کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران دەیهەوێ ناڕەزایەتییەکان چۆن سەرکوت بکا و دنیا دەبێ چۆن وەڵام بداتەوە؟

21:52 - 14 رەزبەر 2722

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

ماڵپەڕی ١٩٤٥ – مایکڵ ڕوبین

دوای مردنی مەهسا ئەمینی، کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵەی ئێرانی، کە بە تاوانی دەرکەوتنی قژی دەستبەسەر کرابوو، ناڕەزایەتییەکان لە ئێران هەر وا لە تەشەنەکردن‌دان. دەستبەسەرکردنی ئەوتۆ لەلایەن گەشتی ئیرشادەوە ئاسایین. کاتێک لە گەڕەکێکی خۆشبژیوی باکووری تاران خوێندکار بووم کە زۆرێک لە ژنان بەردەوام "حیجابی نەشیاویان" نیشان دەدا، من ناچار بووم چارەکێک بە پێیان بچم بۆ چوارڕێیانێکی سەرەکی تا لەوێ تاکسیی بگرم بۆ ئەوەی خۆم بگەیەنمە ناوەندی شار کە شوێنی ژیانم بوو. چەند جار، مسافیری بەپەلە بە سرتە ئەو خانمانەیان وشیار دەکردەوە کە بە پێیان بەرەو هەمان ئاراستەی ئێمە دەڕۆیشتن و دەیانگوت لە پرسگەی "حیزبوڵڵا" گەشتی ئیرشادی لێیە و خەریکی جاڕزکردن و گرتنی ژنانە. پرسگەکان زۆر جار کەمتر کاریان بە جێبەجێکردنی بڕیاڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئایەتوڵڵاکان بوو تا گەندەڵی. گەشتی ئیرشاد، کە زۆربەیان هی ناوچە هەژارترەکانی کۆمەڵگەی خۆراوای تاران یان گەڕەکەکانی باشووری تاران بوون، داوای دراو یان دەکرد تا پێش بە دەستبەسەرکران بگرن. ئەوان تاقمێک لەو کەسانەی دراویان نەدەدا لە وانێتی پۆلیسدا کۆیان دەکردنەوە و دەیانبردنە بنکەیەک تا بە زۆرەملێ دروای زۆرتریان لێ بستێنن.

لە کاتێکدا ئەوانەی لە ڕوانگەی سیاسی و ئابوورییەوە بە ڕێبەری گەورە -عەلی خامنەییەوە- نەبستراونەوە بەو ناڕەزایەتییانەی ئێستا دڵخۆشن، خۆزگەخوازیی بە تەنیا نابێتە هۆی سەرکەوتن. کۆماری ئیسلامی کەڵک لە ژمارەیەک ستراتیژیی بۆ سەرکوتکردنی ویستی جەماوەریی وەردەگرێ.

سەرچاوەی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی دژی ناڕەزایەتی

ئێران لە یەکەم وڵاتانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بوو کە باوەشی بۆ ئینتەرنێت کردەوە. کاتێک من بۆ یەکەم جار لە ١٩٩٦ سەفەرم بۆ ئێران کرد، چاوەدێری هێشتا لەگۆترە بوو. لە کاتێکدا کە بێگومان هێندێک ئامرازی ئێلێکترۆنیک بوونیان هەبوو، بەشی هەواڵگریی زۆرتر پشتی بە هەواڵگریی مرۆیی بەستبوو: بەرتیلیان دەدا بە کارمەندانی کافی‌نێتەکان تا سیخوڕی بکەن یان داوایان لە بەڕێوەبەرەکان دەکرد مێژووی گەڕانەکان تۆمار بکەن.

