کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ١٠ی خەزەڵوەرەوە هەتا ٣ی سەرماوەز، ٢٠ کەس بەهۆی ژەهراویبوون بە ئەلکولەوە گیانیان لەدەست داوە

09:00 - 4 سەرماوەز 2726

جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران ڕایگەیاند، لە ١٠ی خەزەڵوەرەوە هەتا ٣ی سەرماوەز، ٣٥٦ حاڵەتی ژەهراویبوون لە ئێراندا تۆمار کراوە کە ١٨٧ کەسیان لە نەخۆشخانە خەوێنراون، ١٤٢ کەسیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و ٢٠ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیسنا، سەجاد ڕەزەوی ڕایگەیاندووە لە کۆی گشتیی کەسانی ژەهراویبوو، ٨٠ کەسیان دیالیزیان بۆ کراوە یان لە ئێستادا خزمەتگوزاریی دیالیز وەردەگرن، ١٦ کەسیان تووشی کەمبینایی بوون و ٣٣ کەسیشیان لە بەشەکانی چاودێریی چڕدا خەوێنراون.

جێگری وەزیری تەندروستی بە ئاماژەدان بە دابەشبوونی جوغرافیایی حاڵەتەکانی ژەهراویبوون زیادی کرد، شاری نەیشابوور بە ٢١١ حاڵەت زۆرترین ئاماری تێدا تۆمار کراوە. دوای ئەویش شیراز بە ٦٦ حاڵەت، هۆرمۆزگان بە ٣٧ حاڵەت، ئەلبورز بە ١٩ حاڵەت، خوی بە هەشت حاڵەت، مەشهەد بە حەوت حاڵەت، زەنجان و خەڵخاڵ هەر یەکەیان بە سێ حاڵەت و زابۆل بە دوو حاڵەت دێن.

ڕەزەوی هەروەها ڕایگەیاند تێکڕای تەمەنی کەسانی ژەهراویبوو نزیکەی ٣٠ ساڵە و لە نێویاندا کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵیش دەبینرێن. بە وتەی ناوبراو، کەمترین تەمەنی تۆمارکراو لەم حاڵەتانەدا ١٢ ساڵ بووە.

ئەم ئامارانە ڕەزەوی لەکاتێکدایە کە یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ژەهراویبوونی ئەلکول، ئەوەیە کە نەخۆشەکان بەهۆی ترس لە ڕێوشوێنی یاسایی، بۆ چوون بۆ ناوەندە پزیشکییەکان خۆ دەبوێرن و ئامارەکان زۆر لەو ڕێژەیە زیاترن.