- ئامادەکردن: کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
-بەرپرسی کۆمیتە: شیوا حەسەنپوور
١- دەستبەسەرکران
هەر لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر تاوەکوو ئێستا، زیاتر لە ٣٣ لاوی کورد لە شار و ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تەمەنی ١٤ هەتا ٣٥ ساڵ، بە تۆمەتی جیاوازیی بیروباوەڕی ئایینی و سیاسی و تۆمەتی جۆراوجۆری دیکە و هۆکاری نادیار دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە کە ناسنامەی ٢٤ کەسیان ئاشکرا بووە.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوان، لانیکەم دوو کەس لە بۆکان، یەک کەس لە سەقز، چوار کەس لە مەریوان، یەک کەس لە سنە، یەک کەس لە کرماشان، سێ کەس لە شنۆ، پێنج کەس لە پیرانشار، چوار کەس لە مەهاباد (یەک لە دەستبەسەرکراوان ژنە)، دوو کەس لە سەردەشت و یەک کەس لە کامێران لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
شوناسی دەستبەسەرکراوان بریتییە لە: ئارام وەفایی تەمەن ١٨ ساڵ و عەبدوڵڵا گوڵستانی خەڵکی شاری بۆکان، شاهۆ ئیبراهیمی خەڵکی سەقز، محەممەد دادڕەس، حەسەن فەرەجی، حەسەن مێهرابی و موبین تاڵەبانی خەڵکی مەریوان، ئازاد حاجی میرزایی خەڵکی سنە، خالید قادرپوور تەمەن ٣٠ ساڵ، محەممەد قادری تەمەن ٢٧ ساڵ، موراد ڕەسووڵ بەهرامی تەمەن ٣٦ ساڵ، ڕەحیم ڕەحمانی و ڕەئووف فەڕوخی خەڵکی پیرانشار، کەیوان سەعیدی، ڕێبوار موسەوی و زاهیر ئازاری تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی شنۆ، خزر ڕەسووڵ مروەت، کەیوان سەید ئەحمەدی، سیروان شاولە و سرووش یووسفزادە خەڵکی مەهاباد، پەریا ڕۆستەمی خەڵکی کرماشان، ئاکۆ عەزیزی و ئەیووب ڕەش تەمەن ٣١ ساڵ خەڵکی شاری سەردەشت و زیلان کەمانگەر خەڵکی شاری کامێران.
٢- لەسێدارەدان
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوان، لە یەک مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٥ لاوی کورد لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا بە تۆمەتی ئەندامیەتی لە حیزبە کوردییەکان، جیاوازیی بیروباوەڕی ئایینی، مادە هۆشبەرەکان و تۆمەتی جۆراوجۆری دیکە لەسێدارە دراون کە تەنیا ناسنامەی ١٤ کەسیان بۆ کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرا بووە.
بەپێی ئەم ئامارە، دوو کەس خەڵکی شاری مەریوان، سێ کەس خەڵکی پارێزگای کرماشان و هاووڵاتییانی دیکە خەڵکی شار و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە ناسنامەی تەواویان ئاشکرا نییە.
شوناسی لەسێدارەدراوان بریتییە لە: محەممەد فەرەجی تەمەن ٣٠ ساڵ و تالیب هیجرەتی خەڵکی مەریوان، قاسم سەجادی تەمەن ٢٧ ساڵ، شەهرام میرزایی تەمەن ٣١ ساڵ، سەعید ئەمیری تەمەن ٣٠ ساڵ و سەعید پیری خەڵکی کرماشان، ئەرسەلان خانی، مێهرداد شەهیدی تەمەن ٣٣ ساڵ، کامیار بەراتی، سامان محەممەد خیارە، حافیز ڕەحمەتی، هومایون سەفەری، مستەفا میرزایی و ئەیووب لەتیفیان خەڵکی ناوچە و شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم لاوە کوردانە بە تۆمەتی جۆراوجۆر و نادیار لە مانگی ئۆکتۆبەردا لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا لەسێدارە دراون.
٣- کوژران و بریندارکردنی کۆڵبەران
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە مانگی ئۆکتۆبەردا لانیکەم ٧ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گیانیان لەدەست داوە کە ناسنامەی پێنجیان بۆ کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوان ئاشکرا بووە.
بەپێی ئەم ئامارە چوار کۆڵبەر بە ناوەکانی ئیبراهیم پیرانزاد، مێهدی شەریفی، ڕێبوار محەممەدزادە و مەهدی شەریفی خەڵکی شاری بانە گیانیان لەدەست داوە.
هەروەها کؤڵبەرێکی خەڵکی شاری بانە بە ناوی شاهۆ ڕۆستەمی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بریندار بوون، کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی شاری بانەش بەهۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لەدەست دا.
بەپێی یاسا، پاسەوانانی سنوور دوای جارێک ئاگادارکردنەوە بۆیان هەیە لە کەمەر بەرەوخوار تەقە بکەن، بەڵام هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بە مەبەستی کوشتن ڕاستەوخۆ تەقە لە سەر و دڵی کۆڵبەران دەکەن.
تێبینی: لە ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەدا، لە زانیاریی سەرجەم ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان و ئەو زانیارییانەی بەدەستی یەکیەتیی لاوان گەیشتووە، کەڵک وەرگیراوە.