ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کورتەنامەیەکی هەڕەشەئامێزی بۆ مۆبایلی هاووڵاتییان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناردووە. مەبەستی ئەم ڕێکخراوە دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکی جەماوەرییە.
لە دەقی کورتەنامەکەدا کە بە واژۆی «ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا» بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە گوایە ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقامەکان پێشەکیی هێرشی سەربازین و هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە گورزێکی توندتر لە ڕووداوەکانی ١٨ی بەفرانبار چاوەڕوانی ئەو کەسانە دەکات کە بە «داعشییە نوێیەکان» و «بێنیشتمانەکانی ناوخۆ» ناوی بردوون.
هاوکات ئیتلاعاتی سپا لە پەیامەکەدا داوای لە هاووڵاتییان کردووە کە لە گۆڕەپانەکەدا ئامادە بن و لە هاوکاریکردن و پێدانی زانیاری بە ژمارە تلفۆنە ئەمنییەکانی ١١٠ی پۆلیس، ١١٣ی وەزارەتی ئیتلاعات و ١١٤ی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، بەردەوام بن.
ناردنی ئەم جۆرە کورتەنامانە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ مۆبایلی هاووڵاتییانی کوردستان، سیاسەتی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی بۆ چاودێریکردن، تۆقاندن و سەرکوتکردنی خەڵکە، بەتایبەت لەکاتێکدا کە قەیرانە ئابوورییەکان، مانگرتنە پیشەییەکان و ناڕەزایەتییە گشتییەکان لە سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕوویان لە زیادبوون کردووە.