ئەوە لە ١٩٩٩ ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات، کاتێک کۆماری ئیسلامی ئەزموونی یەکەم ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی دوای شۆڕشی ئیسلامی تاقی کردەوە. چەخماخەی ئەو وەرسووڕانە بە هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر شوێنی حەوانەوەی خوێندکاران لە ناوەندی تاران لێ درا. چەند کاتژمێر پێشتر، خوێندکارەکان بە شێوەی هێمنانە ناڕەزایەتییان دژی داخرانی ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگ دەربڕیبوو. ئەندامانی سپای پاسداران بە جلوبەرگی مەدەنی ڕژانە شوێنی حەوانەوەی خوێندکاران، کەلوپەلی خوێندکارانیان تێکشکاند و دزییان و، خوێندکارانیان لە پەنجەرەوە فڕێ دا خوارەوە و لانیکەم کەسێکیان کوشت.

ئاستی تووڕەیی و خێرایی بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان ڕێژیمی پەشۆکاند و تەنانەت ئێرانییەکانیشی تووشی سەرسوڕمان کرد. بە هەڵکەوت، من دیسان ئەوکاتی لە تاران بووم. پچڕاندنی هێڵی ئینتەرنێت یارمەتیی نەکرد. بەسیج درێژەی بە لێدانی سەری خەڵک دا، بەڵام دەگەڵ دەستکردنەوەی ئێرانییەکان ئاکامی پێچەوانەی لێ کەوتەوە. بە کەڵکوەرگرتن لە هێزی لە ڕادەبەدەر، ڕێژیم شەقامەکانی ئارام کردەوە، بەڵام هەموو ڕووداوەکە هەناوی هێزە ئەمنییەتییەکانی هەژاند.

شەڕی دەروونیی کۆماری ئیسلامی

لە ئاکامدا ڕێژیم ڕووی کردە چین تا یارمەتی بکات بۆ ناسینەوەی ڕوخسار . کاتێک دوو ساڵ دواتر دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ناچارکردنی یانەی نیشتمانیی تۆپی پێی ئێران بۆ دۆڕاندنی کێبڕکێیەکی چوون بۆ پاڵەوانەتیی جیهانی تا پێش بە جەژن‌گرتنی تێکەڵی ژن و پیاو لە سەر شەقام بگرێ، ناڕەزایەتییەکان سەریان هەڵدایەوە، ڕێژیم وێنەی خۆپیشاندەرانی دەگرت و پاشان ئەوانی چەند ڕۆژ دواتر دەستبەسەر دەکرد، هێندێک جار پاش چەند حەوتوو و لە نیوەشەودا، کاتێک لە چاوی دنیا دوور بوون.

لایەنە بەد نییەتە ڕاستەقینەکەی ئەو ستراتیژییە ئەو کارانە بوون کە ڕێژیم دەگەڵ دەستبەسەرکراوەکانی کرد. زۆر جار، بەرەوڕووی سزای گەلێک دژوار دەبوونەوە. زۆر جار، دوای ئەوەی پۆلیس دەیبردنە بەندیخانەی ئێڤین، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەشکەنجەیان دەکردن. ژن و پیاو باسی لێدان، جاڕزکردنی سێکسی و، ئەشکەنجەی وەک سەر لە پیسایی‌نانیان کردووە. بەڵام ڕێژیم ئەوانی تا هەتایە لە بەندیخانەدا ڕانەدەگرت. لەجیاتان، ئەوان پشوویان دەدا بە زیندانییەکانیان بۆ کۆتایی حەوتوویەک یان ڕەنگبێ زۆرتریش. زیندانییەکان دەگەڕانەوە ماڵەکانیان و نە تەنیا ئەندامانی بنەماڵەکانیان، بەڵکو دۆست و هاوپۆلەکانیشیان دەیاندیت کە هەڤاڵ و خۆشەویستە بەندکراوەکانیان لە ڕوانگەی فیزیکی و دەروونییەوە ئەو کەسەی چەند حەوتوو لەوەپێش نین. پەیامەکە ڕوون بوو: سنوورێک ببەزێنی، ئەوە تۆش دەگرێتەوە. بۆ تەکمیل کردنی خراپەکارییەکەیان، ئەوانیان دەگێڕایەوە بەندیخانە.

