کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی کامیۆنداران شەشەمین ڕۆژی خۆی تێپەڕاند

08:45 - 7 سەرماوەز 2726

ڕۆژی هەینی ٦ی سەرماوەزی ١٤٠٥، یەکیەتیی ڕێکخراوەکانی کامیۆنداران و شۆفێرانی سەرتاسەری ئێران ڕایگەیاند، مانگرتنی ئەم چینە وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بە قەیرانی سووتەمەنی، بەرزبوونەوەی تێچووەکان و کەمیی کرێی گواستنەوەی بار، پێی نایە شەشەمین ڕۆژەوە و ٢٠ شاری ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە.

ئەم یەکیەتییە لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لە یەکگرتوویی شۆفێران کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە ئێسفەهان، کرماشان و کازروون تەنیا نین و شۆفێرانی ٢٠ شار وەک یەک بنەماڵە و بە یەکگرتوویی، بەرگری لە مافەکانی خۆیان دەکەن. لە ڕۆژی پێنجەمی مانگرتنەکەدا شۆفێرانی مەلایەر و خوڕەماواش چوونە پاڵ ناڕەزایەتییەکان، کە پێشتر لە شارەکانی تاران، ئێسفەهان، ئەهواز، شیراز، کرماشان، بەندەرعەباس، چابەهار، سیرجان، جیرۆفت، بەم، دێزفوول، گەچساران، دیواندەرە، زابۆل، قەزوین، کازروون، هەمەدان و شووشتەر دەستی پێکردبوو.

بە وتەی شۆفێران، کەمیی گازۆئیل و بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخی ڕۆن، تایە و پارچەی یەدەک، وایکردووە کارکردن هیچ سوودێکی ئابووریی نەمێنێت. بە جۆرێک نرخی تایەیەک بۆ بارهەڵگرە گەورەکان گەیشتووەتە نزیکەی یەک میلیارد و ٣٠٠ میلیۆن تمەن و نرخی ڕۆنیش بە بەراورد بە سەرەتای ئەمساڵ ١١ هێندە زیادی کردووە، لەکاتێکدا کرێی گواستنەوە هەر بە نرخی دوو ساڵ لەمەوبەر ماوەتەوە.

ئەم ناڕەزایەتییانە هاوکاتن لەگەڵ دابەزینی بەهای دراوی ئێران، گەمارۆ دەریاییەکان و توندبوونەوەی سزاکان، کە بارگرانییەکی قورسی خستووەتە سەر چینی کرێکار و خانەنشینان. هەر لەم چوارچێوەیەدا و بەهۆی دواکەوتنی مووچە و بیمەوە، کرێکارانی کۆمپانیای کاربۆناتی سۆدیۆمی فیرووزئاواش دەستیان داوەتە مانگرتن.