کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیەکان؛ دوو جیاوازیی گرینگ، بزووتنەوەیەکی گشتی و هەنگاوێک بۆ ئینقلاب

00:09 - 18 رەزبەر 2722

د. ئازاد محەممەدیانی

ناڕەزایەتییەکانی ئەم جارەی کوردستان و ئێران کە زۆر ھەمە چەشنە، بەپێی گرینگی و سروشتی جیاوازی خۆیەوە، ھێندێک تایبەتمەندی بە ڕوخساریەوە دیارە کە نیشاندەری ھەنگاوێک بەرەو پێش و قۆناغێکی نوێ لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلانی ئێرانە بە یارمەتیی بزووتنەوە جیاوازە کۆمەڵایەتیەکان. دوو تایبەتمەندیی دیاری ئەم ناڕەزایەتیانە توانیویەتی سروشتێکی پێ ببەخشێ کە ھەر کارناسێک پێی وابێ ھەنگاوێکی نوێیە لە خەباتی دێموکڕاسیخوازیی گەلانی ئێراندا.

بەرینایەتی و قووڵایی ئەم ناڕەزایەتیانە، دوو تایبەتمەندی دیارن کە پێویستە ڕاوەستەیەکیان لە سەر بکەین.

بەرینایەتی:

مەبەست لە بەرینایەتی، بەرینی جوغڕافیایی ئەم ناڕازەتییانەیە. دوای ڕووداوەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری ساڵی ١٣٧٨، بەردەوام جۆرێک کەشی ناڕەزایەتی لە ئێراندا بوونی ھەبووە کە ھەر جارەی لە شوێنێک و بە جۆرێک سەری ھەڵداوە و ئێشی بە دەسەڵات گەیاندووە، پاشان بزووتنەوەی سەوز لە ١٣٨٨دا سەری هەڵدا کە بووە هۆی تێوەگلانی بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی ئێران، بەتایبەت لە شارە گەورەکانی وەک تاران، ئیسفەھان، تەورێز، شیراز و چەند شاری دیکە کە نیشانەی بەرچاوی جۆرێک ئێعترازی جەماوەری بوو کە تا ئەوکات کۆماری ئێسلامی بەخۆیەوە نەدیبوو. دواتر ناڕەزایەتییەکانی زستانی ١٣٩٦، ھاوینی ١٣٩٧ و پاییزی ١٣٩٨ کە ھەرسێکیان ھاوشێوە بوون و وەک شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی دەکرێ باسیان بکرێ، ڕوویان دا. شۆڕشێک کە بە پێچەوانەی ١٣٧٨ بەریناییەکی زیاتریان بوو و جوغڕافیایەکی زیاتریان بە خۆوە خەریک کردبوو، ئەگەر ٧٨ تەنیا لە تاران و زانکۆی ھێندێک شاری گەورەی وک تەورێز بوو، لە ٨٨دا شاری گەورەی دیکەشی گرتبۆوە بەڵام لە ۹۶، ۹۷ و ۹۸دا شاره‌ گەورەکانی تێپەڕاندبوو و لە شارە چکۆلەکانی پەراوێزدا ناڕەزایەتیەکان گەرم و گوڕتر بوون. بەڵام جیاوازی گەورەی ٩٦ بەولاوە لە گەڵ ٨٨، ئەوەبوو کە ژماری ناڕازیەکانی سەر شەقام پتر بوون. لە ڕاستیدا ناڕازیانی سەرشەقام پتر بوون لەو ژمارەیەی کە لە ٩٦ و ٩٨دا دەبیندرا. بەڵام لە خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەدا ھەم ژمارەی شارەکان پترە لە ٩٦ و ٩٨ ھەم ژمارەی کەسانی ناڕازی پترە لە ٨٨، کەواتە لە بواری بەریناییەوە، ئەم خولەی ناڕەزایەتییەکان، تایبەتمەندییەکانی ھەموو قۆناغەکانی ٨٨، ٩٦، ٩٨ی ھەیە و لە نەزەر شکڵیەوە دەتوانێ ئولگوویەکی تەحلیلی بێ بۆ تێوەگلانی ھەموو جوغڕافیای سیاسی ئێران.

