کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئینترناسیۆنال سۆسیالیست خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە ئێرانی مەحکووم کرد

12:24 - 3 رەزبەر 2722

ئینترناسیۆنال سۆسیالیست لە پەیامێکدا بە توندی ئیدانەی پێشێلکاریی بەرچاوی مافەکانی مرۆڤ، سەرکوت و توندوتیژی لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کرد.

لەم پەیامەدا هاتووە: خەڵکی سەرانسەری جیهان بە دۆخی کارەساتباری ژینا (مەهسا) ئەمینی، کیژێکی بێتاوانی کورد کە لە کۆمادا و لە ئاکامی برینی دروستبوو لەکاتی دەستبەسەرکرانی لەلایەن گەشتی ئیرشادی تارانەوە گیانی سپارد، پەشۆکا. بەڵگەی ئاشکرا لەبەر دەستدایە کە ئەمینی لەژێر ئەشکەنجەی کاربەدەستان، لە کاتی دەستبەسەر بوون بەهۆی ئەوە کە گوایە حیجابی بە شێوەیەکی "نەگونجاو" پۆشیوە بووە.

کاردانەوەی کوشتنی نایاسایی "ژینا ئەمینی" هۆی دەستپێکردنی ناڕەزایەتی لە سەرانسەری وڵات دژی هەڵسوکەوتی توندوتیژانە و سنووردارکردنی سەرکوتکارانە، کە ڕۆژانە ژنان و کچان بەرەوڕووی دەبنەوە بوو. لە بەرانبەر ئەو داوا ڕەوایانەدا، ناوەندەکانی دەسەڵاتی ڕێژیم بەدوای سەرکوت و ملکەچکردنی خۆپیشاندەران، بە کەڵکوەرگرتنی قیزەون لە هێزی کوشندە و فیشەکی ڕاستەقینەوە بووە کە بۆتە هۆی کوژرانی چەند کەس و برینداربوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان.

ئینترناسیۆنال سۆسیالیست هاوپشتی ئەو کەسانەیە کە لە ئێران دەنگی خۆیان بەرز کردووەتەوە و داوای ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی و دادگایی دادپەروەرانەی بکەرانی ئەو تاوانە دەکەن. ئەو هەروەها سەرسامیی قووڵی خۆی بۆ بوێریی ئەو شارۆمەندانە دەردەبڕێ کە سەرەڕای مەترسیی زۆر بۆ سەر گیانیان، ڕژاونەتە سەر شەقامەکانی ئێران. هێز و پوتانسیەلی ئەو ناڕەزایەتییانە بۆ هێنانەدیی ئاڵوگۆڕ لە وڵامی کاربەدەستانی ئێراندا دیارە، کە دەستیان کردووە بە پچڕاندنی ئینتێرنێت و پێشگرتن بە دەستڕاگەیشتن بە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا، کە خۆپیشاندەران لە ڕێگای ئەوانەوە خۆیان ڕێک خستووە. کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەبێ لەو هەوڵانە بۆ سانسۆڕی مەودای سەرهێڵ، بەمەبەستی پێشگرتن بە ئاگاداریی دنیا لە توندوتیژیی بەکارهاتوو لەلایەن کاربەدەستانی ئێران دژی خۆپیشاندەران  وریا بێت.

پرسێکی بنەرەتی کە لە ئێراندا لە ئارادایە و لەو ڕۆژانەی دواییدا خراوەتە ڕوو، دەسەڵاتی گەشتی ئیرشادە لە دەسبەسەرکردنی ژنان لەبەر پۆشینی جلوبەرگ بەشێوەیەک کە لە ڕوانگەی ئەوانەوە نەگونجاوە. هیچ ژنێک نابێ شێوەی پۆشینی جلوبەرگی لەلایەن کاربەدەستانەوە دیاری بکرێ یان لەبەر شێوەی جلوبەرگ تووشی هەڵاواردن بێت. سروشتی سەرکوتکارانەی ڕێژیمی ئێران بەتایبەتی کاریگەریی لەسەر ژنان و کچانی کورد هەبووە، کە لە ڕوانگەی ئەتنیکییەوە و هەروەها زایەندییەوە تووشی هەڵاواردن بوون. ئینترناسیۆنال سۆسیالست پشتیوانیی تەواوی خۆی پێشکەشی خەبات بۆ داهاتوویەکی جیاواز بۆ خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکات، بەشێوەیەک کە پرنسیپەکانی دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤ ڕەچاو بکرێن. کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەبێ پشتگیریی زۆرتر پێشکەشی کۆمەڵگا چەوساوەکان بکات و ڕێژیمی ئێران بۆ تاوانەکانی دژی شارۆمەندانی خۆی، لە نێویاندا بکوژانی "ژینا ئەمینی"، بەرپرسیار بکات.

ئینترناسیۆنال سۆسیالیست بۆ لەکیس چوونی "ژینا ئەمینی" و قوربانییە بێتاوانەکانی دیکەی دەستی بێبەزەیی کاربەدەستانی ئێرانی لە کاتی ناڕەزایەتییەکان بەهۆی کوژرانی ناوبراو، تازیەبارە. ئەو بە تەواوی هاوپشتی ژنان و کەمینەکانی ئێرانە کە بەدەست هەڵسوکەوتی سەرکوتکارانەی ڕێژیم دەناڵێنن. کاتی ئەوە هاتووە دەوڵەتی ئێران چارەسەری سکاڵا ڕەواکانی شارۆمەندانی بکات، کە بە دەست سنوورداریی کۆمەڵایەتی، چەقبەستوویی ئابووری و سیستمی ئایینیی نادادپەروەر و نابەرپرسیار، دەناڵێنن.

٢ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی

٢٤ی سێپتامبەری ٢٠٢٢ی زایینی