کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە تێکۆشانی پێش ڕووخانەوە تا جێگیرکردنی مافەکان لە یاسای بنەڕەتیدا (لە وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاردا سەبارەت بە سیاسەتی حیزبی دێموکرات، هاوپەیمانی، گوشاری دەرەکی و داهاتووی کوردستان)

10:06 - 3 سەرماوەز 2726

✍️مستەفا مەولوودی

خوێنەرێکی بەڕێز، لەسەر ئەو بابەتانەی لە ماوەی ڕابردوودا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا بڵاوم کردوونەتەوە و کۆمەڵێک پرسیاری ورووژاندووە؛ بە پێویستی دەزانم ئەوەندەی دەگونجێ و دەتوانم بابەتەکان شی بکەمەوە و وەڵامیان بدەمەوە.

پێشەکی سوپاس و دەستخۆشی لەو خوێنەرە بەڕێزە دەکەم کە بە شەنوکەوکردنی بابەتەکان و ورووژاندنی پرسیار سەبارەت بەو پرس و مەسەلانەی لە ڕوانگەی بەڕێزیانەوە گرینگن، بوونەتە هۆی دروستبوونی بەستێنێکی باش لەمەڕ گۆڕینەوەی بیروڕا و شیکردنەوەی هەرچی زیاتری ئەو بابەتانانە.

 

ئەو بەڕێزە پرسیار دەکا حیزبی دێموکرات بۆ جێگیرکردنی سیستمی فیدراڵی لە ئێران و دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسینی خەڵکی کوردستان، بەو هەموو لێڵی و ناڕوونییەوە، چ ڕێکارێک دەگرێتە بەر و تا ئێستا چ بڕیارێکی گونجاو و کاریگەری داوە؟ ئایا هێنانەدیی ئەو ئامانجانە بۆ دوای ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەمێننەوە یان پێش ڕووخانی ڕێژیم لەگەڵ هێزە سیاسییەکاندا بۆ جێگیرکردنی مافی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان کاری هاوبەش دەکەن؟

بزووتنەوەی سیاسیی کورد بەگشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەتی، لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کاری گەورە و بەرچاوی کردووە؛ مافی سیاسی، نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستانی لە دروشمی سیاسیدا بەڕوونی فۆرموڵە کردووە. دەبێ ئێران دێموکراتیک و فیدراڵی بێ و خەڵکی کوردستان دەبێ لە چوارچێوەی ئەو وڵاتە دێموکراتیکەدا بە مافی سیاسی، نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان بگەن. لەو پێناوەشدا خەباتی کردووە، فیداکاری نواندووە و تێچووی زۆریشی داوە. لە ئێستادا خواستی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان بووەتە باوەڕێکی گشتیی خەڵکی کوردستان و هەموو لایەک بە یار و نەیارەوە لێی ئاگادارن. نەیاران و دوژمنی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان -واتە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران- بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بزووتنەوەی سیاسیی خەڵکی کوردستان مەترسییە بۆ تەواوەتیی ئەرزیی ئێران کە دیارە ئەوە بە هیچ شێوەیەک ڕاست نییە. لەبەر ئەوەی کورد دەیهەوێ لە چوارچێوەی ئێرانێکی ئازاد، دێموکراتیک و فیدراڵدا بە مافە سیاسییەکانی خۆی بگات. بۆیە باسی دەکەم هەتا ڕوونی بکەمەوە کە بزووتنەوەی سیاسیی خەڵکی کوردستان چەندە چووەتە پێش و بەهێزە، کورد ئومێدی پێ بەستووە و نەیار و دوژمنی نیگەران کردووە. ئەوەش بە ڕۆژێک و چەند ڕۆژ بەدەست نەهاتووە، بەڵکوو کاری بەردەوامی سیاسییە، بەتایبەت لە زیاتر لە هەشتا ساڵی ڕابردوودا کە حیزبی دێموکرات کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبووە.

