ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ١ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕەوەندی کوردی لە وڵاتی سویس، ڕێوڕەسمێکی پڕشکۆ بۆ پیرۆزڕاگرتنی ساڵی نوێ وجەژنی نەورۆزی کوردەواری لە شاری لۆزان بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمی "نەورۆزی ئازادی" بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب'' لە لایەن کۆڕی هونەریی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە سویس و بە هاوکاریی هونەرمەند "ڕافا سەروتی" دەستی پێکرد. پاشان چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان ڕاگیرا.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، وەک نەریتی ساڵانە سروودی نەورۆز بڵاو کرایەوە و پاشان پەیامی کۆمیتەی ئامادەکار لەلایەن "کاک ڕەحیم محەممەدی"، ئەندامی حیزب، پێشکەش کرا.
بڕگەیەکی تری ڕێوڕەسمەکە تەرخان کرابوو بۆ پیرۆزبایی لە بەشداربووان و خوێندنەوەی سروودە نەتەوەییەکان.
لە کۆتاییی ڕێوڕەسمەکەدا، ئاگری نەورۆزی ئەمساڵ لەلایەن کۆمیتەی ئامادەکارەوە هەڵکرا کە پێکهاتبوون لە:
کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سویس
نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سویس
پارتی سۆسیالیستی کوردستان (PSK)
پارتی دێموکراتی کوردستان
ڕێکخراوەی کۆمکار
ئەم جەژنە نەتەوەییە بە شایی و گۆڤەندی بەشداربووان و لە کەشێکی پڕ لە جۆش و خرۆشدا کۆتایی پێهات.