
یێسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، پێویستە دەوڵەتی لوبنان پێبەندبوونی خۆی بە چەکداماڵین و نەمانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان جێبەجێ بکات.
کاتس هەروەها ڕایگەیاند کە زۆرترین هەوڵ بۆ پاراستنی دانیشتووانی ئیسرائیلی لە باکووری وڵات بەردەوام دەبێت و ئەم هەوڵە چڕتر دەبێتەوە.
ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ١ی خەزەڵوەر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە چوار ئەندامی حیزبوڵڵایان کوشتووە.
ئیسرائیل و لوبنان لە سەرماوەزی ١٤٠٣دا بۆ ئاگربەست و جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ١٧٠١ی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتنە ڕێککەوتن، بەڵام هێرشەکانی ئیسرائیل لەودیو سنوورەکانەوە بە شێوەیەکی ئارام و لەسەرەخۆ بەردەوام بووە.
بەپێی ئاگربەستێک کە کۆتایی بە زیاتر لە ساڵێک لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا هێنا، لوبنان بەوەی کە تەنیا هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت لەو وڵاتەدا چەک هەڵبگرن ڕازی بوو؛ ئەمەش بە مانای چەکداماڵینی یەکجاریی حیزبوڵڵایە.
لەو کاتەوە بەیرووت لەژێر گوشاری ئەمریکا و عەرەبستان و ڕکابەرە نێوخۆییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان، بۆ چەکداماڵینی ئەو گرووپە بووە.
سەرچاوەکانی ئەرتەشی لوبنان بە ڕۆیتێرزیان ڕاگەیاندووە، ئەوەندە کۆگای چەکی حیزبوڵڵایان تەقاندووەتەوە کە تەقەمەنیەکانیان تەواو بووە، بەڵام ناچار بوون بۆ ئەوەی گرژییەکان لەنێوخۆی وڵاتەکەدا نەوروژێنن، بە وریاییەوە هەنگاو هەڵ بگرن.
حیزبوڵڵای لوبنان کە سەردەمانێک حیزبێکی باڵادەست لە لوبنان بوو، بەهۆی شەڕی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ ئیسرائیل بە توندی لاواز بوو، ئەو شەڕە کوژرانی هەزاران چەکدار و ڕێبەرە دێرینەکەی حەسەن نەسروڵڵای لێکەوتەوە. هەروەها زیاتر لە هەزار و ١٠٠ ژن و منداڵی کوژران و بەشێکی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنانی وێران بوو.