لەگەڵ زیادبوونی ئاماژە هەواڵگرییەکان سەبارەت بە هەوڵی تاران بۆ دروستکردنی چەکی شیمیایی و چالاککردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، ئامادەکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش دژی ڕێژیمی ئێران چووەتە قۆناغی کۆتاییەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی "تایمزی ئیسرائیل"، یێسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ٣ی سەرماوەزی ١٤٠٥ ڕایگەیاند کە ئەرتەشی وڵاتەکەی و فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا (سێنتکام) خۆیان بۆ هێرشێکی هاوبەش دژی ئێران ئامادە دەکەن و پلانە ئۆپەراسیۆنییەکان لەمبارەیەوە تەواو بوون.
ناوبراو وتوویەتی بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە هێرشەکە لە دەستی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکادایە و ئەولەوییەتی ئیسرائیل ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشە لەگەڵ سێنتکام.
کاتس جەختی کردەوە کە ڕێژیمی ئێران خەریکی پەرەپێدانی چەکی شیمیاییە و نیشانەی هەوڵدان بۆ چالاککردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەبینرێت، کە دوای هێرشەکانی ژوئەنی ٢٠٢٥ ڕاگیرابوو.
هەروەها ئاشکرای کرد کە ئیسرائیل سەبارەت بەوەی تاران تاوتوێی بەکارهێنانی چەکی شیمیایی دژی ئەو وڵاتانە دەکات زانیاریی هەواڵگریی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو هاوبەش کردووە و هۆشداریی دا کە هێرشکردنە سەر ژێرخانەکانی وزەی ئێران ڕەوتی داڕمانی ڕێژیم خێراتر دەکات.
لە بەرانبەردا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، وەک هەمیشە تۆمەتەکانی پەرەپێدانی چەکی شیمیایی ڕەت کردەوە؛ هاوکات وەزیری بەرگریی ئیسرائیل نیگەرانیی خۆی لە ئەگەری هێرشی لەناکاوی ڕێژیم و هەوڵی تاران بۆ تێرۆرکردنی دۆناڵد ترامپ، بنەماڵەکەی و بێنیامین نێتانیاهوو دەربڕی.