کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارودۆخی هەنووکەی کوردستان و ڕۆڵ و بەرنامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

15:41 - 18 خەزەڵوەر 2722

دیبەیت: کاروان مێراوی

ئاماژە: لە پاش سەرهەڵدانی ئەم جارەی کوردستان و ئێران کە نیزیک بە دوو مانگی تێپەڕ کردووە، شۆڕشی نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت خەبات و شۆڕشی لەمێژینەی نەتەوەی کورد لە کوردستانی داگیرکراو لەلایەن ئێرانەوە چووەتە قۆناغێکی نوێترەوە. بێگومان لەم شۆڕشەشدا کە هەنووکە لە کوردستان و ئێراندا ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانی وەزاڵە هێناوە، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، نەک تەنیا لە کوردستاندا، بەڵکوو لە هەموو ئێراندا ڕۆڵ و دەوری سەرەکیی هەبووە و بەرچاوترین بەڵگەش بۆ ئەم وابێژییە ڕاگەیەندراوەکانی ناوەندی هاوکاری بۆ مانگرتن و هاتنە سەرشەقامەکان و پێشوازیی خەڵکی کوردستانن. لەسەر ئەم پرسە و کۆمەڵێک پرسیار و دەنگۆ، لەم ژمارەیەی ڕۆژنامەی "کوردستان"دا دیبەیتێکمان لەگەڵ بەرپرسانی هەیئەتەکانی حیزبەکانی ئەندام لە ناوەندی هاوکاریدا پێک هێناوە. لەم دیبەیتەدا بەڕێز حەمەنەزیف قادری، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتی و بەرپرسی هەیئەتی حدکا لە ناوەندی هاوکاری، ئەبووبەکر مودەڕسی، جێگری سکرتێری گشتی و بەرپرسی هەیئەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە ناوەندی هاوکاری و هەروەها عەتا ناسری، ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی هەیئەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ناوەندی هاوکاری میوانی "کوردستان" دەبن.

کوردستان: هاوڕێیانی بەڕێز سەرەتا زۆر سپاس لەو دەرفەتەی کە بە ئێمەتان دا و لەم دیبەیتەدا بەشدار بوون. کاک محەممەدنەزیف، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە کاتی شەهیدبوونی شەهید ژینا بەدواوە بەردەوام لە ڕاگەیەندراوەکانیدا داوای لە خەڵک کردووە بڕژێنە سەرشەقام و شەقامەکان چۆڵ نەکەن، سیاسەتی ئێوە لە ئێستەدا چییە و بەرنامەی دیاریکراوتان بۆ درێژەدانی ئەم ڕەوتە لە شەقامەکاندا چییە؟

محەممەدنەزیف قادری: دوای گیرانی ژیناخان و بەرخوردی دژی مرۆڤانەی گەشتی ئیرشاد کە لەڕاستیدا جگە لە بیانووگرتن هیچ هۆکارێک بۆ گرتن و ئازاردان و سەرئەنجام بێبەزەیییانە شەهیدکردنی شەهید ژینا نەبوو، بڵاوبوونەوەی هەواڵی شەهیدکردنەکەی سەرانسەری ئێران، کوردستان و هەموو دنیای هەژاند و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و بەتایبەت ژنان و کچانی بوێر و بەهەڵوێستی یەکدەنگ هێنایە سەر خەت. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران هەم وەک باوەڕمەندبوونی بە مافی ژن و بەها مرۆییەکان لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە کچە کوردێکی بێتاوان کە دەبێتە قوربانیی سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی و بە دوور لە هەموو یاسا و ڕێسایەکی مرۆیی و نێودەوڵەتی شەهید دەکرێت، ئەرکی شۆڕشگێڕانەی نەتەوەییە کە ئەم تاوانە مەحکووم بکات و داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و گەلانی ئێران و ڕای گشتی بکات کە بێدەنگ و بێهەڵوێست نەبن. بۆیە هەر لەو پێوەندییەدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و داوای مانگرتن و خۆپێشاندانی لە ئێران و کوردستان و دەرەوەی وڵات کرد و بەخۆشییەوە بە وتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" پێشوازییەکی بەرین و بێوێنە لەو ڕاگەیەندراوەی ناوەندی هاوکاری کرا. ئەم مانگرتن و خۆپێشاندانانە کە دەربڕی دەنگی میلیۆنان خەڵکی ماف‌پێشێلکراوی ئێران و شەهیدکرانی هەزاران خەڵکی مافخواز و ئازادیخوازی گەلانی ئێران بوو، وەرزێکی نوێی لە خەباتی جەماوەری کردەوە و پەیامێکی یەکگرتوویی و پێکەوەبوون و یەکگوتاریی بۆ خەبات دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ خۆی هێنا کە لە مێژووی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلانی ئێراندا کەموێنەیە.

