کۆمپانیای گازی ئێران هۆشداری دەدات کە ١١ پارێزگای ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی قەیرانی دابینکردنی گاز دەبنەوە و هەڕەشەی بڕینی گازی ماڵان و ویلاکانیش دەکات. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئێران خاوەنی یەکێک لە گەورەترین پاشەکەوتەکانی نەوت و گازی جیهانە، بەڵام بەهۆی بەتاڵانبردنی سامانی گشتی، گەندەڵی و سیاسەتە هەڵەکانی دەسەڵاتەوە، هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە لە وەرزی سەرمادا دەخرێنە ژێر گوشار و هەڕەشەی بێبەشکردن لە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکانەوە.
هووشەنگ سەیدالی، بەڕێوەبەری هاواهەنگیی کاروباری گەیاندنی گاز لە کۆمپانیای گازی ئێران، لە لێدوانێکی تلویزیۆنیدا ڕایگەیاند کە سێ پارێزگای باکووری ئێران (مازەندەران، خوراسانی باکوور و گوڵستان) کێشەی سەختی دابینکردنی گازیان هەیە و ٨ پارێزگای دیکەش لەوانە پارێزگاکانی سنە و ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەڕووی کەمیی گاز دەبنەوە. ناوبراو هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە گازی ئەو ویلا و شوێنانە دەبڕن کە بە بەتاڵی گەرم دەکرێنەوە.
هاوکات مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، بە پاساوی «نائومێدکردنی دوژمن»، داوای لە خەڵک کردووە دەست بە بەکارهێنانی گاز، کارەبا، بەنزین و گازۆئیلەوە بگرن. کۆمپانیای گازیش ئاماژەی بەوە داوە کە ئاستی بەکارهێنانی ناوخۆیی گەیشتووەتە ٤٢٠ ملیۆن میتری سێجا لە ڕۆژێکدا و بەم هۆیەوە بەشەگازی کارگەکانی وەک پۆڵایان سنووردار کردووە، هەروەها مەترسیی ئەوە هەیە پاشەکەوتی گازۆئیل زووتر لە کاتی خۆی تەواو ببێت.