سروشتییە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، دەبێ لە هەردوو قۆناغی پێش ڕووخانی ڕێژیم و دوای ڕووخانی ڕێژیم کار بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکان بکرێ و دەکرێ ئەو دوو قۆناغە بەم شێوەیە دابەش بکرێن:

ئا) پێش ڕووخانی ڕێژیم: حیزبی دێموکرات لەسەر چەند بابەت کار دەکا، وەک: پێکهێنانی ئۆپۆزیسیۆنی دێموکراتیک بۆ جێگرەوەی ڕێژیمی ئێستا لە ئێراندا؛ لە ئێستادا حیزب سیاسەتەکانی بۆ خەڵکی ئێران ڕوون دەکاتەوە. هاوکات لەگەڵ زۆربەی هێزە سیاسییەکان لە دیالۆگ و گفتوگۆدایە بۆ لێکتێگەیشتن و لە کۆتاییدا لەگەڵ ئەو هێزانەی کە باوەڕیان بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە، باوەڕیان بە جێگیرکردنی دێموکراسی لە ئێران هەیە و باوەڕیان بە مافی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستان هەیە، ئامادەیە هاوکاری بکا و ببێ بە هاوپەیمانیان و لە پێکهێنانی ئۆپۆزیسیۆنێکی یەکگرتووی بەهێزدا ڕۆڵ و دەوری کاریگەری خۆی بگێڕێ؛ بەخۆشییەوە حیزبی دێموکرات لەوە غافڵ نییە و لە ئێستادا بە پێداگریی زیاترەوە کاری بۆ دەکا. سروشتییە ئەو کارانە بۆ ئەوە دەکا ئەگەر ڕێژیمی ئێستای ئێران ڕووخا، دیار و ڕوون بێ کە خواستەکانی خەڵکی کوردستان چۆن فۆرموڵە کراون و حیزبی دێموکرات چ جۆرە نیزامێکی سیاسی بۆ ئێرانی داهاتوو دەخوازێ.

ب) ڕوونە هێندێک کار و بابەت هەیە کە دەکەوێتە دوای ڕووخانی ڕێژیم، وەک دامەزراندنی مەجلیسی دامەزرێنەران، نووسینی ڕەشنووسی یاسای بنەڕەتی و بەشداری لە ڕێفراندۆم بۆ دیاریکردنی نیزامی سیاسیی داهاتوو لە ئێراندا؛ ڕوون و دیارە خەڵکی کوردستان چ نیزامێکی سیاسییان گەرەکە و ئیدارەدانی هاوبەشی ئێرانیش لەلایەن سەرجەم پێکهاتە نەتەوەییەکانیەوە دەبێ چۆن بێ.

ئەوانەش تەنیا لەدوای ڕووخانی ڕێژیم دێنە ئاراوە و هەتا ڕێژیم نەڕووخێ، جێگرەوەیەکی یاسایی دروست ناکرێ؛ هەرچەندەش خواستەکان فۆرموڵە کرابن و لەگەڵ حیزب، لایەنی سیاسی و تەنانەت کەسایەتیی دیاریش لەسەر بابەتەکان ڕێککەوتن کرابێ، ئەو مافانە تا لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتدا جێگیر نەکرێن و دامەزراوەی یاسایی دانەمەزرێ، نابنە یاسا و چوارچێوەی دیاریکراو بۆ کارپێکردن و لە بازنەی دەوڵەتداری و وڵاتداریدا جێگیر نابن؛ سروشتییە ئەگەر ئەوانە بێ کێشە بچنە پێش، کورد لە دەسەڵاتی سیاسیی ئێراندا بەپێی یاسا و وەک هاوبەش بەشداری دەکا و لە هەرێمێکی دانپێدانراو و یاساییدا، کاروبارەکانی خۆی بەڕێوە دەبا؛ ئەگەر بە هەر هۆیەک ئەو خواستانە نەهاتنە دی، سروشتییە کورد دەست لەسەر دەست دانانێ و خەباتی خۆی بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ئەوکات درێژە دەدا.

