کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆڕانکاریی پێکهاتەیی لە وەزارەتی ئیتلاعات؛ پەرەپێدانی چاودێریی ڕاستەوخۆی ڕێبەری ڕێژیم بەسەر دەزگا ئەمنییەتییەکاندا

11:14 - 1 سەرماوەز 2726

پلانی هەموارکردنەوەی یاسای وەزارەتی ئیتلاعات بە دروستکردنی دوو ڕێکخراو بۆ "حفازەتی ئیتلاعات" و "عەقیدەتی سیاسی"، بەشێک لە دەسەڵاتەکانی ئەم وەزارەتخانەیە لە چاودێریی دەوڵەت دەردەهێنێت و دەیداتە دەزگاکانی سەر بە ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.

عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم، باسی لە ئەگەری پەسەندکردنی ئەم پلانە کردووە؛ پلانێک کە بە ١٩٢ دەنگی ئەرێنی پەسەند کراوە، بەڵام هێشتا پەسەندکردنەکەی کۆتایی پێنەهاتووە.

بەپێی بڕگەکانی پلانەکە، سەرۆکی هەردوو ڕێکخراوی نوێ بە فەرمانی ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دادەمەزرێن، لە کاتێکدا وەزیری ئیتلاعات هەر لەلایەن سەرۆککۆمارییەوە دەناسێنرێت و بە دەنگی مەجلیس هەڵدەبژێردرێت.

 ئەم گۆڕانکارییە دەتوانێت پێکهاتەی بەڕێوەبەریی وەزارەتخانەکە بگۆڕێت و بەرپرسیارێتییەکەی بەرانبەر دەوڵەت و مەجلیس سنووردارتر بکات.

حسێن تائیب، سەرۆکی پێشووی وەزارەتی ئیتلاعاتی سپا، پشتیوانیی خۆی بۆ ئەم پلانە دەربڕیوە. هاوکات، لابردنی مەرجی ئیجتیهاد بۆ وەزیری ئیتلاعات و ناساندنی کەسانی ئەگەری بۆ جێگرەوەی وەزیر، بووەتە تەوەرەی باسە سیاسییەکان.