کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تانکێر تراکێرز پڕوپاگەندەی جووڵەی نەوتهەڵگرێکی ئێرانی بۆ شکاندنی گەمارۆی دەریایی بە درۆ خستەوە

12:32 - 1 سەرماوەز 2726

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران و پڕوپاگەندەی بەرپرسان و میدیاکانی سەر بە ڕێژیم بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆیە، کۆمپانیای بەدواداچوونی نەوتهەڵگرەکان، "تانکێر تراکێرز"، ئەو هەواڵانەی بە درۆ خستەوە کە باسیان لە جووڵەی نەوتهەڵگرێکی ئێرانی بەرەو دەریای عومان دەکرد.

ئەم کۆمپانیایە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئیکس" بڵاوی کردەوە کە ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە جووڵەی نەوتهەڵگرێکی ئێرانی بە ناوی "خەت‌شکێن" بەرەو دەریای عومان بۆ شکاندنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا هیچ بنەمایەکی نییە و لە بنەڕەتدا نەوتهەڵگرێکی وا بوونی نییە.

تانکێر تراکێرز ڕوونی کردووەتەوە کە ئەو زانیارییانەی لە ڕێگەی سیستەمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی کەشتییەکانەوە نێردراون هەڵەن و وێنە ماهوارەییەکانیش جووڵەی هیچ کەشتییەکی لەو شێوەیە پشتڕاست ناکەنەوە.

ئەم درۆخستنەوەیە لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەواڵگەلێک سەبارەت بە بارکردنی نەوتهەڵگرە ئێرانییەکان لە دوورگەی خارک بە مەبەستی شکاندنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بڵاو کرابوونەوە و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێرانیش، ڕۆژی هەینی جەختی لەسەر پێویستیی شکاندنی ئەو گەمارۆیە کردبووەوە.

لە لایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام)، ڕۆژی شەممە ٣٠ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند کە گەمارۆی دەریایی سەر ڕێژیمی ئێران پێی ناوەتە ١٣٠ـەمین ڕۆژی بەردەوامی خۆیەوە.