ئەو بەڕێزە پرسیار دەکا کە کێ، بە چ ئیمکاناتێک و لە چ ڕێگایەکەوە قەرارە ئەو ئامانجانە بێنێتە دی؟ چ نەخشەڕێگایەکی کردەیی هەیە؟

لەپێشدا دەبێ بڵێم دروشمی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، تێکۆشانە بۆ هێنانەدیی نیزامێکی دێموکراتیکی فیدراڵی، کە هەموو گەلانی ئێران بە مافە سیاسی و نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانیان بگەن؛ ئەوە کاری ئازادیخوازانی ئێران و خەڵکی کوردستانە بەگشتی و بەتایبەت ئەو هێزە سیاسییانەی ئەو دروشمەیان بەرز کردووەتەوە و لە سەرووشیانەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کە بۆ وەدیهێنانی تێ بکۆشن. ئەوەش بە بوونی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نایەتە دی؛ دەبێ ئەو ڕێژیمە بڕوا و لە جێگای ئەودا، نیزامێکی دێموکراتیکی فیدراڵی بێتە سەر کار. سروشتییە ئەوە ئاسان نییە، نە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وا بە ئاسانی دەڕوا و نە کاربەدەستانی بە ڕاحەتی لە دەسەڵات دەکشێنەوە و نە نیزامێکی فیدراڵی و چێبوونی دێموکراسی بەئاسانی و بە چەند ڕۆژێک دادەمەزرێ. بۆیە ئەو بابەتانە و بابەتەکانی هاوشێوە، کار و تێکۆشانی بەردەوام و بێپسانەوەی دەوێ؛ ئەوەش کاتی دەوێ، زەمان و تێچووی دەوێ. بە بڕوای من لە ئێستادا بەستێن و زەمینەی باش هەیە تا لەگەڵ ئێرانییەکان، بەتایبەت لەگەڵ بژاردە و کەسایەتیی سیاسی و حیزبی جۆراوجۆر، بەڕاشکاوی باس لە بەفیدراڵیکردنی ئێران لە داهاتوودا بکرێ. بۆ ئەو مەبەستە دیالۆگ و گفتوگۆش زۆر و کەم لە ئارادایە؛ تەنانەت زۆر لایەن و کەسایەتی، جیا لەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن، لە نێوخۆدا، لەسەر گەڵاڵە و پڕۆژەی ئەوەی چۆن ئێران فیدراڵی بکرێ و چ جۆرە فیدراڵییەک بۆ ئێران گونجاوە، کار دەکەن. ئەوەندەی پێوەندی بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە، حیزبی دێموکرات بەتەواوی ڕوون و ئاشکرایە چ دروشمێکی بەرز کردووەتەوە و کاری بۆ دەکا.

ئەوانە هەموو کار و چالاکیی دژبەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین کە پێش ڕووخانی ڕێژیم دەکرێن و دەبێ بکرێن؛ بەڵام لە کاتی گۆڕانی ڕێژیم، دەورانێک هەیە کە پێی دەوترێ دەورانی تێپەڕ (گوزار)، ئەوکاتیش کۆمەڵێک بابەت و پرس بەرجەستە دەبنەوە، وەک: پاراستن و ئەمنییەتی هاووڵاتیان، ئیدارە و بەڕێوەبەری، داڕشتنی گەڵاڵەی یاسای بنەڕەتیی وڵات کە دەبێ دیاری بکرێ لەسەر چ بنەما و ڕێکارێک کاری بۆ بکرێ تا لە مەجلیسی دامەزرێنەراندا قسەی لەسەر بکرێ. پاشان پێکهاتە و ڕێژەی ئەو مەجلیسە چۆن بێ، دەبێ ڕوون بێ. جیا لەوانە کاتێک سەرجەم دامەزراوە و دامودەزگاکانی حکوومەتی فیدراڵی دامەزران و سەڵاحییەتەکان دابەش کران، کار بۆ جێگیرکردنی ئەو نیزامە سیاسییە دێموکراتیک و فیدراڵییە دەکرێ. سروشتییە ئێمە بڵێین و نەڵێین، ئەگەر ئەو نیزامە نوێیە خواستەکانی خەڵکی کوردستانی قبووڵ کرد، کورد و حیزبەکانی کوردستان لە دروستکردنەوەی ئێرانی داهاتوودا، بەشداریی چالاکیان دەبێ؛ بەڵام ئەگەر ئەوە نەیەتە دی، کورد تا گەیشتن بە مافەکانی خەباتی خۆی درێژە پێ دەدا.