ڕێکخستنەوەی سپای پاسداران بۆ تێکشکاندنی ناڕەزایەتییەکان  

ڕێبەرایەتیی ڕێژیم خێرا سەرنجی دا کە سەرەڕای هەوڵەکانی، ڕێژەی ناڕەزایەتییەکان ڕوو لە زیادبوونە. لە ٢٠٠٧، محەممەدعەلی جەعفەری ڕێبەرایەتیی سپای پاسدارانی گرتە دەست. لێکدانەوەی ناوبراو لەمەڕ ئەمنییەت لە بەرپرسی پێش خۆی، یەحیا ڕەحیم سەفەوی کە ئێستا ڕاوێژکاری سەربازیی تایبەتیی خامنەییە، جیاواز بوو. ئەو پێی وابوو کە هەڕەشەی نێوخۆیی بۆ سەر ڕێژیم لە هی هێزی دەرەکی زیاترە، بە تایبەتی دوای لە سێدارەدانی سەرکۆماری عێراق سەددام حوسێن. لەبەر ئەو هۆیە، جەعفەری سوپای پاسدارانی لە سەرڕا ڕێک‌خستەوە تا لە هەر پارێزگایەک یەکەیەک بکاتە بەرپرسی ئاسایشی هەمان پارێزگا. ڕوونکردنەوەی ئەوە کە ئاخۆ کارمەندانی ئەو یەکەیانە خۆجێین یان نا، بۆشایی هەواڵگریی واشینگتۆنە، هەرچەندە  وەڵامی ئەو پرسیارە ئەوڕۆ گرینگە، چونکە ئاشکرای دەکات ئاخۆ لە کاتی فەرمانی تەقەکردن لە جەماوەری سەر شەقام، خزمایەتی لە ئایدیۆلۆژی گرینگترە. لە ٢٠٠٩، ستراتیژیی گۆڕدراوی دژی ناڕەزایەتی کاریگەر بوو؛ ئەوڕۆ، ناڕوونە ئاخۆ بە هەمان شێوە دەبێ.

ڕێژیم بە هەمان شیوە ستراتیژیی دەستبەسەرکردنی پێشگیرانەی ئەو کەسانەی گرتۆتە بەر کە چالاکیی ئەوان لە هێڵە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان تێپەڕ دەبێ. ئەوە هۆی سەرەکیی ئەوەیە کە بۆچی ڕێژیم چالاکانی ژینگە و سەندیکا کرێکارییەکانی دەستبەسەر کرد.   

لە پەیوەندی لەگەڵ ئەمنییەتەوە، ڕێژیم پەیوەندییەکی ئاشق-نەفرەتیی بەرانبەر بە ئینتەرنێتەوە هەیە. هێنانەخواری خێرایی ئینتەرنێت و پچڕاندنی بەستەری ماڵپەڕەکانی سۆشیال‌مێدیا ستراتیژیی یەکلاکەرەوەی ڕێژیمە، بۆیە توانایی ئیلان ماسک بۆ هێنانەکایەی جێگرەوەیەکی ڕایەڵەی پەیوەندیگرتن گرینگە. هەر لەو کاتەشدا، لە دەستپێکی ناڕەزایەتییە ئابوورییەکانی ٢٠١٨، ئەو ڕێژیمە هەوڵی دا بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی سەرکردەکانی ناڕەزایەتییەکە کە ڕوخساری خۆیان بۆ ڕێگریی لە ناسرانەوە حەشار دابوو، کەڵک لە تویتەر وەرگرێ.

