کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا و فەرانسە هاوپەیمانییەک بۆ دابینکردنی ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز پێک دێنن

17:39 - 4 خاکەلێوه 2726

بەپێی ڕاپۆرتی "جاناتان بێڵ"، پەیامنێری کاروباری بەرگری لە بەشی جیهانیی بی بی سی، بەرپرسانی بەرگری دەڵێن بریتانیا لەگەڵ فەڕانسە بۆ دابینکردنی ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز سەرقاڵی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی فرەنەتەوەیین.

بەپێی وتەی ئەوان، ئەم هاوپەیمانییە ،هەر کاتێک بارودۆخ ڕێگە بدات، پێک دەهێنرێت.

بەریتانیا پێشنیاری کردووە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆنفرانسێکی ئەمنییەت لە "پۆرتسمۆس" یان "لەندەن" بەڕێوە بچێت، تاوەکو پلانەکانی پەیوەندیدار بەم ڕێڕەوە زیندووەی گواستنەوەی نەوتی جیهانی دابڕێژرێن.

بەرپرسان جەخت دەکەنەوە کە هەر جۆرە ئەرکێک پێویستی بە هاوکاریی هێزە دەریاییە فرەنەتەوەییەکان هەیە بۆ دڵنیادانەوە بە کەشتییە بازرگانییەکان؛ هەروەها پلانەکانی پاسەوانیکردنی نەوتهەڵگرەکان بەلەبەرچاوگرتنی هەڕەشەکانی ئێستا، دیاری دەکرێن.

ئەم هەنگاوانە بەکارهێنانی کەشتییەکانی (خاوەن سەرنشین و بێ سەرنشین) لەخۆ دەگرێت بۆ پاککردنەوەی ڕێڕەوەکە و بەرەنگاربوونەوەی مینە چێنراوەکان.

بەرپرسێکی بەرگری هەروەها ڕوونی کردەوە کە ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە بوونی مینەکان "ڕاستن"، بەڵام ڕێڕەوەکانی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز هێشتا کراوەن و ژمارەیەک نەوتهەڵگر هاتوچۆی تێدا دەکەن.