لێرەدا ئەو بەڕێزە دەڵێ ئەگەر ئەو نیزامە دێموکراتیکە نەیەتە دی و کورد دەست بە تێکۆشان بکاتەوە، هەمان ڕێگای جاران دەپێوێتەوە؟

ئەوە بەتەواوی ڕوونە و خەڵکی کوردستان خواستی سیاسی، نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی هەیە و دەمێکە خەباتی بۆ دەکا؛ ئەگەر بە هەر هۆیەک لەو قۆناغەدا خواستە ڕەواکانی نەیەنە دی، دەست لەسەر دەست دانانێ و لە تێکۆشانی بەردەوام دەبێ و ڕێگای دروستیش هەر ئەوەیە؛ هەرچەندە لە ئێستاوە پێم باش نییە کە نووسخە بۆ نەوەی داهاتوو بپێچینەوە، هەروەک دوکتور قاسملوو دەفەرمووێ: «ئێمە وەکیل و دەمڕاستی نەسلی داهاتوو نین.» بۆیە باشترە وەپێش ڕووداوەکان نەکەوین و کار بکەین بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هێنانەسەرکاری نیزامێکی دێموکراتیک و فیدراڵ و هەر بەو ئومێدەوەش لە داهاتوو بڕوانین.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەدا دەڵێ ئەگەر ڕێژیم ڕووخا و سەرلەنوێ ڕێژیمێکی پاوانخوازی دیکە هاتە سەر کار، تەکلیف چییە و دەبێ چی بکەین؟

ئەوە وەک ڕۆژی ڕوون دیارە کە خەڵک بەرەنگاری دەبێتەوە و خەبات لە دژی دەست پێ دەکاتەوە و تەسلیمی نابێ. هەروەک ئەزموون و مێژوو دەریانخستووە، کورد خەبات دەکا، فیداکاری دەنوێنێ و ئامادەیی هەیە کە تێچوو و هەزینەی بۆ بدا.

ئەو بەڕێزە پرسیار دەکا هەر دەبێ خەباتی مەدەنی و چالاکیی سیاسیی سنووردار لە دەرەوەی وڵات یان لەنێو کەمپەکاندا درێژەی هەبێ، یان قەوارە و ڕێگاچارەی جیاواز و گونجاو لەگەڵ ڕاستییەکانی سەردەم بگیرێتە بەر؟

پێویستە بڵێم کە تێکۆشانی مەدەنی و چالاکیی سیاسیی حیزبەکان، یەک لەوان حیزبی دێموکرات، سنووردار نەکراوە بە بنکەکانی نیشتەجێبوونی بنەماڵەی تێکۆشەران لە هەرێمی کوردستان؛ خەباتی سیاسی و مەدەنی لە کوردستان بە ئیبتیکار و ئازایەتیی خەڵک و ئاراستەی سیاسیی حیزبەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە.

