ڕۆژی هەینی ٦ی سەرماوەزی ١٤٠٥، هەڵمەتی زاگرۆسانە بە بەشداریی ئەنجومەنە ژینگە پارێزەکان، گرووپە شاخەوانییەکان، چالاکانی مەدەنی، هۆگرانی ژینگە و ژیان و هەروەها خەمخۆرانی خاک و نیشتمان لە شاری سەقز، لە بەرزایی سەرچنار و بە دروشمی "ژینایی ئەم نیشتمانە بە سەوزایی زاگرۆسەوە جوانە" بەڕێوە چوو.
ئەم کۆبوونەوەیە بە ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی کوردستان و وتنەوەی سروودی خوایە وەتەن ئاوا کەی دەستی پێکرد.
بەشداربووان پەیمانیان لەگەڵ خاکی پیرۆزی نیشتمان نوێ کردەوە کە خاکپارێز و وڵاتپارێز بن هەتا نەیارانی کوردستان و ژینگە ئاگادار بن کە کوردستان بە دەست ئەوان کاول ناکرێ و کوردستان خەمخۆری خۆی هەیە و دەیپارێزن.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا هەموو ئەنجومەنەکانی شارەکانی دەوروبەر وەک بۆکان و سقز و مەریوان پەیامی خۆیان ئاراستە کرد و چەند هاوڕێیەکیش بە وتنی گۆرانی و خوێندنەوەی شێعر، پەخشان و سروود، کۆڕەکەیان ڕازاندەوە.
باسیکی تێروتەسەل لەسەر ژینگە و ژینگەپارێزی پێشکەش کرا و هەموو بەشداربووان بە هیوای سەوزتربوونی کوردستان، نەمامەکانی خۆیان چەقاند.