لەم خۆپێشاندانانەدا هەرچەند مرۆڤکوژانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەوڵیان دا بە هەڕەشە و گوڕەشە ئاوی چاوی خۆپێشاندەران بگرن و بە هێنانی هێزە دژەگەلییەکانیان ئاستەنگ بۆ خۆپێشاندەران دروست بکەن، بەڵام ئیرادەی ژنانی مافخواز و هەڵوێستی کوڕان و کچانی بوێر و بەگشتی گەلانی ئێران و خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان و پێشوازیی سەرجەم ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و کوردەکانی دەرەوەی وڵات، مێژوویەکی درەوشاوەی لە ئاستی ئێران و دنیادا تۆمار کرد. سیاسەتی ناوەندی هاوکاری و دیاریکردنی دروشمەکان کە سیاسەتێکی ئەوڕۆیییانە و ئازادیخوازانە بوو، هاندەر بوو بۆ ئەو یەکیەتی و یەکگرتوییە و هەر ئەوەش بوو زۆربەی زۆری ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و کوردستانی و کۆمەڵە ئێرانی و کوردستانییەکان و ڕاگەیاندنەکان لە ڕۆشنایی ئەو پەیامەی ناوەندی هاوکاریدا پشتیوانییان ڕاگەیاند و هاتنە ڕیزی خۆپێشاندەران. ئەو پەیامەی ناوەندی هاوکاری لەڕاستیدا پەیامی پێکەوەژیان و پێکەوە بوونیادنانی ئێرانی داهاتوویە. بەگشتی سیاسەتی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پێکەوە خەباتکردنە لەگەڵ هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئێران لەسەر باوەڕمەندبوون بە ئازادی، دێموکراسی، مافی گەلانی ئێران و بەها مرۆیییەکان، ڕۆڵی زیاتر بەخشین بە ژنان لە هەموو ڕەهەندەکانی سیاسی، یاسایی و... ئەم ئامانجەش تەنیا بە ڕووخانی ڕێژیمی ئێران و دامەزرانی سیستمێکی دێموکراتیک و پێشکەوتوودا خۆی دەنوێنێت.

کوردستان: وێڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە چل ڕۆژی خرۆشانی خەڵک لە شەقامەکانی کوردستان و ئێران بە دژی ڕێژیمی ئاخوندی، ئێوە وەکوو ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پێتان وایە ئەم خرۆشانەی خەڵک لە چوارچێوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیدا ماوەتەوە یان چووەتەوە چوارچێوەی شۆڕشێکی سەرانسەرییەوە.

