قادر وریا
کوردبوون و کوردستانیبوون لە نێو ئێران، ئەگەرچی ناچار بە دانی نرخ و تێچووی گەورەی کردووین، لە گەڵ ئەمەشدا شانازییەکی گەورەیە. ئەوە نەتەوەی کورد لە نێو ئێران بوو کە هەر لە سەرەتاوە ملی بۆ ڕێژیمی ئاخوندەکان و یاسا کۆنەپەرستانەکانی ڕانەکێشا؛ هەر ئەو نەتەوەیە بوو بەرامبەر لەشکرکێشیی تاریکیپەرستان بۆ سەر کوردستانی ئازاد ڕاوەستا و نرخی داگیرکردنی بست بە بستی خاکی کوردستانی لێ ئەستاند. ئەوە هەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو لە ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا، سەری بۆ زۆرداری و دڕندەیی ئەو ڕێژیمە دانەنواند. نەک هەر لە بەرەنگاربوونەوەی چەکداری بەرامبەر سوپای ڕێژیمی جەهل و جینایەتدا، بەڵکوو لە شێواز و فۆرمە جیاوازەکانی خەباتی مەنفی، مەدەنی و جەماوەرییشدا، لە ئاستی ئێراندا سەرتۆپ و نموونەوە بووە. بۆ هەموو ئەو هەڵوێستانەشی لە گیان و ژیانی ڕێبەران، تێکۆشەران و ڕۆڵەکانی و بەگشتی خەڵکەکەی گەورەترین مایەی داناوە. ئەوا ئێستاش هەر ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە بە خاوەندارەتی لە خوێنی کچە سەربەرز و ئازاد بەڵام بە مەزلوومانە کوژراوەکەی( ژینا ئەمینی)، بووە بە ڕووگەی ئێرانییەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ دەستپێکردنی راپەڕینێکی نوێ دژی بێدادی و کۆنەپەرستی. لە ڕاستیدا ئەمڕۆ سەرجەم پێکهاتە ئیتنیکی، ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران هاتوونە سەر ئەو ڕێگایەی کە کورد لە ئێران ٤٤ ساڵ لەمەوبەر هەڵی بژارد.
پێشڕەو و پێشەنگبوونی کوردی ڕۆژهەڵات لە ئاستی ئێراندا، هەر لە ڕووی سیاسییەوە نییە، لە ڕووی کولتووریی و فکرییشەوەیە. ئەگەر کۆمەڵانی خەڵک لە بەشەکانی دیکەی ئێران بەم دوایانە، بە دەنگ هاواری ژنانەوە هاتوون و بە دژی سەرپۆشی زۆرەملی و سەرکوتی ژنان دەنگیان هەڵبڕیوە، کوردستان هەر لە ڕۆژی یەکەمی هاتنە سەرکاری کۆنەپەرستیی ئاخوندی، داواکاری یەکسانیی ژن و پیاو بووە و، ژنان نەک هەر لە خەبات و تێکۆشانی سیاسی و پێشمەرگانەدا، بەڵکوو لە مەیدانە ڕۆشنبیرییەکانیشدا، ڕەنگ و دەنگێکی دیاریان هەبووە. کولتووری گشتی لە کوردستان لە ژێر کاریگەریی پەروەردەی سیاسیی بزووتنەوە نەتەوەیی و ئازادیخوازییەکەیدا، ڕێگەی بە هەڵاواردن و سووکایەتی سەبارەت بە جۆری دین، ئایین ، باوەڕ، جلوبەرگ و زمانی کەسێک نەداوە. ئەو ئێرانییانەی لە درێژایی ٣٠-٤٠ ساڵی رابردوودا بە سەردان هاتوونە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە چاوی خۆیان دیتوویانە کە کوردەکان نەک هەر ئەو دێو و درەنجە نین کە کۆنەپەرستیی دەسەڵاتدار لە ئێران، کوردی پێ وێنا کردووە، بەڵکوو نموونەیەکی بەرزن لە نیشتمانپارێزی، مرۆڤدۆستی، میوانگری، تێگەیشتوویی فەرهەنگی، هۆگری بە هونەر و خوێندن و خوێندنەوە و کتێب و قەڵەم. ئەم خەڵکە نموونەن لە پێوەندیی جوانی کۆمەڵایەتی، پێکەوەژیان و ژینگەپاریزی و هتددا. ئەم کولتوورەش لە سەردەم و هەلومەرجێکدا ڕەگاژۆیی کردووە و پەرەی ئەستاندووە کە شەڕ و ستەم و هەڵاواردنێکی هەمەلایەنەی لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە سەردا سەپاوە.
وەبیرهێنانەوەی ئەم ڕاستییانە لای خۆمان و "لای ئەوانیتر"ی نێو چوارچێوەی وڵاتی ئێران پێویستن؛ نەک بۆ خۆهەڵکێشانمان بە سەرئەواندا- کە ئەگەربۆ ئەم مەبەستەش بێ مافی خۆمانە- بەڵکوو بۆ ئەوەی پێیان بڵێین ئێمە لە چوارچێوەی ئەم ئێرانەدا، شایانی ئازادژیان و زاڵبوون بە سەرچارەنووسی خۆمانداین. ئیدی لەمەودا بۆتان نییە بە چاوی گومان یا خێرپێکردن لە خۆمان و پرسە ڕەواکەمان بڕوانن. ئێمە بە هەڵە نەچووین کە لە ڕۆژی یەکەمەوە کوتمان سیستەم و دەسەڵاتێکی سیاسی کە جۆراوجۆریی ئیتنیکی، ئایینی، ڕەگەزی و زمانیی ئێرانییەکان لە ژێر هەر ئایدۆلۆژییەکدا بە ڕەسمی نەناسێ و مل بۆ دیموکراسییەکی تەوافوقی ڕانەکیشێ، دەبێتە بەڵای گیانی ئێرانییەکان. هەر بۆیە مافی خۆمانە لە گوێن خۆڕاگری، ئەزموون، قوربانیدان و سەنگ و شوێندانەریمان بە نۆرەی خۆمان لە گەڵ ئێوەدا، ئەندازیاری بنیاتنانەوەی ئێرانی سبەینێ بین.