دەوڵەتی لوبنان لە هەنگاوێکی بێپێشینەدا، باوەڕنامەی «محەممەدڕەزا ڕەئووف شەیبانی»، باڵوێزی ڕێژیمی ئێرانی لە بەیرووت پووچەڵ کردەوە و داوای لێ کرد لە کورتترین ماوەی گونجاودا خاکی ئەو وڵاتە جێبهێڵێت.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان، «عەبدولستار عیسا»، بەرپرسی گشتی وەزارەتی دەرەوەی لوبنان، بە بانگکردنی «تۆفیق سەمەدی خۆشخوو»، کارداری ڕێژیمی ئێران لە بەیرووت، پووچەڵکردنەوەی فەرمیی باوەڕنامەی باڵوێزی پێ ڕاگەیاندووە.
دەوڵەتی لوبنان باڵوێزی ڕێژیمی وەک «کەسی نەخوازراو» ناساندووە و تا ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو مۆڵەتی بۆ دیاری کردووە تا خاکی لوبنان جێبهێڵێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییە دیپلۆماسییە، وەزارەتی دەرەوەی لوبنان باڵوێزی خۆی «ئەحمەد سویدان»ی لە تاران بۆ ڕاوێژکردن بانگ کردووەتەوە، کە ئەمەش نیشانەی تێکچوونی قووڵی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو دەوڵەتە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە دەوڵەتی لوبنان لەژێر گوشارێکی توندی نێودەوڵەتیدایە بۆ داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا و پێدەچێت بەیرووت هەوڵ بدات پێناسەیەکی نوێ بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناوەندی دەسەڵات لە تاران بکاتەوە.
پێشتر و لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، یووسف ڕەجی، وەزیری دەرەوەی لوبنان، لە قبووڵکردنی بانگهێشتنامەی سەردانکردنی تاران خۆی پاراستبوو و پێشنیاری کردبوو کە هەر جۆرە دانوستانێک لە وڵاتێکی سێیەم و بێلایەندا ئەنجام بدرێت؛ ڕێکارێک کە نیشانەی دوورکەوتنەوەی بەئەنقەستی دەوڵەتی لوبنانە لە سیاسەتە فراوانخوازییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە دەرکردنی باڵوێزی ڕێژیم، قۆناغێکی نوێیە لە گۆشەگیریی دیپلۆماسیی تاران لە ناوچەکەدا، کە تێچووەکانی بەهۆی سیاسەتە دەستێوەردەرانەکانی فەرماندەکانی سپای پاسدارانەوە، جارێکی دیکە دەکەوێتە شانی خەڵک.