ئەبووبەکر مودەڕسی: بە بڕوای من بێگومان ئەم ئاخێزە یان بە وتەی جەنابتان خرۆشانە، هەر زۆر زوو پەرەی سەند لە سەرتاسەری ئێران و بوو بە جووڵانەوەیەکی سیاسی – ناڕەزایەتیی سەرانسەری. ئەوەندەی من ئاگادار بم بە ئێستاشەوە کەس نییە لە ئێران و تەنانەت لە ئاستی نێونەتەوەییشەوە حاشا لەو ڕاستییە بکات کە ئێمە لەگەڵ شۆڕشێکی سەرانسەری بەرەوڕووین و گەلی کورد نەتەنیا دەستپێکی ئەو شۆڕشە سەرانسەرییە بووە و وەک جەرەقەیەک بۆشکەی بارووتی ناڕەزایەتیی پەنگخواردووی خەڵکی ئێرانی تەقاندەوە، بەڵکوو لە درێژەی خوێدا  وەک هێزی بزوێنەری ئەو شۆڕشە دەوری نواندووە. دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و ژینا ئەمینی وەک هێما و ڕەمزی ئەو بزووتنەویە قەبووڵ کراوە و نەتەنیا لە ئاستی ئێراندا، بەڵکوو لە ئاستی نێونەتەوەییشدا سەلماوە. ئەسپەردەکردنی ژینا  و خۆڕاگریی بنەماڵەکەی و پشتیوانیی بێوێنەی خەڵکی شارەکەی (سەقز) و دواییش کوردستان ئاگرەکەی بەردا و بۆشکە بارووتەکە و چلەکەشی بوو بە سەرهەڵدانەوەیەکی بەتین و گوڕتر بۆ درێژەدانی ئاخێزەکە. هەڵبەت لەو ناوە، بزووتنەوەی کوردیش دەسکەوتی گەورەی بۆ خۆی دەستەبەر کرد و لە ئاستێکی سەرانسەری وەک بزووتنەوەیەکی پێشکەوتنخواز ڕەوایی خۆی سەلماند. کێ دەیتوانی ساڵێک لەوەپێش بیری لەوە کردبایەوە کە کورد بە ئاڵای خۆیەوە و شان بە شانی گەلانی دیکەی ئێران و بە هەر بیروباوەڕێک، لە خۆپێشانداندا بەشداریی بکات. ئەم ئاخێزە گەورەیە و ئەو دەور و ڕۆڵەی کورد گێڕای، بەشی هەرە زۆری پروپاگەندە و تەبلیغاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەدژی کورد پووچەڵ کردەوە. هەڵبەت دەبێت بزانین کە ئەو ڕاستییانە بەو واتایە نییە کە هەموو کەس لە ئێران ئەوەی پێ خۆشە. ئاشکرایە کە دژایەتی لەگەڵ کورد هەیە و هەمیشە کەسانێک هەن دەیانهەوێت باوەشێنی بکەن. بۆیەش پێویستە کە ئەو دەسکەوتە واتە ئەو یەکگرتوویە لە نێوان بزووتنەوەی سەرانسەری و بزووتنەوەی کورد دەبێت بەردەوام کاری بۆ بکرێت و بپارێزرێت.

کوردستان: ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران تا چ ئاستێک لەسەر خرۆشانی شەقامی شارەكانی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، واتە شارەكانی تری ئێران، كاریگەریی هەبووە؟

عەتا ناسری: ناوەندی هاوكاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە دەنگدانەوە و كاریگەریی باشی لەنێو خەڵک و حیزب و لایەنە سیاسییەكاندا دروست كرد. ئەوەی كە هاوكاری و پێكەوەیی دوو كۆنسپێتی كۆمەڵە و دێموكرات كە ئەوكات لە قاڵبی چوار حیزبدا بوون و بەخۆشییەوە ئێستە و پاش یەكگرتنەوەی هەر دوو حیزبی دێموكرات، وەک دوو هێزی خاوەن جەماوەری لەنێو خەڵكی كوردستاندا دەنگدانەوەی باشی هەبوو. سەرەڕای كەموكۆڕییەكان ناوەند هەم لەناو خەڵكی كوردستان و هەم لەدەرەوەی كوردستان و لەنێو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و ئێرانیشدا توانی ببێتە مەرجەعێک.

