سەرۆکی بەرنامەی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەیدز هۆشداری دەدات کە کەمبوونەوەی هاوکارییە داراییە نێودەوڵەتییەکان لەوانەیە ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوە و زیادبوونەوەی دووبارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی لە جیهاندا لە ساڵی ٢٠٢٧ـەوە.
وینی بیانیما، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەو دامەزراوەیە، ڕۆژی سێشەممە ٣ی سەرماوەز، بە ئاژانسی ڕۆیتێرزی ڕاگەیاند، جیهان لە لێواری کۆتاییهێنان بە ڤایرۆسی ئەیدزدایە، بەڵام کەمکردنەوەی بودجە و سنووردارکردنی مافی کەمینە ڕەگەزییەکان، دەستکەوتەکانی چەند دەیەی ڕابردوو لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەخۆشییەدا دەخاتە مەترسییەوە.
بەپێی نوێترین ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕۆژی سێشەممە بڵاو کرایەوە، ژمارەی تووشبووانی نوێ بە ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا گەیشتووەتە یەک میلیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس، کە نزمترین ئاستە تا ئێستا تۆمار کرابێت. ئەم ژمارەیە لە لووتکەی ڤایرۆسەدا لە ساڵی ١٩٩٤ نزیکەی سێ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس بوو.
ئەم دابەزینە لەکاتێکدا تۆمار کراوە کە هاوکارییە داراییە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی لەسەدا ٢٠ کەمی کردووە.
بیانیما ئاماژەی بەوە کرد کە لێکەوتەکانی ئەم کەمکردنەوەی بودجەیە، لەوانە داخستنی ناوەندەکانی خۆپارێزی و کەمکردنەوەی کارمەندان، ڕەنگە بەمزووانە لە ئامارەکانی تووشبووندا دەربکەوێت. بە وتەی ناوبراو، حاڵەتە نوێیەکانی تووشبوون هەر ئێستا لە هەندێک بەشی ئەمریکای باشوور ڕوویان لە زیادبوون کردووە.
بەرنامەی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیدزیش بەهۆی گوشارە داراییەکانەوە، نیوەی کارمەندەکانی خۆی کەم کردووەتەوە و چالاکییەکانی لە نزیکەی ٣٠ وڵات ڕاگرتووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ئەو دامەزراوەیە مانگی ڕابردوو پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی بەرنامەکەی ڕەت کردەوە.