کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵمەتی "تووڕەیی ئابووری"ی ترامپ دژی ڕێژیمی ئێران

15:44 - 11 بانەمەڕ 2726

هاوکات لەگەڵ توندبوونی گەمارۆکان، گوشارە ماڵییەکان و ڕێکارە دەریایییەکانی ئەمریکا دژی ئێران، ئەم پرسە هاتووەتە ئاراوە کە ئایا ئەم گوشارە بێ وێنەیە دەبێتە هۆی لاوازکردنی ڕێژیم، یان تاران وەک جارەکانی پێشوو بەرگەی دەگرێت؟

دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ لە ڕێگەی هەلمەتێکەوە بە ناوی "تووڕەیی ئابووری" (Economic Rage)، هەوڵەکانی بۆ گۆشەگیرکردنی تاران چڕتر کردووەتەوە.

 سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ڕۆژی سێشەممە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕایگەیاند کە ئەم هەڵمەتە توانیویەتی ڕێگری لە گەیشتنی "دەەیان میلیارد دۆلار" داهات بە ڕێژیمی ئێران بکات، کە بڕیار بوو بۆ پاڵپشتی لە تێرۆریزم خەرج بکرێن. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی ئەم گوشارانەوە، ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێران دوو هێندە بووە و بەهای دراوی میللی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

بێسێنت هۆشداریی دا کە دوورگەی "خارک" وەک ناوەندی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئێران، خەریکە توانای کۆگاکردنی تەواو دەبێت؛ ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و ڕۆژانە نزیکەی ١٧٠ میلیۆن دۆلار زیان لە داهاتی ئێران دەدات.

بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی ئەمریکا بە "فاکس نیوز"ی ڕاگەیاندووە کە وەزارەتی خەزێنەداری، ئەمجارە بازنەی گوشارەکانی تەنیا لە گەمارۆ کلاسیکییەکاندا نەهێشتووەتەوە، بەڵکوو ڕێگەکانی گواستنەوەی پارە، بانکداری، دراوە دیجیتاڵییەکان و تۆڕە بازرگانییە شاراوەکانی ئێرانی کردووەتە ئامانج.

لە لایەکی دیکەوە، هەندێک لە شرۆڤەکاران گومانیان لە کاریگەریی کۆتاییی ئەم گوشارانە هەیە. عەلیڕەزا نادر، شرۆڤەکاری سیاسی لە واشنگتۆن، دەڵێت ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی پێشتر نیشانیان داوە کە بۆ پاراستنی دەسەڵات، ئامادەن تێچوویەکی زۆر بخەنە سەر شانی کۆمەڵگە، بۆیە دوورە تەنیا "گەمارۆی ئابووری" ببێتە هۆی شکانی یەکجاریی ڕێژیم. بە بڕوای ئەو، تاران پێی وایە لەم ململانێیەدا دەتوانێت سەرکەوتوو بێت و بەرگەی گوشارەکان بگرێت.