بەرەوڕووبوونەوەی سەدەیەک سەرکوت

خولیای دەوڵەت بۆ کۆنترۆڵی زانیاریی تەنیا بۆ پێشگرتن بە هاوئاهەنگیی خۆپیشاندەران نییە، بەڵکوو بۆ ئەوەیە بتوانن دوور لە چاوی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، تاوانە دژی مرۆڤایەتییەکانیان بەڕێوە ببەن. تەنانەت کاتێک ڕێژیم لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەراندا پێشکەوتنی وەدەست هێناوە، کەڵکوەرگرتن لە هێزی ڕووت دوایین تیری نێو کەوانی ئەو دەمێنێتەوە. ئەوە پێشینەیەکی مێژوویی هەیە. ڕەزا خان، ئەوکاتی کە ئەفسەرێکی قەزاقی پارس لە خزمەت ئەحمەد شادا بوو، بە گێڕاندنەوەی نەزم لە پارێزگاکاندا پاش دەیان ساڵ پشێوی، پلەی بەرز بۆوە. لەکۆتاییدا، لە ١٩٢٥، پارێزەری خۆی لە سەر کار لابرد و، بۆخۆی دەستی بەسەر تاج و تەخت داگرت. لە کاتێکدا کە بریتانیاییەکان لە پاشخانی جەنگی جیهانیی دووهەم و بە گومانی هاوسۆزیی بۆ ئاڵمان ئەویان لە کۆتاییدا لە سەر کار لابرد، محەممەدڕەزای کوڕی، ئەو شایەی کە لە شۆڕشی ئیسلامیی ١٩٧٩ لە سەر کار لابرا، بۆ گەڕاندنەوەی نەزم، پاش ژمارەیەک ڕووداوی جیاییخوازانە لە کۆتاییەکانی چلەکانی زایینی، ڕەچاوی هەمان شێوە کاری کرد.

کۆماری ئیسلامیی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو، کوردستانی ئێرانی لە ساڵەکانی دوای شۆڕشی ئیسلامی بە بێبەزەییەکی زیاتریش کردە ئامانج تا کوردەکان بەچۆک دابێنێ. ورووژاندنی ناسیۆنالیستیی کوردان و هەروەها ناسنامەی سوننی ئەوان لە ڕوانگەی دەوڵەتی ئەمنییەتیی ئێران دوو تاوانی ئەوان بوون. ئەوە بە هەڵکەوت نییە کە کوردەکان زۆرترین ڕێژەی قوربانییانی ناڕەزایەتییەکانی ئەو دواییانەیان داون.

کۆماری ئیسلامیی بێ شەڕ چۆک دانادا. لە کاتێکدا کە شەڕەکە هی ئێرانە و دنیای دەرەوە ناتوانی لە دەرەوەڕا سەرکەوتنی بەسەر دا بسەپێنێ، بۆ سەرکەوتنی خۆپیشاندەران، پێویستییان بە پشتگیریی ئەخلاقی و تەکنیکی هەیە. وەک دەستپێک، ستارلینکی ماسک . سەندیکا نێونەتەوەییەکان دەتوانن بە دراوی مانگرتن پشتگیریی کرێکارانی ئێرانی بکەن تا بتوانن هاوکات کە بژیوی بنەماڵەکانیان دابین دەکەن، ڕێژیم لە پەلوپۆ بخەن. ئەوە هەروەها یەکلاکەرەوەیە کە زەرەر نەگەیەنین: هەڵگرتنی ئابلۆقە و دانی دراوی زۆرەملی بە ئێران، ڕاستەوخۆ دەچێتە گیرفانی سپای پاسدارانەوە. کاتی ئەوە هاتووە پشوویەک بدرێ، ئەگەر سیاسەتی ئەوپەڕی زەختیش نەگەڕێندرێتەوە. ئەوە هەروەها یەکلاکەرەوەیە کە هەواڵەکان لە کوردستانەوە تا کیش و لە بوشەهرەوە تا بەلوچستان بە بەردەوامی بڵاو ببنەوە تا خۆپیشاندەران ببینن کە ئەوان بەشێکن لە جووڵانەوەیەکی مەزنتر و ئەشکەنجە دەرانیان تێبگەن کە بۆ هەر جۆرە پێشێلکارییەک ناچار بە وەئەستۆ گرتنی بەرپرسیاریی دەبن.