لە کوردستانیش ھەر بەم شێوەیەیە، ئەگەر لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی شار بڕوانین، ھەر جارە و بەشێکی کوردستان بەشدار بوون، کە ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان پتر لە پارێزگای سنە و ورمێ دەبیندرا. لە ٩٦و ٩٨دا کرماشان و ئیلام بەشدار بوون، بەڵام لەو دوو پارێزگایەی دیکە واتە سنە و ورمێ کەمتر خۆپیشاندان ھەبوو، بەڵام ئەم جارە لە ھەر چوار پارێزگای کوردستان خۆپیشاندانی جەماوەری لە ئاردایە سەرەڕای ئەوەیکە مانگرتنەکان بە پێچەوانەی جاران دوو پارێزگای کرماشان و ئیلامیشی گرتۆتەوە کە جاران کەمتر دەبیندران، کەواتە بەرینایی ئەم ناڕەزایەتییانە لە کوردستانیش زیاترە لە جاران و بە درێژی ٤٤ ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامی ناتوانین وێنەیەکی دیکەی ئاوا بێنینەوە.

قووڵایی:

مەبەست لە قووڵایی؛ پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستانە، واتە ئاستی قووڵبوونەوی ئەم ناڕەزایەتییانە لەنیو جۆراوجۆریی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستاندا. ئەگەر بمانەوێ لە بوار ئاستی چین و توێژە جیاوازەکانی بەشداربوو لە نێوان خۆپیشاندانەکانی ٧٨ بەولاوە لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ئەم جارە هەڵسەنگاندنێک بکەین، دەتوانین بەو ڕاستییە بگەین کە جۆراوجۆریی پێکهاتەکان لەم قۆناغەی ئێستا و ئەوانی پێشوودا جیاوازییان هەیە. ناڕەزایەتییەکانی ٧٨ بنەمای لە بزووتنەوەی خوێندکاریدا بوو کە چینی مامناوەندی کۆمەڵگەی نوێنەرایەتی دەکرد، چینێک کە لەسەر داوای ئازادیی بەیان و ئازادییە سیاسییەکان هاتبوونە مەیدان، ساڵی ٨٨ کە دەتوانیین بڵێین خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە بەربەرەکانێی خەڵک دژ بە کۆماری ئیسلامی، یەک لە جیاوازترین قۆناغەکانی بزووتنەوەی دێموکراسیخوازی ئێرانییەکان بوو، دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆڕ" بۆ یەکەم جار هاتە ئەدەبیاتی سیاسی ئێعتڕازەوە و بەشداریەکی زۆری جەماوەری بوونی هەبوو بە ناوەندێتیی چینی مامناوەندی کۆمەڵگە و بزووتنەوەی خوێندکاری وەک باسکی بەهێزی ئەو چینە، چینی خوارەوەی کۆمەڵگە ئەگەرچی حوزووری هەبوو بەڵام دەسەڵات توانیبووی وێڕای کەمینەی لایەنگرانی خۆی جەزبی دروشمە پۆپۆلیستیەکانی ئەحمەدینژادیان بکات، کەواتە کۆمەڵگەی ئێران لەنێوان دوو باڵی ڕێفۆرمخوازان کە چینی مامناوەندی نوێنەرایەتیی دەکرد و بنەماژۆخوازەکان کە چینی خوارەوەی کۆمەڵگەی نوێنەرایەتیی دەکرد دابەش ببوو کە لەو دیوی ئەم دابەشبوونەدا گۆڕانکاریخوازەکان بوون کە قەتیان کۆماری ئیسلامی قەبووڵ نەبوو یا لانیکەم تازە کەوتبوونە بەرەی ڕووخێنەرەکانەوە، ئەوانە پتر لە کەسانی چینی مامناوەند، چەپەکان، نەتەوەکانی ئێران، ڕووناکبیران و لیبڕالەکانی سەردەمی پاشایەتی و نوێخوازەکان پێک دەهاتن کە لە ئێعتڕازەکانی ٨٨دا ببوونە هاوپەیمانی ڕێفۆڕمخوازەکان و لەسەر شەقام و لە فەزای ڕووناکبیریدا لە یەک بەرەدا دژ بە دەسەلات چالاکییان دەکرد، لەم دەورەیەدا زۆرترین لێ‌تەکینەوە لە دەسەڵاتی ئیدئۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی ڕووی دا کە بەشێک لە چالاکانی ئەمڕۆی وەک محەممەدی نووریزاد و... لێکەوتەی دۆخی ئەو سەردەمن، دۆخیک کە بە هۆی سەرکوتەکانی دەسەڵات پێش هات و زۆرترین "ڕەوایی‌سڕینەوەی" لە دەسەڵات کرد، چون کەسانێک کە تا دوێنێ هاوپەیمانی حکوومەت بوون ئێستا ببوونە دژبەری دەسەڵات و شێوە دەسەڵاتدارییەکەی، بۆیە دەڵێم خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە خەباتی دێموکڕاسیخوازی کۆمەڵانی ئێراندا. هەر بەو هۆیە تا ئێستاش حکوومەت لایەنگرانی بزووتنەوەی سەوز بە فیتنەگەر ناو دەبا و ئەو کەسانە هەر لەژێر گوشاری دەزگا ئەمنیەتییەکان‌دان. لە کوردستانیش لەو قۆناغەدا جموجۆڵێکی جەماوەری لە ئارادا بوو کە نموودە سەرەکیەکەی مانگرتنی گشتی و کەم‌وێنەی خەڵکی کوردستان بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕی ساڵرۆژی شەهید کرانی دوکتور قاسملووەوە بوو. بەڵام لە کوردستانیش چینی مامناوەندی کارگێڕی سەرەکیی ئەو چالاکییانە بوو. بەڵام کە دەگەینە ٩٦، گۆڕانکاری لە پێکهاتەی چینایەتی کۆمەڵگەی ئێراندا ڕوو دەدا؛ کە بە هۆی ڕسووبی سیاسەتە ئابوورییەکانی ئەحمەدینژاد، شکستی بەرجەماکەی ڕوحانی و گەمارۆ کەمەرشکێنەکانی ئامریکا و ڕۆژئاوا لە سەر ئابووریی ئێرانە کە ببووە هۆی چکۆلەبوونەوە و لاوازتربوونی چینی مامناوەندی. لەم دۆخەدا و بە هۆی قەیرانی ئابووری کۆمەڵێک ئێعتڕازی سەیر و سەمەرە شکڵ دەگرێ کە کەم‌وێنەیە هەم لە باری چینی سەر شەقام و هەم جۆری هەڵسوکەوت و دروشمەکانیان، ئەوە شۆڕشی چینی خوارێی کۆمەڵگە بوو کە چینی مامناوەندی کەمتر دیترا، هەر ئەم دۆخە لە هاوینی ٩٧دا بە هۆی دابەزینی بایەخی پووڵی ئیران و گرانبوونی دۆلار دووپات بۆوە، لەم ساڵەشدا چینی مامناوەندی کەمتر دیار بوو ئەگەرچی بازاڕی تاران بەشداریی هەبوو، بەڵام لەسەر شەقام تەنیا گەنجەکانی نەوەی نوێ و چینی خوارێی کۆمەڵگە بوونیان هەبوو.

