لە دوای کوژرانی عەلی لاریجانی لە کاتی تێکهەڵچوونە سەربازییەکانی ئێستای نێوان ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، محەممەدباقر زولقەدر بە فەرمانی مەسعوود پزیشکیان وەک سکرتێری شورای باڵای ئەمنییەتی میللی ڕێژیم دەستنیشان کرا.
کوژرانی لاریجانی لە نێوەڕاستی قەیرانە یەک لە دوای یەکەکاندا، گورزێکی بنەڕەتیی لە جەستەی بڕیاردانی ڕێژیم وەشاندووە. ئێستا بە دەستبەکاربوونی زولقەدر، کە یەکێکە لە مۆرە باڵاکانی سپای پاسداران و خاوەن ئەزموونێکی درێژخایەنە لە ئاستە فەرماندەیی و ئەمنییەکاندا، بە کردەوە شورای باڵای ئەمنییەتی میللی گۆڕدراوە بۆ بارەگایەکی ئۆپەراسیۆنی شەڕ.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە جێگرتنەوەی لاریجانی بە کەسایەتییەکی تەواو سەربازی وەک زولقەدر، نیشانەی بنبەستی دیپلۆماسی و زاڵبوونی بیرکردنەوەی هێرشبەرانەی سپای پاسدارانە بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ڕێژیمدا.
زولقەدر لە کاتێکدا جڵەوی ئەم دامەزراوە هەستیارە دەگرێتە دەست کە ژێرخانە ستراتیژییەکانی ڕێژیم لەژێر هێرشی قورسدان و ناوەندی دەسەڵات لە تاران، هیچ ڕێگەیەک جگە لە سەربازیگەریی ڕەها بۆ مانەوەی خۆی نابینێتەوە.
ئەم گۆڕانکارییە لە لووتکەی گرژییە ناوچەییەکاندا، جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکاتەوە کە ڕێژیمی تاران بێ گوێدانە بەرژەوەندی و چارەنووسی خەڵک، تەواوی چارەنووسی وڵاتەکەی بە قوماری شەڕی فەرماندەکانییەوە گرێ داوە؛ ڕێکارێک کە تێچووەکانی پێش هەر شتێک دەکەوێتە سەر شانی خەڵک.