کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێبەشکردنی زیندانییانی سیاسی لە مورەخەسی و پەیوەندیی تەلەفۆنی

17:41 - 2 خاکەلێوه 2726

هاوکات لەگەڵ بارودۆخی شەڕ لە ئێران و ناوچەکە، گوشارەکان بۆ سەر زیندانییانی سیاسی لەنێو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا چڕتر بوونەتەوە و مافە سەرەتاییەکانیان بە تەواوی پێشێل دەکرێت.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پەیوەندیی تەلەفۆنیی زیندانییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان تووشی پچڕانی بەردەوام بووە. فەخرولسادات موحتەشەمی‌پوور، هاوسەری مستەفا تاجزادە، زیندانیی سیاسی لە زیندانی ئێڤین، ڕایگەیاندووە کە ئەم دۆخە بووەتە هۆی دڵەراوکێ و ناڕەزایەتییەکی زۆر لە نێو زینداندا.

 بە وتەی تاجزادە، سەرەڕای ئەوەی بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی ڕێکخراوی زیندانەکان دەبوو لە کاتی شەڕدا مورەخەسی بدرایە بە زیندانییان، بەڵام تا ئێستا هیچ زیندانییەک ئەو مافەی پێ نەدراوە.

جگە لە پچڕانی تەلەفۆن، خزمەتگوزارییە ڕەفاهی و پێداویستییە سەرەتاییەکانی نێو زیندانەکانیش زۆر کەم کراونەتەوە. سەرچاوەکان دەڵێن هێڵەکانی تەلەفۆن لە چەندین کاتی جیاوازی ڕۆژدا بە ئەنقەست دەبڕدرێن و کاتێکیش هێڵەکان کار دەکەن، بەهۆی قەرەباڵغی و چاودێریی توندی ئەمنییەتییەوە، زیندانییان ناتوانن بە ئاسانی هەواڵی خۆیان بە بنەماڵەکانیان بگەیەنن.

ئەم هەڵسوکەوتانەی ڕێژیمی ئێران وەک درێژکراوەی سیاسەتی سەرکوتکاری لە نێوخۆی وڵاتدا دەبینرێت، کە تەنانەت لە نێو زیندانەکانیشدا ڕێگری لە هەر چەشنە پەیوەندییەکی زیندانییان بە بنەماڵەکانیان دەکات.