بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، دەستی کردووە بە هێزکێشانێکی بەرفراوان بۆ ناوچە سنوورییەکانی کوردستان.
ئەم هێزە نوێیانە، کە زۆربەیان لە هێزەکانی ئەرتەش پێکهاتوون، لە ناوچەی مەریوان و لە بناری "سۆرێن" جێگیر کراون؛ ئەو ناوچەیە دەکەوێتە بەرامبەر شارۆچکەی سەیدسادق و ناوچەی شانەدەری لە هەرێمی کوردستان. سەرچاوە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە جێگیرکردنی ئەم قەبارەیە لە هێزی سەربازی لەو ناوچەیەدا، بێوینەیە و پێشینەی نەبووە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، زۆربەی بنکە و بارەگا جێگیرەکانی ڕێژیم لە ئێران و کوردستان کراونەتە ئامانج و زیانی قورسیان بەرکەوتووە. جێگیرکردنی ئەرتەش لە بناری چیاکان، هەوڵێکی ڕێژیمە بۆ پاراستنی پاشماوەی هێزەکانی لە بۆردومانەکان و دوورخستنەوەیان لەو بنکە جێگیرانەی کە پێشتر کراونەتە ئامانج.
هاوکات، ئەم هەنگاوە نیشانەی ترسی ڕێژیمە لە هەر جووڵەیەکی سەربازیی هێزی پێشمەرگە و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات؛ دەیەوێت بەم هێزکێشانە، بەربەستێک لەبەردەم ئەگەری جموجۆڵی پێشمەرگە بۆ نێوخۆ دروست بکات.