ڕێکخراوی پەیمانی ناتۆ ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٢٠ وڵاتی ئەندامی ئەم هاوپەیمانییە خەریکی هاوکارین بۆ دەستەبەرکردنی کراوە هێشتنەوەی گەرووی هۆرمۆز بۆ گواستنەوەی وزە لە جیهاندا کە ڕێڕەوێکی چارەنووسسازە.
مارک ڕوتێ، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خاکەلێوە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "فاکس نیوز" وتی کە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ "خەریکی هەماهەنگین بۆ جێبەجێکردنی دوورەدیمەنی سەرۆککۆماری ئەمریکا".
ناوبراو بە ئاماژەدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، کردەوە سەربازییەکانی ئەمریکای دژی کۆماری ئیسلامی بە "زۆر چارەنووسساز" وەسف کرد و بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێرانی بە هەڕەشەیەکی جیددی ناوبرد.
ڕوتێ هەروەها ڕەخنەکانی ترامپی لە هەندێک لە ئەندامانی ناتۆ وەک نیشانەیەک بۆ "ناڕەزایەتی" لەقەڵەم دا و هەر جۆرە ناکۆکییەکی قووڵی ڕەت کردەوە.
سکرتێری گشتیی ناتۆ لە درێژەدا وتی: "من تەواو دڵنیام کە ئێمە لە کردنەوەی گەرووی هۆرمۆزدا سەرکەوتوو دەبین و پلاندانان بۆ ئەم کارە لە پێشترەوە دەستی پێکردووە".
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دەدرێن کە گرژییەکان لە کەنداودا ڕوویان لە زیادبوون کردووە و نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز و ڕەوتی بازرگانی جیهانی لە پەرەسەندندایە.