هەردوو وڵاتی پاکستان و تورکیە، دوای کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ سعوودیە لە چوارچێوەی «هاوپەیمانیی بەرگریی مەککە»، جەختیان لە پشتیوانیکردنی ڕیاز لە بەرامبەر هێرشە بەردەوامەکانی چەکدارانی حوسی کردەوە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ئاسۆشەیتێدپرێس، ئێسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆبوونەوەکەدا هەرسێ وڵاتەکە لەسەر پشتیوانیکردنی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و هاندان بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیپلۆماسییەوە ڕێککەوتوون. هاوکات پەیمانەکەی بە ڕێککەوتنێکی تەواو بەرگریکارانە و ستراتێژی وەسف کرد و ڕایگەیاند کە دژی هیچ وڵاتێک، بە ئێرانیشەوە، نییە.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی تورکیە ئاشکرایان کرد کە ئانکارا تاوتوێی ناردنی هاوکاریی سەربازی بۆ سعوودیە دەکات، بەڵام جەختیان کردەوە کە بەهۆی سروشتی «بەرگریکارانە»ی پەیمانی مەککەوە، هیچ هێزێکی تورکیە بۆ هێرشکردنە سەر حوسییەکان یان بەشداریکردن لە شەڕی یەمەندا بڵاو ناکرێتەوە.
پەیمانی بەرگریی مەککە، پەیماننامەیەکی سەربازی و ئەمنیی سێقۆڵییە کە لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا لە کۆشکی سەفا لە شاری مەککە، لە نێوان سعوودیە، تورکیە و پاکستاندا بە مەبەستی بەهێزکردنی هاوکارییە ئەمنییە ستراتێژییەکان واژۆ کرا.