مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند کە تاوان و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئیرادەی سەرکەوتنی تێدا بەهێزتر کردووین.
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تویتێکدا و لە کاردانەوە بە هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات نووسیویەتی: "زۆر لەمێژە حکوومەتەکان لە تاران بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و نامرۆڤانە پیلانمان لەدژ دەگێڕن، قەڵاچۆمان دەکەن، ڕێبەرانمان تێرۆر دەکەن، ڕۆڵە شۆڕشگێڕەکانمان لێ شەهید دەکەن، وڵاتمان خاپوور و تاڵان دەکەن، تەنیا بە تاوانی کوردبوونمان. بەڵام ئێمەی کورد باکمان نییه و بەرەنگاری دوژمنانمان بووینەتەوە.
بەڕێزیان لە درێژەدا دەڵێت: ئەو پلان و پیلانانەی دوژمن نەک هەنگاوی خەبات و ڕەوتی شۆڕشی پێ شل نەکردووین، بگرە ئەو جینایەتانە گڕ و تینی خەبات و گیانفیداییمانی زیاتر کردووە و ئیرادەی سەرکەوتنمان بەهێزتر بووە.
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆتایی پەیامەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر ئەو بابەتە کە ئێستا دەنگ و هاواری پەراوێزخراوەکان، نەتەوە بندەستەکان و سەرجەم ئازادیخوازانی ئێران لە جیهاندا دەنگی داوەتەوە و، پەیام و زایەڵەی مەرگ و نەمانی بە گوێی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا گەیاندووە، بۆیە بێگومان ئێمە سەر دەکەوین.