیوان و یارمەتیدەری تێکۆشەرانی ساڵانی ٤٦-٤٧ی هەتاوی بوو.
کوڕێکی دایە مریەم بە ناوی فایەق مەرجان کە زیاتر لە سی ساڵ لە نێوخۆی وڵاتدا، ئەندامی چالاک و نهێنیی حیزب بووە، ئێستا پێشمەرگەیەکی دڵسۆز و خەمخۆری حیزبە و ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی خۆی بەوپەڕی دڵسۆزییەووە ڕادەپەڕێنێت.
تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی سەردەشتدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.