سمکۆ سەقزی
کاتی خۆی ئاریستۆی فەیلەسووف وەک شرۆڤەی ناخ و کرۆکیی مرۆڤ، نووسی: مرۆڤ ئاژەڵێکی سیاسییە.
ئەو، دواقۆناغی دانا بۆ وەسفی سروشتی مرۆڤ واتە له ئاژەلێکەوە کە توانای قسەکردن و نوتقی هەیە، پلەی مرۆڤی هەڵکێشا بۆ ئاژەڵێکی سیاسی.
سیاسیبوون هەر لەگەڵ لەدایکبوونیدا لەگەڵیەتی و لێی جودا نابێت، سیاسەت تەواوی بیر و هزر و خەیاڵ و ئاکار و کرداری دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.
بۆ ئەم مرۆڤە سیاسییە کە بە پێی تیۆریی ئاریستۆی مەزن هەموو ئینسانێک دەگرێتەوە، دۆخ و حاڵەتێک دروست دەبێ کە هەمیشە له ژیانیدا تووشی دووڕێیان دەبێ و بۆ ئەوەی نیشانی بدات نێرین و ڕای هەیە دەبێ هەڵبژێرێت، بۆیە ناکرێ و نابێ بێلایەن و بێتەرەف بێت. جۆری لایەنگری و بژاردەکەی ئەخلاق و موڕاڵی دیاری دەکات.
لەم بڕگە مێژووییەی کوردستان و ئێراندا ئەم بەشە له فەلسەفەی سیاسی، دەبێ شرۆڤەی بۆ بکرێت، مرۆڤی کورد له خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سەرەڕای سەرکوتی سیستماتیک و بێبەشکرانی لە دەسەڵات، نموونەیەکی جوانی له ئەخلاقی سیاسی لە خۆی نیشان داوە، دژ بە داگیرکەر و ستەم وەستاوەتەوە و هاوکات کۆمەڵگای خۆی وەک ئورگانیزمی زیندە ڕێکخستووە و بۆ پاراستن له بوونی خۆی خەباتی ڕەوای کردووە.
لەم چەن ساڵەی دواییەدا، کورد بۆ بەرگری له دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و بۆ پاراستنی خاکە پیرۆزەکەی لە شەڕی دژی داعش و داعشیزمدا سەدان شەهیدی دا، خاکی سوورخەڵاتی کوردستان لە خانەقینەوە تا دەگاتە کۆبانی شایەتی ئەم قارەمانییەن.
بەهۆی بوونی سوشیاڵ میدیا و گواستنەوەی وێنە و فیلم دنیا بینەری دڕەندەیی و وەحشیگەریی بەڕەی ڕەشی داعش و جوامێری و مێرخاسی و شەرافەتی بەرەی کوردستانی بوون.
ئەم جوامێری و ئەخلاقە لە سیاسەت و خەباتدا لە گەڵ ڕۆحی کوردستان و کورددا تەبایە. ڕێبەرانی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئامانج قەت دەستیان نەداوەتە ئامێری ناڕەوا.
بە گەیشتن بە دەسەڵاتیش وەک چۆن لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستان دەبینین، ژینگەی کوردستان شوێنی تەبایی و برایی و پێکەوە ژیانی بیرەجیاوازەکانە، دنیای ئازادی ڕۆژاوایی زۆرترین تەعامولیان لەگەڵ دەکات و ئەوانیش توانیویانە لەچاو حکوومەتی ناوەندیی خۆیان ژیانێکی ئازاد و شاد و ئاسوودەتر بۆ دانیشتووانی خۆیان دەستەبەر بکەن.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەر لە ساڵی ٥٨ کە خومەینی باوکی مەعنەویی داعشیزم، پەلاماری کوردستانی دا، بەرەی کوردستانی خەباتکار، قەت له ڕێبازی شەرەف و جوامێری لایان نەدا و تا ئەمڕۆ کە دەستی مەرگ بینەقاقای ڕێژیمی ئەهریمەنیی تارانی جەڕاندووە، کورد توانیویە خاوەندار و پارێزەری بەهاکانی مرۆڤایەتی بێت، هەمیشە بەپێی سروشت، سیاسی ماوەتەوە و قەت بێلایەن بوونی هەڵنەبژاردووە.
ڕێژیم هاوکات لەگەڵ سەرکوت و تێرۆر بە پروپاگاندەی درۆیینی چەپەڵ، سیمای کوردی ڕەش دەکرد و بە تۆمەت و درۆ و چەواشە خەڵکی ئێرانی له کورد دەترساند؛ بەڵام کورد، خەبات و ژیانی پێکەوە ئاوێتە کرد و توانیی بەسەر سیاسەتی کوردۆفۆبیای ڕێژیمدا زاڵ ببێت، ئەمڕۆ تەواوی نەتەوەکانی ناو جوغرافیای ئێران بە فارسیشەوە چاو لە دەمی کوردستانن کە ڕێگا نیشاندەریان بێت بەرەو ڕزگاری.
گریمان، ئەگەر لە شوڕشی گەلانی ئێرانی لە ساڵی ٥٧ کورد خاوەنی میدیا بۆ ناساندنی خۆی ببوایە وەک چۆن ئیمرۆ کوردکاناڵ ڕۆڵێکی شیاوی بەرپرس دەبینێ و بووەتە چقڵی چاوی فاشیزمی تاران، تەواوی ئێران هاوڕا و هاوڕێی کەسانی وەک دوکتور قاسملووی شەهید دەبوون، کۆمەڵگای ئێران و کوردستان ئەم زەحاکە جەلاددەی ویلایەتی فەقیهی بەخۆیەوە نەدەدی و دەیان هەزار ڕۆڵەی نەدەبوونە قوربانی.
هەر لە سەرەتای ئەم خەباتە لە بەردەم مرۆڤی ئێرانیدا دووڕێیانی شەرەف و بێشەرەفی بوونی بووە، ئەمڕۆ تەواوی خەڵکی خرۆشاو ڕێبازی شەرەفیان هەڵبژاردووە بۆ ژیانێک کە لێوانلێوی شەرافەت بێ و بە دەنگێک کە تەواوی گۆی زەوی دەیبیسێت بە خامنەیی کۆرپەڵەکوژ دەڵێن : بێشەرەف.
تێچووی ئەم ژیانە هەر چی بێت بە دڵنیاییەوە بایەخی هەیە.