هەر لەو بنکانەدا، جیا لەوەی کۆمەڵێکی زۆر لە بنەماڵەکان تێیاندا دەژیان، کاری ڕێکخستنی حیزبی و سیاسی، پێوەندیگرتن، ڕاگەیاندن و زۆر تێکۆشانی جۆراوجۆری دیکەش بۆ بەرەوپێشبردن و بەردەوامیی بزووتنەوەی سیاسی بەبێ پسانەوە ئەنجام دەدران؛ هۆکاری ئەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی ئەو کەمپانە بە هاژەک و دڕۆن بە ئامانج دەگرێ، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو کەمپانە ببوون بە ناوەندێکی چالاکیی سیاسی و ئاراستەکردنی ڕێکارەکانی خەباتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەو پێوەرە نەخش و دەوری ئەو بنکە یان ئێوە گوتەنی کەمپانە بە کەم مەزانن؛ بوون لە شاخ یان دەشت نابێ بە بەربەست بۆ کار و تێکۆشان ببیندرێ و پێویستە لە بواری زێهنییەوە ئەو تێڕوانینە بگۆڕدرێ و بزاندرێ کە شوێنی نیشتەجێبوون بەربەست نییە بۆ درێژەدانی خەبات. گرینگ ئەوەیە کە لە هەر دۆخێکدا لە لانی زۆری وزە و پۆتانسیەلەکان بە شێوەی ئوسوولی و واقعبینانە کەڵک وەربگیردرێ؛ لە ئێستادا کەمپەکان وەک جاران نەماون و دۆخەکە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە، بەڵام دیسان حیزب و تێکۆشەرانی کورد شێلگیرانە لە کار و تێکۆشان بەردەوامن. بۆیە لە هەر کاتێکی جیاواز و هەلومەرجێکی تایبەتدا، خەبات درێژەی پێ دەدرێ.

ناوبراو لە پرسیارێکی دیکەدا نووسیویەتی کە مستەفا مەولوودی خەباتی خەڵکی کوردستان و ئامانجی شەڕی ئەمریکا لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە یەکتر جیا دەکاتەوە؛ ئایا ئەوە بە مانای بێبایەخیی نەخش و بێکاریگەریی هێز و توانای ئەو هێزانە نییە کە خاوەنی هێز و توانان؟

من باوەڕم وایە ئامانج و میکانیزمی شەڕی خەڵکی کوردستان بۆ ئازادی، دێموکراسی، مافی نەتەوایەتی و سیاسی لە شەڕی ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی جیایە و ئەوە بەتەواوی ڕوونە و پێویست بە شیکردنەوە ناکا؛ بەڵام ئەوەی کە من توانا و هێزی ئەمریکام لەسەر ڕێژیمی ئێران بە کەم گرتبێ، ئەوە وا نییە. من لام وایە گوشاری جۆراوجۆری دەرەوە لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و بەتایبەت سەربازی لەسەر ڕێژیمی ئێران، دەتوانێ کاریگەریی زۆری لەسەر لاوازکردنی ڕێژیمی ئێران هەبێ و تا ئێستاش دەرکەوتووە کاریگەریی دیاری هەبووە. ئەوە دەتوانێ ببێتە دەرفەت و بەستێن بۆ خەباتی گەلانی ئێران بە گەلی کوردیشەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ پێویستیشە خەڵکی ناڕازیی ئێران و هێزە سیاسییەکان سوودی لێ وەربگرن، بەڵام نابێ ئەوەمان لە یاد بچێ کە خەڵکی ئێران و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتبەستوو بە خۆیانن و پاشکۆ نین و دەبێ حیساب لەسەر خۆیان و توانای خۆیان بکەن.

پێویستە بە ڕوونی بڵێم کە حیزبی دێموکرات زۆر بە سەرنجەوە لە فشارە دەرەکییەکان ڕێژیمی ئێران دەڕوانێ و بەپێی بەستێن و پۆتانسیەلە سیاسی و دیپلۆماسییە گونجاوەکان و لەپێناو ویست و داخوازییەکانی گەلانی ئێران و بەتایبەتی گەلی کورد، سوود لەو مەجال و دەرفەتانە وەردەگرێ کە لە ڕێگای ئەو گوشارە دەرەکییەوە دروست دەبن کە دەخرێتە سەر ڕێژیمی ئێران.

