محەممەد جەماڵیان، ئەندامی کۆمیسیۆنی تەندروستیی مەجلیسی ڕێژیم، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە کەرتی دەرمان لە ئێراندا، بەتایبەتی لە بواری دەرمانەکانی چارەسەری شیمیایی و پێداویستییەکانی دیکەی نەخۆشانەوە، ڕووبەڕووی دوو قەیرانی گەورە بووەتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەکیترین کێشە بریتییە لە هەڵکشانی بەردەوامی نرخەکان کە چیتر لە توانای ماڵیی هاووڵاتییاندا نەماوە.
بە وتەی ئەم نوێنەرەی ڕێژیم، بارگرانیی دارایی ئەوەندە زۆرە کە هەندێک لە نەخۆشەکان سەرەڕای هەبوونی بیمەی تەندروستیش، ناچارن مانگانە بڕی ٧٥ میلیۆن تمەن تەنیا بۆ دابینکردنی دەرمانەکانیان خەرج بکەن.
جەماڵیان ڕوونیشی کردەوە کە کێشەی دووەم بریتییە لە کەمبوون و دەستنەکەوتنی هەندێک لە جۆرەکانی دەرمان لە بازاڕەکاندا، هەرچەندە جەختی کردەوە کە گرانیی نرخەکان قەیرانە سەرەکییەکەیە و ژیانی نەخۆشانی خستووەتە مەترسییەوە.