محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، لە کاردانەوەیەکی تونددا بەرامبەر بە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە داخستنی گەرووی هۆرمۆز، ڕایگەیاند کە هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران بە وەڵامێکی قەرەبوونەکراو بەرەوڕوو دەبێتەوە.
قالیباف ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خاکەلێوە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی: " دوای هەر هێرشێک بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانەکانی ئێران، دەستبەجێ تەواوی ژێرخانە گرینگ و وزەیی و نەوتییەکانی ناوچەکە وەک ئامانجی ڕەوا دەبینرێن و بە شێوەیەکی قەرەبوونەکراو تێک دەشکێندرێن." ناوبراو هەروەها هۆشداریی دا کە لە بارودۆخێکی وەهادا، نرخی نەوت بۆ ماوەیەکی درێژ لە ئاستێکی زۆر بەرزدا دەمێنێتەوە.
ئەم هەڕەشەیەی سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم دوای ئەوە دێت کە سەرۆککۆماری ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ هۆشداریی دایە تاران؛ تڕامپ ڕایگەیاند ئەگەر ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا گەرووی هۆرمۆز بە تەواوی و بێ هەڕەشە نەکاتەوە، ئەمریکا وێستگەکانی کارەبای ئێران لەنێودەبات و هێرشەکانیش لە گەورەترین وێستگەوە دەست پێ دەکات.
هاوکات لەگەڵ قالیباف، وتەبێژی بارەگای ناوەندیی "خاتەمولئەنبیا" لە بەیاننامەیەکدا هەڕەشەی کردووە کە لە ئەگەری جێبەجێکردنی هەڕەشەکەی ترامپ، تەواوی ژێرخانەکانی وزە، تێکنۆلۆژی زانیاری و وێستگەکانی شیرینکردنی ئاوی سەر بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا دەکرێنە ئامانج.