ئەو بەڕێزە لە پرسیارێکی دیکەدا ئەو بابەتەی ورووژاندووە کە بۆچی من لە وەڵامی پرسیارێکدا لە پلاتفۆڕمی «ئێرەم نیوز» کە لە وڵاتی ئیمارات و بە زمانی عەرەبی بڵاو کراوەتەوە، ئەزموونی باشووری کوردستانم بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە نموونە هێناوەتەوە و لە نموونەی ڕۆژاوا یان باکووری کوردستان پێم گونجاوترە؟

من لە شوێنێکی دیکەدا ئەوەم ڕوون کردووەتەوە، پێویست ناکا جارێکی دیکە بپەرژێمە سەری؛ بەڵام لێرەدا پێویستە ئاماژە بکەم کە قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە باشوور دیارە، لە یاسای بنەڕەتیی عێراقدا دانی پێدا نراوە، دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە. بە پێوەرەکانی سەردەم، ناسراو و دانپێدانراوە و لە چوارچێوەی ستانداردەکانی نێودەوڵەتیدا پێناسەکراو، دیار و یاساییە. کاتێک هەر قەوارەیەک لە یاسای بنەڕەتیدا پێناسەی دیاریکراوی هەبوو، یەعنی بە یاسا پارێزراوە و لینک و ئادرەسی هەیە. بەڵام ئەوەی لە باکوور و ڕۆژاوای کوردستان باسی لێوە دەکرێ، بەگشتی لە چوارچێوەی ئیدارە و بەڕێوەبەریی گشتیی وڵاتدا پێناسە دەکرێ و لە بواری نەتەوایەتی و مافی نەتەوەییدا دەستکەوتێکی ئەوتۆ و بەرچاوی تێدا نییە و مافەکانی کورد وەک پێکهاتەیەکی نەتەوەیی، کە دەبێ لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتدا جێگیر بکرێن، باس و فۆرمولە و مسۆگەر ناکا.

لە جیهانی ئەمڕۆدا قەوارەکانی دەسەڵات لە چوارچێوەی سنوورە تاریفکراو و دانپێدانراوەکانی وڵاتاندا دیار و ڕوونن؛ جا ئەو قەوارە و مۆدێلانە فیدراڵی، خودموختاری، کۆنفیدراڵی، ناوەندگەرایی یان هەر جۆر و چەشنێکی دیکە بن. گرینگترین پرس ئەوەیە کە چۆن دەکرێ مافەکانی کورد لەو وڵاتەی کە کوردستانی بەسەردا دابەش کراوە، گەرەنتی بکرێن.

باشترین ڕێگا لە جیهانی سیاسەت و ماف و دەسەڵاتداریی ئەم سەردەمەدا، ئەوەیە کە ئەو مافانە بە فەرمی لە یاسای بنەڕەتیدا پێناسە بکرێن و بگونجێندرێن؛ ئەوە باشترین و متمانەپێکراوترین ڕێگایە. بڕینی ئەو قۆناغە کە لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتدا، کورد وەک میللەتێکی خاوەن ماف پێناسە بکرێ کە خاوەنی زمان، مێژوو، کولتوور و هتدی خۆیەتی، زۆر گرینگە. پرسی کورد تەنیا بە مافی هاووڵاتی چارەسەر نابێ، دەبێ وەک پێکهاتەیەک و نەتەوەیەک دان بە مافەکانیدا بنرێ و ئەو مافانەی لە یاسای بنەڕەتیدا جێگیر بکرێت.

پێناسەی یاسایی لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتێکدا، سەرچاوەی داڕشتن و ڕێکخستنی سیستم و نیزامی بەڕێوەبەریی وڵاتە؛ ئیتر باش یان خراپ بەڕێوەبردنی ئەو یاسایە بابەتێکی ترە و پێوەندیی بە لایەنە بەڕێوەبەرەکانەوە هەیە. بەڵام نەبوونی پێناسەی یاسایی بۆ پرس و بابەتەکان، کێشە و کەمایەسییەکی گەورەیە و دەستی دژبەران و موخالیفان بۆ پێشێلکردنی مافەکانت ئاوەڵا دەکا. جێگیربوونی ماف لە یاسای بنەڕەتیدا بەردی بنەمایە و یەکەم مەرجی وەدیهێنانی مافەکانە.

