کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زایەڵەی سروودە نیشتمانییەکانی قوتابییانی جوانڕۆ لە قوتابخانەکاندا دەنگ دەداتەوە

16:55 - 11 خەزەڵوەر 2725

لە درێژەی هەوڵی مامۆستایانی نیشتمانپەروەری شاری جوانڕۆ بۆ پێگەیاندنی قوتابییان بە هەستی کوردانە و خۆشەویستییان بۆ کوردستان، لە قوتابخانەیەکی کچانەی دیکەی ئەو شارەدا، قوتابییانی کچ سروودی "سروەی بەیانیـ"ـیان وتووەتەوە.

بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک کە لە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، کچانی قوتابخانەی "پەروین ئێعتێسامیـ"ـی جوانڕۆ، سروودی نیشتمانیی "سروەی بەیانی"یان خوێندووەتەوە و هەستی خەڵکی ئەو شارە و بیسەران و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بزواندووە.

شێعری "سروەی بەیانی" لە شێعرەکانی شاعیری بەناوبانگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سوارەی ئیلخانیزادەیە و لەلایەن هونەرمەند "نەجمەدین غوڵامیـ"ـیەوە کراوەتە سروود و لەلایەن خەڵکی ڕۆژهەڵاتەوە ئەو شێعر و سروودە جێگە و پێگەیەکی بەرزی هونەریی هەیە.

شایانی باسە لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا لە قوتابخانەیەکی کچانەی جوانڕۆشدا، کچانی قوتابیی قوتابخانەی "فێردەوسی"، سروودی "ڕێی خەبات"یان وتەوە کە بە شێوەیەکی بەربڵاوی لەنێو سۆشیاڵ میدیا و خەڵکدا بڵاو بوویەوە.

هەر بەو هۆیەوە ڕێکەوتی ٧ی خەزەڵوەری ۱٤۰٤، دوو مامۆستای ژنی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوەکانی زەیتوون کەهزادی‌نەسەب(بەڕێوەبەر) و مێهری خوسرەویزادە(جێگری پەروەردەیی)ی ئەو قوتابخانەیە، بەهۆی وتنەوەی ئەو سروودەوە، تووشی "بانگکران، لێپرسینەوەی بەردەوام، دەرکردن لە بەرپرسایەتیی بەڕێوەبەری، کەمردنەوەی پلە، کەمکردنەوەی مووچە و لە کۆتاییدا دۆسییەسازیی قەزایی بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی" بوون.

شاری جوانڕۆ هەڵکەوتوو لە پارێزگای کرماشان لە مێژووی دێرۆکیی خۆیدا چەندین لاپەڕەی زێڕینی لەهەمبەر بەگژداچوونەوەی داگیرکەرانی کوردستاندا تۆمار کردووە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردووشدا و لە ڕەوتی ڕاپەڕینی ساڵەکانی ١٣٩٦ و ٩٨ و لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا، قارەمانیەتییەکی بێوێنە، بەرخۆدانێکی جێگای سەرنج و بەگژداچوونەوەیەکی چالاکانەیان دژی تاوانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە برد و بە سەدان شەهیدیان پێشکەش بە بارەگای ڕزگاریی کوردستان کردووە و هەموو کات هەستی نیشتمانپەروەری لەنێو هەڵسوکەوت و وتەی چین و توێژە جیاوازەکانی ئەو شارە بەتایبەت چینی فەرهەنگی و قوتابییان و خوێندکاراندا ڕەنگی داوەتەوە.