کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی سێناتۆرێکی ئەمریکا لە نزیکبوونی هێرش بۆ سەر کۆماری ئیسلامی

14:45 - 11 بانەمەڕ 2726

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "سی ئێن ئێن"، سێناتۆرێکی حیزبی دێموکراتی ئەمریکا بە پشتبەستن بە زانیارییە نهێنییەکان هۆشداری دا کە ئەگەری ڕوودانی هێرشێکی سەربازی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لە داهاتوویەکی نزیکدا زۆر بەهێزە.

ڕیچارد بڵومێنتال لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "سی ئێن ئێن" ڕایگەیاند: ''بەپێی ئەو زانیارییانەی لە کۆبوونەوە ڕاوێژکارییەکاندا پێمان گەیشتووە و هەروەها سەرچاوەکانی دیکە، لەو باوەڕەدام کە بابەتی هێرشێکی سەربازیی نزیک، بەتەواوی لەسەر مێزە.''

 ناوبراو ئەم ئەگەرەی بە  زۆر نیگەرانکەر"وەسف کرد و وتی، کارێکی لەو شێوەیە دەتوانێت گیانی هێزەکانی ئەمریکا بخاتە مەترسییەکی جیددییەوە و ببێتە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک.

ئەم سێناتۆرە دێموکراتە ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی نهێنیبوونی بابەتەکەوە ناتوانێت وردەکاری زیاتر بخاتە ڕوو، وتیشی: ''بە هیچ دڵنیاییەک ناڵێم کەی ڕوو دەدات، بەڵام وەک پلانێکی ئەگەری، بەتەواوی لەسەر مێزە.''

بڵومێنتال ڕایگەیاند کە ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا نابێ بۆ هیچ کەسێک جێگەی سەرسووڕمان بێت، چونکە فەرماندە باڵا سەربازییەکان کە بەشدارن لەم پرسەدا، ماوەیەکی زۆرە لەمبارەیەوە قسە دەکەن.