پاش سەرهەڵدانی ئاخێزەكانی ئەم دواییە و لە یەكەم هەڵوێستی ناوەندی هاوکاریدا بەرانبەر بە شەهیدبوونی ژینا ئەمینی كە داوای مانگرتنی سەرانسەری لە هەموو خەڵكی كوردستان كرد، بەخۆشییەوە خەڵكی خەباتكاری كوردستان بەدەم بانگەوازەكەوە هاتن و وەک بینیمان مانگرتنێكی گشتیی سەرانسەری كوردستانی گرتەوە. دواتریش لە بەیاننامەكانی دیكەی ناوەندی هاوکاریدا ڕوو لە لایەنە ئێرانییەكان و ڕوو لە خەڵكی ناوچەكانی ئێران، زۆربەی شارەكانی ئێران بە شێوازی جۆراوجۆر ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانیان ساز كرد و پشتیوانییان لەكوردستان ڕاگەیاند. لە ئێستەدا كوردستان بووەتە مەكۆی هەموو ئازادیخوازان، لەخۆڕا نییە كە لە باكوور تا باشوور و لە ڕۆژهەڵات تا ڕۆژاوای ئێران، كوردستان بە سەنگەری ئازادی و خۆڕاگری دەناسرێت. حیزبەكانی ناوەندی هاوكارییش كە هەڵقوڵای هەر ئەو كۆمەڵگەیەن لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی نوێوە توانیویەتی چەندین بەرانبەر ببێتە جێگەی متمانە و بڕوای خەڵكی كوردستان و ناوچەكانی تری ئێران. ئەمە لە دەرەوەی وڵات لە سازكردنی ئاكسیۆن و خۆپیشاندانەكانی تاراوگەش بە ئاشكرا بەرچاوە و كوردستانییانی تاراوگە و ئەندامانی ناوەندی هاوكاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران شوێن‌پەنجەیان دیار و بەرچاوە. ئەگەرچی هەموو ئەو بوارانە بەبێ كەموكۆڕی نییە، بەڵام بەگشتی ناوەندی هاوكاری توانیویەتی لەم قۆناغە هەستیارەدا متمانەیەكی سەرانسەری بەرەو لای خۆی ڕابكێشێت و ببێتە مەرجعەعێک كە لە كاتە حەساس و چارەنووسسازەكاندا جەماوەری خەڵک بجووڵێنێت.

کوردستان: دەنگۆی ئەوە هەیە کە ناوەندی هاوکاری لە ماوەی ئەو ڕاپەڕینەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا لەگەڵ چەند کەسایەتی و ڕێکخراوی ئۆپۆزیسیۆنی فارسدا کۆ بوونەتەوە و ڕێککەوتننامەتان واژۆ کردووە، ئەمە تاکوو چەندە ڕاستە؟

ئەبووبەکر مودەڕسی: ئەو دەنگۆیانە پێشتر لە ڕاگەیەندراوێکدا لەلایەن ناوەندی هاوکارییەوە و هەروەها لە وتووێژی کەسایەتییەکانی حیزبەکانی ناوەنددا وەک یەک لەوانە هاوڕێ عەبدوڵڵای موهتەدی ڕەد کراوەتەوە، بۆیەش من بە پێویستی نازانم لێرەدا زۆرتری لەسەر بڕۆم. تەنیا ئەوەی پێ زیاد دەکەم کە بزووتنەوەی کورد و ناوەندی هاوکاری بە مافی خۆی دەزانێت لە پێناوی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەی کورددا لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی بزووتنەوەی سەرانسەریی ئێران و هەر کات پێویست بێت دیالۆگ و هاوکاری بێت.

کوردستان: لە ئەگەری سەركەوتنی ئەم ڕاپەڕینە و ڕووخانی ڕێژیمدا، ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران چە ئامادەكاریگەلێكی كردووە و بەگشتی چ بەرنامەیەكی هەیە؟