لە ئێستادا و بەپێی پۆتانسیەلەکانی نێو ماڵی کورد، دۆخی نێوخۆی ئێران، ناوچەکە و نەزمی نێودەوڵەتی، مۆدێلی هەرێمی فیدراڵیم پێ گونجاوترە لە جۆرەکانی دیکەی دەسەڵاتداری؛ هەرچەندە دەبێ ئەو بابەتەش لەبەرچاو بگیردرێ کە جۆری فیدراڵی، ئاستی دەسەڵات و دەستڕۆیشتوویی و هەروەها ئەرکەکانی، بەپێی ڕێککەوتن لەگەڵ دامەزرێنەرانی دیکەی سیستمەکە دیاری دەکرێت و ڕوون دەبێتەوە و دەبێ هەموو ئەو وردەکارییانە لەبەرچاو بگیردرێن. جیا لە بابەتی سەربەخۆیی من هیچ نموونەیەکی دیکەی دەسەڵاتداریم پێ شک نایە کە بتوانێ زۆرترین مافەکانی گەل و نەتەوەیەک بە شێوەی یاسایی و دانپێدانراو بپارێزێ.

پرسیارێکی دیکە کە ئەو بەڕێزە دەیکا، ئەوەیە کە حیزبی دێموکرات سەبارەت بە ئۆپۆزیسیۆنی کورد بۆ بەرنامەیەکی هاوبەش، هاوئاهەنگی و هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی دیکەی دژبەری کۆماری ئیسلامی بەکردەوە چی کردووە؟

بۆ ئاگاداریی ئەو بەڕێزە و سەرجەم خوێنەرانی بەڕێز، حیزبی دێموکرات لەو بوارانەدا زۆری کار کردووە و هەوڵی داوە؛ مێژوو، هێز و لایەنەکانی دیکەش دەتوانن شایەتی بۆ ئەوە بدەن.

حیزبی دێموکرات بەردەوام تێکۆشاوە بۆ هاوئاهەنگی، هاوکاری و پێکهێنانی بەرە و هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە دژبەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ ئەو سیاسەتە نەگۆڕە و هەر لە کاتی دامەزرانی حکوومەتی کۆماری کوردستانەوە، سەردەمی پێشەوای کوردان جەنابی قازی محەممەد تا دەگاتە شەهیدان دوکتور قاسملوو و دوکتور شەڕەفکەندی سیاسەتی حیزب بووە و ئێستاکەش ئەوە هەر سیاسەتی حیزبە. یانی ئەو بابەتە بووەتە نەریتێکی ڕەگداکوتاو لە سیاسەتی گشتی و باڵای حیزبی دێموکراتدا. بە کورتی دەکرێ ئاماژە بە هاوکارییەکان و پێکهاتنەکانی حکوومەتی کۆماری کوردستان لەگەڵ حکوومەتی میللیی دێموکراتیکی ئازەربایجان، هاوپەیمانی لەگەڵ موجاهیدینی خەڵق و چەند کەسایەتیی دیار لە شۆڕای نیشتمانیی بەرگریدا کە تێیدا گەڵاڵەی خودموختاری بۆ کوردستان پەسەند کرا، پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی بە ناوی ناوەندی هاوکاری و لە ئێستاشدا بە خۆشییەوە دەوری ساڵێک دەبێ کە هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بە دەستپێشخەری و ئیبتیکاری حیزبی دێموکرات دامەزراوە؛ جیا لەوانە دانیشتن و پێوەندیی باشمان لەگەڵ لیبڕاڵ، کۆماریخواز، فیدراڵیخواز و باوەڕمەندان بە سیستمی ناناوەندگەرایی لە ئێران هەیە و لە دیالۆگداین بۆ دامەزراندنی ئۆپۆزیسیۆنێکی دێموکراتیکی سەرانسەری و یەکگرتوو لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

