دەوڵەتی بریتانیا باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە لەندەن، لە دوای زیادبوونی نیگەرانییە ئەمنییەتییەکان و تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان بانگ کرد و سەبارەت بە کارە تێکدەرەکان هۆشداریی دا.
وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا ڕایگەیاند کە سەید عەلی مووسەوی، باڵوێزی ڕێژیمی ئێران بە فەرمانی "دەیڤید لێمی" بۆ ئەو وەزارەتە بانگ کراوە و لەلایەن "هەمیش فالکۆنەرەوە"، وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.
ئەم هەنگاوە دوای ئاراستەکردنی تۆمەت دژی دوو کەس، کە یەکێکیان هەڵگری ڕەگەزنامەی ئێرانییە، بە گومانی هاوکاری لەگەڵ دەزگایەکی هەواڵگریی بیانی ئەنجام دراوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا بە جەختکردنەوە لەسەر ئەولەوییەتی ئەمنییەتی نەتەوەیی، ڕایانگەیاند کە ڕووبەڕووی هەر جۆرە هەڕەشەیەکی پەیوەندیدار بە ئێران دەبنەوە و دەوڵەت هەموو هەنگاوەکان بۆ پاراستنی خەڵکی بریتانیا لەوانە لەقاودانی کردەوە ناسەقامگیرکەرانەی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوە دەگرنە بەر.
لەم پەیوەندییەدا، پۆلیسی سکاتلەند دەستبەسەرکردنی پیاوێکی ئێرانی و ژنێکی ڕۆمانیایی ڕاگەیاند کە بەتەمای چوونە نێو دامەزراوەیەکی پەیوەندیدار بە هێزی دەریایی شاهانەی بریتانیا بوون.
هاوکات، ڕاپۆرتی دەزگا هەواڵگرییەکان و پارلەمانی بریتانیا باس لە زیادبوونی مەترسیی چالاکییە سیخوڕییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتەدا دەکەن و هۆشدارییان داوە لە هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی زانیارییە هەستیارەکان؛ بابەتێک کە بە وتەی ئەم دەزگایانە، پێویستی بە گرتنەبەری ڕێکاری بەرپەرچدانەوەی توندتر هەیە.