ساڵی ٩٨ تەواوکەری ئەو شێوەیە لە ئێعتڕاز بوو، لەو دەورەیەدا چینی مامناوەندی دیسان کەمتر لە مەیداندا بوون. بەڵام چینی خوارێی کۆمەڵگە و گەنجەکانی نەوەی نوێ بە توندترین شێوە لە مەیدان‌دان و توندو تیژی دەسەلات بی‌وێنەیە. کۆمەڵانێک کە بە هۆی ئابووریی نابەسامان و بێکاری و گرانی دەنگی ناڕەزایەتییان گەیشتبووە ئەوپەڕی خۆی. بەڵام ئەوەی لەم قۆناغەدا خەریکە ڕوو دەدا وێڕای ئەوەیکە بەگشتی هەم لە باری قەوارە و هەم لە باری دروشم و شێوەی بەشداربوون و پێکهاتەی بەشداربوانەوە جیاوازە، بەڵام هەموو تایبەتمەندییەکانی ناڕەزایەتیەکانی ئێران لە ١٣٧٨ەوەی تێدا دەبیندرێ، وەک ٧٨ بزووتنەوەی خوێندکاری بوونی هەیە و پاش پتر لە یەک دەیە زیندوو بۆتەوە، وەک ٨٨ هەم بزووتنەوەی خوێندکاری بوونی هەیە هەم چینی مامناوەندی وەک ناوەندی خۆپیشاندانەکان لە مەیدان‌دایە، هەم چینی خوارێی کۆمەڵگە و نەوەی نوێ و گەنج وەک ساڵی ٩٦، ٩٧ و ٩٨ حزووریان هەیە. سەرەڕای ئەوانە چەند چینی دیکە وەک سێلێبریتیەکان، هونەرمەندان، وەرزشوانەکان و مامۆستاکانی زانکۆ بەشداری ئەم ڕاپەڕینەن کە بڕێک لە ٨٨ دەچێ، بەو جیاوازییەی کە ئیدی باسی وەرگرتنەوەی دەنگ و ڕێفۆڕم ناکرێ، بەڵکوو سەرجەم دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تۆمەتبارە و ڕێگەچارە بە ڕووخاندنی دەزانن. لەم قۆناغەدا بازاڕ وەک باسکی سەرەکی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لانیکەم تا دە ساڵ لەوە پێش بەشێکە لە هێزی ناڕازی خەڵک بە شێوەیەک کە هاوکاری ناڕازییەکانی سەرشەقامن و ئامادەی مانگرتنن کە لە هێندێک شار جگە لە کوردستان دیتراوە کە نوێنەرایەتیی چینی مامناوەندی و مامناوەندی بۆ سەرێ دەکەن.