لە ئێستادا لە ناوەندی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێراندا، لەسەر پڕۆژە و پلانە باڵاکان کار دەکرێ، بۆ ئەوەی بتوانرێ دامەزراوەیەکی سیاسی و ئیداری بۆ کار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە داهاتوودا دروست بکرێ، بۆ وەڵامدانەوە بە پرس و بابەتە گشتی، باڵا و بنچینەییەکانی وەک بواری سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری، پاراستن، ئاسایش و هتد ڕوو بە ناوەندی ئێران و نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەخۆشییەوە هەر ئێستا نوێنەرانی هێزە سیاسییەکان لە هاوپەیمانیی کوردستاندا لەسەر ئەو پرسانە کار دەکەن. لەگەڵ ئەوەی لەو بارەیەوە چاوەڕوانیی تایبەت لە حیزبی دێموکرات هەیە، بەڵام ئەو کارە، کارێکی بەکۆمەڵ و هەمەلایەنەیە کە پێویستە سەرجەم هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی خۆیاندا بە بەرپرسیارێتی و ئەرکی خۆیان هەستن و کاری هەرەوەزی بکەن.

لە کۆتا قسەی ئەو بەڕێزەدا هاتووە کە ڕێگای دەستڕاگەیشتن بەو ئامانجانە چییە؟ حیزبی دێموکرات چ ڕێکارێک دەگرێتە بەر؟

پێویستە بڵێم حیزبی دێموکرات زیاتر لە ٨٠ ساڵە دامەزراوە؛ بۆیە سیاسەت، دروشم، ئامانج و ویستەکانی ڕوون و ئاشکران و بۆ هەموو لایەنێکی سیاسی و تێکۆشەری دنیای سیاسەت ئاشنا و ناسراون. حیزبی دێموکرات لەسەر بنەمای ڕاستییەکان سیاسەت دەکا و بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرج، پۆتانسیەل، زەمان و ئەو دروشم و ویستانەی دیاریی کردوون، بۆ بەجێگەیاندنیان بەرنامە و پڕۆژەی دیاری هەیە و کاری لەسەر دەکا و کاریان بۆ دەکا؛ لەو بوارەدا حیزبی دێموکرات بە ڕوونی دەزانێ کە تا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر دەسەڵات مابێ، نە گەلی کورد و نە گەلانی دیکەی ئێران بە مافە سیاسی، نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانیان ناگەن. بۆیە حیزبی دێموکرات زۆر بەڕاشکاوی دروشمی ڕووخانی ئەو ڕێژیمەی بەرز کردووەتەوە؛ جیا لەوە هاوکات کار دەکا بۆ ئەوەی لەدوای ڕووخانی ئەو ڕێژیمە، نیزام و سیستمێکی دێموکراتیک لە ئێرانی فیدراڵدا بێتە سەر کار، بۆ هێنانەدیی ئەو ئامانجانەی خەباتی بۆ کردووە.

بە پێویست دەزانم لە کۆتاییدا ئەو ڕاستییە بخەمە بەر دیدەی خوێنەرانی بەڕێز کە بە لەبەرچاوگرتنی بنەما ئوسوولییە داڕێژراوەکانی کاری مەیدانی و بە لەبەرچاوگرتنی پۆلێنبەندییەکانی پلان و بەرنامەکانی کار و تێکۆشان و ڕەچاوکردنی ئەو هەلومەرجە ناسک و هەستیارەی تێیداین، دەتوانم ئەوەندە بابەتەکە ورد بکەمەوە. سروشتییە وەک نەریتی هەمیشەیی، بەپێی زەمەن و هەلومەرجی تێکۆشان، ڕادە و ئاستی شیکردنەوە و بڵاوکردنەوەی پلانەکان لەبەرچاو دەگیردرێ و بەوپەڕی ئەمانەتەوە، ئەوەی پێویستە بۆ ئاگاداری و زانینی بیروڕای گشتی، بە شێوەی جۆراوجۆر بە چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان دەگات.

دیسانیش سپاسی ئەو بەڕێزە دەکەمەوە کە بە کۆمەڵە پرسیارە بەجێ و گونجاوەکانی، پەیامی زیندوویەتیی سیاسی و بەرپرسیارێتیی نەوەی نوێی لە هەمبەر پرسی نەتەوەییدا بۆ من و هاوڕێیانم و سەرجەم تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نارد؛ بە هیوای بەردەوامی و سەرکەوتن.