هاوپەیمانیی سیاسیی "هاوپێوەندیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران"، بەبۆنەی ١ی مەی، ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە ژیانی میلیۆنان کرێکار و مووچەبگیر، لە نێوان قەیرانی ئابووری و دەرهاویشتە وێرانکەرەکانی شەڕدا بەرەو هەڵدێر دەچێت.
بەیاننامەکە باس لەوە دەکات کە ١ی مەی ئەمساڵ لە دۆخێکی نائاساییدا دێتە پێشێ؛ وێرانبوونی ژێرخانەکان، داخرانی کارخانەکان و بێکاریی بەکۆمەڵ، نەک هەر بژێوی، بەڵکوو ئەمنییەتی ژیانی خەڵکیشی خستووەتە مەترسییەوە. لەم نێوەدەدا، ڕێژیم بە توندکردنەوەی کەشی ئەمنییەتی، ڕێگری لە هەر چەشنە ناڕەزایەتی و بەرگرییەکی مەدەنیی کرێکاران دەکات.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە کێشەی کرێکار لە ئێران تەنیا مووچە نییە، بەڵکوو کێشەی "بێمافی و نەبوونی دەسەڵاتە". هەژاریی سیستماتیک، جیاکاریی ڕەگەزی بەرانبەر ژنانی کرێکار و چەوسانەوەی کرێکارانی کۆچبەر و پەراوێزخراو (وەک کۆڵبەر و سووتەمەنیبەر)، ئەنجامی نەزمێکی نادادپەروەرە کە مرۆڤ دەکاتە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات.
هاوپێوەندیی گشتگیر جەخت دەکاتەوە کە هیچ گەشەپێدانێک لەسەر وێرانەی ژیانی کرێکاران جێگیر نابێت. هەر بۆیە داوای "ئازادیی ڕێکخراوەیی، مافی مانگرتن، دەستمایەی گونجاو و کۆتاییهێنان بە سیاسەتە ئەمنییەتییەکان" دەکات و ڕزگاریی کۆتایی لە گرەوی یەکگرتوویی هەموو بزووتنەوە مەدەنی و دێموکراتیکەکاندا دەبینێت.