کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆ نوێیەکانی کانادا بەدژی ئێران سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی لە بواری مافی مرۆڤدا

19:43 - 11 رەزبەر 2722

ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەزبەر، وڵاتی کانادا گەمارۆی نوێی خستە سەر ئێران. هەروەها وڵاتانی ئاڵمان، فەرانسە، دانمارک، ئیسپانیا، ئیتالیا و کۆماری چیک هەوڵی سەپاندنی گەمارۆی دیکە بەدژی ڕێژیم دەدەن.

مێلانی جوولی، وەزیری دەروەری کانادا، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند ئەم گەمارۆیانە لەهەمبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بەتایبەت کوشتنی مەهسا (ژینا) ئەمینی، ئەو کیژەی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی ئەمنییەتی ئەخلاقەوە! گیانی لێ ئەستێنرا، دادەنرێن.

گەمارۆ نوێیەکانی کانادا ٩ دامەزراوە و ٢٥ کەسیی حەقیقی لەوانە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی و فەرماندەرانی سپای پاسدارانی کردۆتە ئامانج.

محەممەد حوسێن باقری، بەرپرسی ستادی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران، حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سپای پاسداران و ئیسماعیل قائانی فەرماندەی هێزی قودسی سپای پاسداران لەو کەسانەن کە لە ڕیزی ئەو بایکۆتەکانی وڵاتی کانادان.

هەواڵدەری ڕۆیتێرز ڕایگەیاندوە، ئاڵمان، فەرانسە، دانمارک، ئیسپانیا، ئیتالیا و کۆماری چیک پاکێجەک بە ١٦ پێشنیارەوە بەمەبەستی گەمارۆ خستنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی توندوتیژی بەدژی خۆپێشاندەران پێشکەش کردوە.

ئەم هەواڵدەرییە ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەزبەر لە زار سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان ڕایگەیاندوە، گەمارۆکان، کەس و دامەزراوەکانی بەرپرسی یەکەم لە سەرکوتی بەربڵاوی خۆپێشاندەران بوونە دەکاتە ئامانج.