لە کوردستانیش جیاوازییەکی بەرچاو لەگەڵ ڕووداوەکانی پێشوو هەیە، چینی مامناوەندی لە مەیدان‌دایە کە بە دووجار مانگرتنی گشتی حوزووری خۆیان سەلماندووە، چون بازاڕ نوێنەرایەتیی ئەم چینە دەکا. بزووتنەوەی خوێندکاریی کوردستان هەم لە شارە کوردنشینەکانی وەک سنە، ورمێ و کرماشان و هەم لە زانکۆکانی دیکەی ئێران بەشداری ئەم ناڕەزایەتیانەن، هەم گەنج و نەوەی نوێی کورد و چینی خوارێی کۆمەڵگە لەسەر شەقام حوزووریان هەیە، کە بزووتنەوەی مامۆستایانی قوتابخانەکانیشی پێ زیاد بووە کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا هەر لە مەیداندا بوون و ئێستا پەیوەست بوون بەو ڕاپەڕینە، مانای ئەوە ئەوەیە کە لە کوردستانیش هەموو چین و توێژەکان بە شێوەیەکی مانادار بەشداری ئەم ڕاپەڕینەن.

لە ڕاستیدا ئەم قۆناغەی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران لە قەوارەی سەرهەڵدانێکی کاتیی بێ‌قەوارە هاتۆتە دەرێ. وەک بزووتنەوەیەکی سەراسەری کە توانیویەتی هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی ئێران کۆ بکاتەوە بە دروشمی ئیجابی ژین-ژیان-ئازادی ەوە مەیدانداریی بێ‌وێنەترین ئێعتڕازی گشتی خەڵکانی ئێران دەکات. دیارە بەرینایی و قووڵایی ئەم ناڕەزایەتییانە هەم بە هۆی کۆ بوونەوەی هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانە و هەم بۆخۆی لە خۆیدا خەریکە دەبێتە هۆی کۆکردنەوەی زیاتری ئەم بزووتنەوە جۆراوجۆرانە، بە شێوەیەک کە خەریکە قەوارەی بزووتنەوەیەکی گشتی سەراسەری بەخۆیەوە دەگرێ و بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو کە ڕووخانی کۆماری ئیسلامیە لێک گرێ دەدرێن.

لە دوای ئینقلابی ئێران لە ١٣٥٧دا ئەوە بۆ یەکەم جارە کە ئەو بزووتنەوە جۆراوجۆرانە بتوانن لە دەوری ئامانج و دروشمێکی هاوبەش کۆ بنەوە. لە ڕاستیدا ئەم ڕاپەڕینە بە مانا زانستیەکەی خۆی خەریکە وەک بزووتنەوەیەکی گشتی ڕەوتی سروشتی خۆی بەرەو ئینقلاب دەپێوێ.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٣٢ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.