عەتا ناسری: ناوەندی هاوكاری زیاتر لە دوو ساڵە چەندین بەڵگەنامە و گەڵاڵەی سەبارەت بە تەعامول و پێوەندیی ناوەندی هاوکاری بۆ نموونە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، پێوەندیی نێودەوڵەتی، پێوەندی لەگەڵ حیزبە كوردستانییەكان و ... هتد ئامادە كردووە كە هەندێكیان پەسەندكراون و هەندێكیان كاری لەسەر دەكرێت. یەكێک لەو بەڵگەنامانە باس لە پرسی كوردستان و ئێران لە پاش ڕووخانی ڕێژیم دەكات و بۆ پێشگرتنە لە هەر ڕووداوێكی نەخوازراو لە داهاتوودا. ئەم گەڵاڵەیە حیزبەكانی ناوەندی هاوکاری بەرپرسیار دەكات و مەترسییەكانی شەڕی ناوخۆیی ناهێڵێت. كۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە زۆر ڕووەوە پێشكەوتوو و ئەمرۆیییە. هەر لە بزوتنەوەكەی كە بزاڤێكی ئازادیخواز و سێكۆلار و پێشكەوتووە هەتا بەرزبوونەوەی ئاستی رۆشنبیریی خەڵک بۆ پاراستنی ژینگەی نیشتمانەكەی و ئەو هاوكاری و بەدەم یەكەوەبوونی خەڵک لە كاتی قەیران و كارەساتەكاندا. ئەمە لە كەم كۆمەڵگەدا بەتایبەتی لە دراوسێیەكاندا بەرچاو دەكەوێت. بۆیە حیزبەكانیش كە هەڵقوڵاوی ئەو كۆمەڵگەیەن دەبێت لە ئاستی ئەو بەرپرسیارەتییەدا بن، نابێت و بۆ كەس هەزم ناكرێت كە لە پاش ڕووخانی ڕێژیمەوە لە شاری سنە تا مەهاباد 6-7 بازگەی حیزبەكان، هەر حیزبە و بۆخۆی دابنرێت. هەر لە ئێستەوە دەبێت بیر لە یەكخستنی هێزی پێشمەرگە بكرێتەوە و كوردی رۆژهەڵاتیش بە دەدری كوردی باشوورەوە نەچێت كە هەر بەرپرس و دەسەڵاتدارێک بۆ خۆی فەوجێک پێشمەرگەی هەبێت. گەڵاڵەكە چەندین ڕەهەندی گرنگی دیكە وەک بواری ئابووری، یاسایی و ... لەخۆ دەگرێت و حیزبەكانی ئەندامی ناوەندی هاوکاری بەجیددی سەرقاڵی پێداچوونەوەیەن و لە داهاتوویەكی نزیكدا پەسەند دەكرێت.  

کوردستان: چل ڕۆژ لە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ئێران تێپەڕی، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران چەندە توانیویەتی سەرەنج و پاڵپشتیی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ ئەو ڕاپەڕینە ڕابکێشێت؟

محەممەدنەزیف قادری: لە کەس شاراوە نییە کە ناوەندی هاوکاری و پشتیوانیی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پشتیوانیی ڕای گشتیی ئێران، کوردستان، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ڕۆڵی ڕێبەران و نوێنەرایەتی و ئەندامانی تێکۆشەری حیزبەکان و کەسایەتییەکان، هونەرمەندان، ڕۆژنامەنووسان، وەرزشوانان و هەموو چین و توێژەکان بەتایبەت ڕۆڵی مێژوویی و چالاکانەی ژنان، ڕیژیمی ئیسلامیی ئێرانیان ئەوەندەی تر بێزراو کرد. ئەم خۆپێشاندان و چالاکییانە کاریگەریی بە ڕادەیەک بوو کە لەلایەن چەندین وڵاتەوە گەمارۆی خرایە سەر و مەحکووم کرا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی سیاسی و ئەمنییەتی خرانە لیستی گەمارۆکانەوە، هەر لەو پێوەندییەدا کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەری مافی مرۆڤ و نوێنەری تایبەتی ئەو ڕێکخراوە بەفەرمی ئەم تاوانەیان مەحکووم کرد.

ئەو ڕووداوە بەگشتی ترسی خەڵکی لە ڕێژیم شکاند و قۆناغێکی نوێی لە خەبات دژی ڕێژیم کردەوە کە هیوابەخشە بۆ گەشەکردن و گشتگیربوونی خۆپێشاندانەکان. گەلی کورد و بزووتنەوەی کوردستان ئەگەر لە سەرەتای شۆڕشەوە تا ئێستە سمبۆلی بەرگری و خەبات و بەرخۆدان لە بەرانبەر دیکتاتۆری و کۆنەپەرستیدایە، لەم بڕگەیەش لە خەباتدا بوونەوە بە هێمای یەکیەتی و یەکگرتوویی لە سەرانسەری ئێراندا. من لەو باوەڕەدام مێژوو ئەم ڕۆڵگێڕانە بە شانازییەوە باس دەکات و ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانیش وەک ئیرادەی گەلی کورد بە بەرچاو ڕۆشنیی زیاترەوە بە هاوکاریی حیزبە نیشتمانپەروەرەکانی کوردستان، گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات بە ئاوات و ئامانجەکانی دەگەیەنێت. خۆپێشاندانەکانی چلەی شەهید ژینا ئەمینی و بەپیرەوەهاتنی خەڵک بە بانگەوازی ناوەندی هاوکاری، جارێکی تر دەوری ناوەندی لە دەربڕینی ئیرادەی گەلدا دەرخست.