فەرماندەیی هێزی ئینتزامیی کۆماری ئیسلامی هەواڵی دەستبەسەرکردنی ٤٦٦ کەسی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە تۆمەتی "چالاکیی ئانلاین دژی ئەمنییەتی میللی" ڕاگەیاندووە.
هێزی ئینتزامیی ڕێژیم ڕۆژی ٤ی خاکەلێوە، ڕایگەیاند کە ئەم کەسانە لەگەڵ تۆڕەکانی دوژمن لە پەیوەندیدا بوون و مەبەستیان دروستکردنی ناسەقامگیری نێوخۆیی بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە میدیاکانی ڕێژیم پێشتریش هەواڵی دەستبەسەرکردنی زیاتر لە هەزار کەسیان لە ماوەی مانگی ڕابردوودا بە تۆمەتی هاوشێوە بڵاو کردبووە.
هاوکات، وەزارەتی ئیتلاعات باسی لە دەستبەسەرکردنی ٣٠ کەس لە پارێزگاکانی هەمەدان، لوڕستان و کرمان کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەو کەسانە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل پەیوەندیان هەبووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی پچڕاندنی ئینتێرنێت لە ٩ی ڕەشەمەوە و سنووردارکردنی پەیوەندییەکان، ئاماری ڕاستەقینەی دەستبەسەرکراوان پشتراست ناکرێتە، بەڵام مەزەندە دەکرێت کە ژمارەی دەستبەسەرکراوان لەو ئامارانەی ڕێژیم زۆر زیاتر بن.